سەرەکی » دۆسێ » بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلاردا جێگیر دەبێت

پلانێكی پێنج ساڵییە

بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلاردا جێگیر دەبێت

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، بەهای خەرجی دیناری عیراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكایی، پارێزگاریی لەخۆی دەكات و رەوشی ئێستای دراوەكەش تا پێنج ساڵی داهاتوو بەم شێوەیە دەمێنێتەوە، ئەم راگەیاندنەش لەلایەن هەندێك لە چاودێرانەوە بە ئەرێنی و دڵنیاكەرەوە بۆ هاووڵاتیان و بازرگانان لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، پاش ئەوەی داواكارییەكی گەورە لەسەر كڕینی دۆلار دروستبوو لە ترسی سەرلەنوێ‌ گۆڕانی بەهای دینار.

بانكی ناوەندی عیراق لە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو، بڕیاریدا گۆڕانكاریی بەسەر بەهای خەرجی دیناردا بهێنێت لەبەرامبەر دۆلار، ئەمەش لە چوارچێوەی چارەسەرێكی خێرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی دارایی كە رووی لە وڵات كرد و بووە مایەی لەگەڕخستنی حكومەت لەڕووی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران كە بڕی مانگای دەگاتە نزیكەی 5 ملیار دینار، ئەمەش لەڕێی كەمكردنەوەی بەهای دینار لە 1120 دینار بۆ دۆلارێك بۆ 1450 دینار لەبەرامبەر دۆلارێك، ئەمەش جیاوازییەكی گەورەی لەنێوان داهاتەكانی وڵات و دراوی قورسی فرۆشتنی نەوتدا دروستكرد، لەگەڵ ئەو بڕەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دادەنرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا، بووە مایەی بەرزكردنەوەی نرخی شتومەك و پێداویستییەكان بەرێژەی زیاتر لەسەدا 30.

ئاژانسی دەنگوباسی عیراقیە (واع) لە زاری ناجی سەعیدی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردەوە»بەهای خەرج لەم دۆخەی ئێستایدا دەمێنێتەوە (1450 دینار بۆ یەك دۆلار)، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو».

بە وتەی سەعیدی»حكومەت پێداگرە لەسەر جێبەجێكردنی ئەم پلانە بۆ مەبەستی هێنانەدی پێنج ئامانحی سەرەكی، یەكەمییان دارایییە كە بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنانە لە بودجەی گشتی، ئامانجی دووەم ئامانجێكی نەختینەیە لەڕێی زیادكردنی یەدەگەكان، ئامانجی سێیەمیش زیاتركردنی كێبڕكێی بەرهەمی ئێستایە لەنێو وڵات بەڕووی كاڵا هەناردەكراوەكانی تر بۆ وڵاتانی دەوروبەر، ئەمەش ئەو ئامانجە سەرەكییەیە كە حكومەت هەوڵی بۆ دەدات لەڕێی پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەدا».

وێڕای دیاریی كردنی بەهای دیناری عیراقی لە رۆخی 1450 دینار بۆ یەك دۆلار، بەڵام نرخەكان تائێستا بەرزتر تۆماردەكەن لەو نرخەی لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بڕیاریی لەسەر دراوە كە رۆژانە تێكڕای نزیكەی 160 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت بە كۆمپانیا دارایی و بانكەكان بە مەبەستی پارێزگاریی لە بەهای خەرجی ئێستا.

ماوەیەكە بەهای دینار لە بۆرسەكانی بەغدا و هەولێر، 1480 دینار بۆ یەك دۆلار تۆمار دەكات.

لەو بارەیەوە محەمەد هاشمی، پسپۆڕ لە كاروباریی دارایی عیراق بە میدیا عەرەبییەكانی راگەیاندووە»تەئكیدكردنەوە لەسەر بەردەوامبوونی بەهای ئێستای دینار، راگەیاندنێكە لەلایەن حكومەتەوە بۆ بازرگان و خاوەن كارەكان، تەنانەت لەسەر ئاستی هاووڵاتیانیش سەبارەت نەسڵەمینەوە لەوەی پارەكانیان بكەنە دراوی نیشتمانی».

هاشمی دەڵێت» عیراقییەكان زیانێكی گەورەیان كرد و ئەو زیانەش گەیشتە لەسەدا 30ی پارە پاشەكەوتكراوەكانیان، كاتێك بڕیاری گۆڕینی بەهای خەرجی دەرچوو، بۆ نمونە ئەوەی 24 ملیۆن دیناری هەبوو و بەهاكەی دەیكردە 20 هەزار دۆلار، لە دوای گۆڕینی بەهای خەرج، لەئێستادا ناكاتە زیاتر لە 16 هەزار دۆلار یان كەمتر، ئەمەش وای لە هاووڵاتیان و خاوەن بەرژەوەندییەكان كرد، بگەڕێنەوە بۆ كلتوری پاشەكەوتكردن بە دۆلار كە بووە مایەی بەرزبوونەوەی داواكاریی لەسەر دراوە ئەمریكاییەكە لە بازاڕەكانی ناوخۆ».

پێشتر مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاریی دارایی سەرۆك وەزیران رایگەیاندبوو، سیاسەتی نەختینەی نوێی وڵات، پارێزگارییە لەسەر جێگیركردنی بەهای خەرج.

بە وتەی ساڵح»دابەزاندنی دراوی نیشتمانی لەبەرامبەر دۆلار، پشتی بە بڕیارێك بەست بۆ یەك جار، پشتی بە سیستمێكی چەسپاو بەست بۆ خەرجی»، ئەمەش وەك تەئكیدكردنەوەیەك لەسەر نەبوونی گۆڕانكارییەكی نوێ‌ لە بەهای خەرج لەم كاتەدا.

تەنگژەیەكی ئابوری تر بەسەر شەقام و بازاڕی عیراقدا هات كە خۆی لە جێبەجێكردنی پاكێجی سپیدا بینییەوە و لەلایەن حكومەتی عیراقەوە پێشتر قسەوباسی زۆری لەبارەوە كرا، یەكەم هەنگاوی گۆڕانكارییەكانیش خۆیان لە بەرزكردنەوەی بەهای خەرجی دۆلاردا بینییەوە بۆ 1450 دینار، دوای ئەوەی 1120 دینار بوو، ئەمەش كرایە بەهاەیەكی بەكارهاتووی فرۆشتن لەلایەن وەزارەتی دارییەوە بۆ بانكی ناوەندی.

رێكارەكانی پاكێجی سپی، وەك پێشتر عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی وەزیری دارایی باسی كردبوون، خۆی لە رێكارە داراییە پێویستەكاندا دەبینێتەوە كە لەگەڵ جێبەجێكردنیدا بارگرانییەكانی لەسەر چینی هەژار و مامناوەند زیاتر كرد.

وەزیری دارایی رایگەیاندبوو، ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی دارایی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان، زانیارییان هەبووە لەوەی كە حكومەت ئەو رێڕەوە دەگرێتەبەر، لەو بارەیەشەوە حكومەت لەلایەن هەموو وڵاتە گەورەكان و سندوقی نێودەوڵەتی نەختینە و بانكی نێودەوڵەتییەوە بۆ پاكێجی سپیی چاكسازیی، پشتیوانی لێكرا.

بانكی ناوەندییش كە پەیوەندیداریی یەكەمە لەو رووەوە، رایگەیاندبوو، گۆڕانكاریی (دابەزاندنی بەهای دیناری عیراقی) تەنیا بۆ یەك جارە و دووبارە نابێتەوە.

بانكی ناوەندی بۆ پاڵپشتی لە یەدەگی بیانی، بەرگری لەو بەهایە و جێگیربوونی دەكات كە تائێستاش ئاستێكی باشی هەیە و دەتوانێت لەسەر هەنگاوەكانی بەردەوام بێت.

بانكی ناوەندی هۆكاریی هەنگاوەكەی بۆ ئەو تەنگژە داراییە گێڕابۆوە كە بەهۆی پەتای كۆرۆنا بەسەر عیراقدا هات و بووە مایەی كەمبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی ئاستی داهاتە نەوتییەكان و كورتهێنانێكی گەورەی لە بودجەی گشتیدا لێكەوتەوە، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی وەزارەتی دارایی قەرز لە بانكەكان بكات بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ بانكی ناوەندی كە بڕێكی گەورەی بەسەردا داشكابوو، لەپێناو دابینكردنی مووچە و فەراهەمكردنی پێداویستییەكانی تری خەرجی پەیوەست بەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێن.

 184 جار بینراوە