سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » قەرەبووكردنەوەی دوو ساڵی خوێندنی تێپەڕیوو

قەرەبووكردنەوەی دوو ساڵی خوێندنی تێپەڕیوو

بەرەو ساڵی نوێی خوێندن دەچین، هێشتا روون نییە ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەیەكی گشتی چۆن دەستپێدەكات، بەپێی لێدوانی وەزارەتی پەروەردە، چاوەڕوانی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنان بۆئەوەی بڕیاری كۆتایی لە بارەی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنەوە بدەن.

لە دوو ساڵی رابردوودا، پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و فێركردن لە كوردستان بە شێوەیەكی گشتی، یەكێك بوو لەو كەرتانەی زەرەر و زیانێكی زۆری بەركەوت.

سەرباری خراپیی باری ئابووری و دواكەوتن و پاشەكەوتكردنی مووچە و بایكۆت، قەدەغەی هاتوچۆ و رێگرتن لە خوێندنی ناوپۆل بەهۆی مەترسیی كۆرۆنا و پەنابردنەبەر خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین، زیانی زۆریان بە پرۆسەی پەروەردە گەیاند.

لەو دوو ساڵەی كە رابورد، خوێندكارانی كوردستان لە بارێكی ناهەمواری ئابووری و سیاسی و پەروەردەیی و تەنانەت دەروونیش، ساڵی خوێندنیان بەڕێكرد، راستە بەشێكی زۆریان دەرچوون و لە ساڵی خوێندن دوانەكەوتن، بەڵام كاریگەرییەكە روون و ئاشكرایە و نكۆڵی لێناكرێت.

ئەگەر بە وردی قسە لەسەر ئەو دۆخە بكەین ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی هەردوو ساڵی خوێندنی رابردوو (ئەگەر ساڵەكانی پێشتر بەهۆی بایكۆت و دابەشنەكردنی مووچە بە شێوەیەكی رێكوپێك بخەینەلاوە) دوو ساڵی ئاسایی نەبوون بۆ خوێندكاران.

پێویست بوو لەم ماوەیەدا كە پشوویەكی هاوینەی كورتخایەنە لە نێوان خوێندنی ساڵی رابردوو و ساڵی داهاتوو، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەدواداچوون یان توێژینەوەیەكی مەیدانی بكەن بۆ دەرخستنی راستییەكان لە بارەی دوو ساڵی رابردووی خوێندن و زەمینەسازی بۆ ساڵی نوێی خوێندن.

دەبوو ئەو توێژینەوەیە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە پەیوەستن بە چارەنووسی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنەوە. ئایا خوێندكاران لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا بە فیعلی ئەو دوو پۆلە یان ئەو دوو قۆناغەی خوێندنیان بڕیوە یان مەسەلەكە تەنها تێپەڕاندنە؟

ئایا چیكراوە بۆئەوەی قەرەبووی وانە و خوێندنی پچڕپچڕی ئەو دوو ساڵە بكرێتەوە؟ چۆن وابکەین خوێندكاران كەمترین باجی ئەو بارە نائاساییە بدەن كە نەك تەنها بەسەر كوردستان، بەڵكو بەسەر هەموو جیهاندا هات؟

ئایا خوێندكارانی كوردستان، كە قۆناغێكی خوێندن دەبڕن و دەچنە قۆناغێكی نوێ بە فیعلی شایستەی ئەوەن یان تەنها بۆ ئەوەیە خوێندكاران و كەسوكاریان رازی بكرێن كە رۆڵەكانیان ساڵێكی تەمەن و ساڵێكی خوێندنیان نەفەوتاوە؟

ئەو پرۆگرام و وانانەی لە هەر ساڵێكی خوێندندا دەخوێندرێن تا چەند بەشێوەیەكی زانستی پێكەوە بەستراون و ئەگەر وەك پێویست نەخوێندرا، چ كاریگەریی و كەموكووڕییەكی دەبێت لەسەر كۆی پرۆسەی پەروەردەیی و ئاستی زانستی و خوێندنی خوێندكاران؟

ئایا دامەزراوە رەسمییەكان، بەدواداچوونی ورد و جدییان كردووە بۆ چۆنێتی تێپەڕاندنی ساڵی خوێندن لە وڵاتانی تر، هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو هەمیش وڵاتانی دەوروبەر؟

ئایا لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆیی و بیانی و رێكخراوە پەروەردەییە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی پێشكەوتوو هەماهەنگی كراوە بۆ چۆنێتی قەرەبووكردنەوەی ئەو دوو ساڵەی تێپەڕی؟

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە ئەركی خێرا و بەپەلەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانە، ئەگەر خەم لە پرۆسەی پەروەردە و پەروەردەكردنی نەوەكانی داهاتوو دەخورێت، ئاوڕدانەوەی جددی لەم پرسە، پرسێكی جددی و هەنووكەییە.

 194 جار بینراوە