سەرەکی » دۆسێ » لێكەوتەكانی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەردەوامەپەڕە 3

كاریگەریی لەسەر نرخی كاڵا و پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان دروستكردووە

لێكەوتەكانی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەردەوامە

لێكەوتەكانی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەردەوامە و لە نوێترین پێشهاتدا كاریگەریی لەسەر نرخی كاڵا و پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان دروستكردوە.

لە چەند مانگی رابردوودا، بانكی ناوەندیی عیراق لەسەر داوای حكومەت بڕیاریدا بە دەستكاریكردنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، بەهای دۆلاری ئەمریكی لە نزیكەی 120 هەزار دینارەوە بەرزبۆوە بۆ دەوروبەری 145 تا 150 هەزار دیناری عیراقی.

وەك بەرپرسانی حكومەت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی خستیانەڕوو، ئامانجی راستەوخۆی ئەو بڕیارەش هەوڵدانی حكومەتی مستەفا كازمی بوو بۆ بەدیهێنانی جۆرێك لە هاوسەنگی دارایی لە نێوان داهات و خەرجی كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی.

لە چەند مانگی رابردوودا و لە دەرەنجامی ئەو بڕیارەدا داهاتی نەختینەیی بە دیناری حكومەتی عیراق كە لە فرۆشتنی نەوت دەستیدەكەوت، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لەبری قەرزكردن وەك لە كۆتایی ساڵی رابردوودا كردی، ئەمجارە حكومەتی بەغدا جۆرێك لە باڵانسی بەدیهێنا.

لە راستیدا ئەو بڕیارە بەسوود و قازانجی حكومەت شكایەوە و جۆرێك لە هاوسەنگیی بۆ سیاسەتی دارایی گەڕاندنەوە، بەڵام بە شێوەی جۆراوجۆر كاریگەریی لەسەر هاووڵاتیان دروستكرد.

نوێترین كاریگەریی ئەو بڕیارە، بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكانە لە ناوچە جیاجیاكانی عیراق بە تایبەتی كاڵا و پێداویستی رۆژانە كە هاووڵاتیان ناچارن بەهەر نرخێك بێت پەیدای بكەن.

لە مانگەكانی رابردوودا، هاووڵاتیان نیگەران و تووڕە بوون لەسەر نرخی بەرزی دۆلار كە ناچاربوون بیكڕن بۆ دانەوەی پابەندییە داراییەكانیان بە تایبەتی لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ بانك و دامەزراوە رەسمییەكان كە مامەڵەكان لە بنەڕەتدا بە دۆلار بوون.

ئێستاش، وردە وردە هەستدەكرێت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە جاران زیاتر كاریگەریی لەسەر نرخ و بەهای كاڵا و پێداویستی رۆژانە دەردەكەوێت، لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئەم حاڵەتە بە ئاشكرا لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی بەدیاركەوت، كە پاشان ناچاربوون بە كەمكردنەوەی كێشی گونكی نان، دواجار بڕیاردرا نرخی نان گۆڕانكاریی بەسەردا بێت.

كاریگەریی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لەسەر پێداویستی رۆژانە یەكێكە لە دەرەنجامە خراپ و نێگەتیڤەكانی بڕیارەكەی حكومەتی عیراق و بانكی ناوەندی بە دەستكاریكردنی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عیراقی كە لە دوای ساڵی 2003ەوە بە جۆرێك لە جۆرەكانی هاوسەنگیی لە داهات و خەرجی خەڵكی عیراق بەگشتی دروستكردبوو.

ئەوەشی زیاتر مایەی نیگەرانییە ئەم كاریگەری و لێكەوتە نێگەتیڤانەی ئەو بڕیارەی لە سەرەوە ئاماژەی پێكرا هەر بەو جۆرە و لەو ئاستە ناوەستێت بەڵكو چاوەڕوانكراوە كە كاڵا و پێداویستییەكانی تر، بە هەردوو بواری هەناردە و هاوردە، بەرزبوونەوەی زیاتر تۆمار بكەن.

لە زانستی ئابووریدا رێگەچارە و بواری كاركردنی زۆر و فراوان هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو تەنگژە ئابوورییەی حكومەتی عیراق و ئەو حكومەتانە تووشیان بوو كە لە پلەی یەكەمدا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن، بەڵام بە داخەوە ئەوەی لە عیراق روویدا پەنابردنە بەر یەكێك لە كۆنترین رێگەكانی ئەو بوارە بوو كە ساڵانێكی زۆرە حكومەتەكانی دونیا وازیان لێهێناوە چونكە ئەگەر لە بوارێكدا سوودی هەبێت ئەوا لە چەندین بواری تردا زیانی دەبێت لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئەو زیانەی لەو بڕیارە دەكەوێتەوە راستەوخۆ دەكەوێتە سەر شانی هاووڵاتی نەك حكومەت و دامەزراوە رەسمییەكان.

 260 جار بینراوە