سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » نان وەک پێداویستییەکی سەرەکی

نان وەک پێداویستییەکی سەرەکی

بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و گەنم لە هەرێمی كوردستان گرانبوونی نرخی نان و سەموونی لێكەوتەوە، ئەمەش خاوەن نانەواخانە‌ و سەمونخانەكانی هێنایە دەنگ و دوو داواكارییان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندار كرد، لەوانە دابەزینی نرخی ئارد و كەمكردنەوەی خەرجیەكانی كارەبا ‌و باج و سووتەمەنی، دووەم بچووككردنەوە یان كەمكردنەوەی ژمارەی نان و سەموون.

لە بەرامبەردا ئابووریناسان و لێپرسراوانی بازرگانی هەرێم گرانبوونی نرخی ئاردیان بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوە، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی و وشکەساڵی، هاوكات گرانبوونی نرخی گەنم لە بازاڕەکانی جیهانی.

بە ناچاری نانەواخانە و سەمونخانەكانیان دادەخەین
حاجی ئەحمەد وەك نوێنەری خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەكان لە کاتی بەرێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزایی کە بۆ ئەو مەبەستی لەبەردەم قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر بەرێوەچوو، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: گرانبوونی نرخی ئارد زیانێکی زۆر بە ئێمە دەگەیەنێت، بۆیە کاتێک حکومەت دەڵێت نابێت گۆڕانکاری لە نرخەکانی سەموون و نان بکەن، ناتوانین بەمجۆرە لەکارکردن بەردەوام بین.

وتیشی: یەكێك لە بژاردەكانی ئێمە كەمكرنەوەی هەشت نان بۆ شەش و دە سەموون بۆ هەشت دانەیە، بە پێچەوانەوە ئەگەر رێگامان پێنەدرێت وەك بژاردەی دووەم بە ناچاری نانەواخانە و سەمونخانەكانمان دادەخەین.

هەروەها نوێنەری نانەواخانە ‌و سەمونخانەكان لە هەولێر رەخنەی لە لیژنەكانی قائیمقامیەتی هەولێر گرت، كە بەبێ رەچاوكردنی بەرژەوەندی نانەواخانە و سەمونخانەكان بڕیاری داخستنی هەندێك لەو شوێنانەی داوە، پێشیوابوو ئەو بڕیارە جگە لە زیان گەیاندن بە خەڵكی كاسب هیچ سودێكی نییە.

هونەر فارس وەك یەكێك لە خاوەن نانەواخانەكانی شاری هەولێر باسی كێشەی گرانبوونی ئاردی كرد و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: وەك نانەواخانەیەكی شاری هەولێر لە گرانبوونی نرخی ‌و ئارد زەرەرمەند دەبین، چونكە پێش ئەو گرانبوونە نرخی یەك فەردە ئارد تەنیا 22 هەزار دینار بوو، كەچی ئێستا بۆ سەرووی 40 هەزار دینار بەرزبۆتەوە.

گرانبوونی ئارد
وتیشی: وەک نانەواخانەکان لە یەك فەردە ئارد نزیكەی 800 نانی لێ دروست دەكەین، ئەگەر دابەشی هەشت نان بكرێت کە بەهەزار دینار دەفرۆشێت، كەواتە كۆی ئەو داهاتەی لەو فەردە ئاردە دەستدەكەوێت 100هەزار دینار، ئەگەر 40 هەزار دیناری نرخی فەردە ئارادەكەی لێدەربكەی، 60 هەزار دەمێنێتەوە، ئەمە جگە لە كرێی دوكان و پارەی وەستا و نانەوا‌و هاوكارەكانی، غاز و كارەبا، كەواتە لە كۆتاییدا ئێمە هیچ قازانج ناكەین.

خاوەنی ئەو نانەواخانەیە ئاماژەی بەوەشكرد: گرانبوونی نرخی نان و سەمون لەسەر هاوڵاتی بەدڵنیایەوە جگە لەوەی هاوڵاتیان زەرەرمەند دەبن، هاوكات بازاڕی ئێمەش لاواز دەبێت، چونكە خەڵكی بەهۆی ئەو قەیران و بارودۆخە ئابوورییەی تێیکەوتووە، توانای دارایی كزبووە و لە هەر گرانبوونێك كاریگەری لەسەر دروست دەكات، بۆیە لەو كاتەدا داواكاری لەسەر نان ‌و سەمون كەمتردەبێتەوە، ئەمەش زیانێكی ترە و بەر ئێمە دەكەوێت.

پێشیوابوو: بەردوامبوونی گرانیی نرخی ئارد چاوەڕوان دەكرێت نەوەك بەس ئێمە بەڵكو تەواوی نانەواخانە‌ و سەمونخانەكان دابخرێت، ئەمەش بەگشتی زیان بە هاوڵاتیان و ئەو كاسبكارانە دەگەیەنێت كە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو كار و كاسبیەیە.

لە لایەن خۆیەوە د. ئەرشەد تەها ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە ئەنجامی بڕیاری بانكی ناوەندی عیراق بۆ دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار وایكرد هەموو ئەو كاڵا و شمەكانەی لە دەرەوە هاوردە دەكرا نرخەكەیان بەرزبێتەوە، بۆ ئەمەش بەشێك لە بازرگانان دابەزینی بەهای دیناری عیراقیان قۆستەوە، بەجۆرێك نرخی ئەو كاڵایانەشیان بەرزكردەوە كە پەیوەندی بە دۆلارەوە نەبوو، بۆیە گرانبوونی نرخی ئارد و گەنم دەچێتە چوارچێوەی ئەو گرانبوونە.

وشكەساڵی و كەمی بەرهەمەكان
ئەو ئابووریناسە وتیشی: هۆكارێكی تری گرانبوونی نرخی گەنم و ئارد بۆ وشكەساڵی و كەمی بەرهەمەكانی دانەوێڵەوە دەگەڕێتەوە، لە لایەكی ترەوە حكومەت هەوڵدەدات ئەو گەنمەی لە جووتیارانی ناوخۆی وەرگرتووە بیكات بە ئارد و دابەشی بکات، ئەم پڕۆسەیەش كاتی پێویستە تاكو كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی ئاراد لە بازاڕەكان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: پێشتر حكومەتی عیراقی لە رێگای پێدانی بەشە خۆراكی مانگانە بە هاووڵاتیان، ئاردێكی باشی دابەشكردووە، ئەمەش رێگربووە لەوەی نرخی ئاراد لە بازاڕەكان بەرز بێتەوە، بۆیە ئێستاش دەتوانێت بە دووبارە دابەشكردنەوەی ئەو ئاردەی بەلای هاووڵاتیانەوە پەسەندە ‌و دەكرێت بە نان، جارێكی تر نرخی ئارد لە بازاڕەكان دادەبەزێت.

باج لەسەر بەرهەمی هاوردە كەمبكرێتەوە
ئەسكەندەر مەحەمەد بەرێوەبەری راگەیاندنی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی‌ و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی گرانبوونی ئارد بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوەی پەیوەندی بە ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی كوردستانەوە هەیە ئەوەیە كە چاودێری بازرگانان بكەین لە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە لە چوارچێوەی كوالێتی كۆنتڕۆڵ دەربچێت و كاڵا و خۆراكی باش بهێننە کوردستان کە شیاوبێت بۆ خواردن و بەكارهێنان.

وتیشی: هەروەها ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەمیشە هەوڵدەدات باج لەسەر بەرهەمی هاوردە كەمبكرێتەوە، تاكو لە كۆتایی هاووڵاتیان زەرمەندنەبن، چونكە چەندە باج لەسەر بەرهەمی هاوردە زۆربێت دواجار لەسەر هاووڵاتی گراندەبێت، بۆ ئەمەش بەردەوام لەگەڵ لایەنی حكومەت و لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەسەر ئەو هەوڵانە دەکەینەوە.

 299 جار بینراوە