سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » پڕۆژەی گاپ و 249 بەنداوی حكومەتی هەرێم

رای ئازاد

پڕۆژەی گاپ و 249 بەنداوی حكومەتی هەرێم

دەوڵەتی توركیا لە ساڵی 1977 وە لەژێر ناوی پرۆژەی «گاپ»دا لە رێڕەوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات 22 بەنداوی دروست كردووە، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە رێڕەوی هەردوو رووبارەكە بگۆڕێت و ئاوی پێویستی 1,7 هێكتار زەوی كشتوكاڵی بەبڕی 32 ملیار مەتر سێجا ئاوی خەزنكراو دابین بكات، بەنداوی ئەلیسۆ لەسەر رووباری دیجلە یەكێكە لە بەنداوە گەورەكانی ئەم پڕۆژەیەی «گاپ» كە لەساڵی 2006 بەردی بناغەی دانراوە، ئەم پڕۆژەیە بە جۆرێك زیان بە عیراق دەگەیەنێت كە ئەگەری وشكە ساڵی لە ئایندەی عیراقدا لێدەكرێت.

ئەم پڕۆژەیەی توركیا و لە زەمەنێكی دوور مەودادا نیشانەی ئەوەیە كە توركیا لە مێژە بیری لە جەنگێكی دیپلۆماسی و هێزی نەرم كردۆتەوە لە رێگەی ئاوەوە، بەڵام هیچ یەكێك لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ پڕۆژەكەی توركیا نەكردووە و بەو بەشەی پڕۆژەی گاپیش كە زیان بە سوریا دەگەیەنێت، هەمان دڵنیاییمان دەداتێ كە حكومەتەكانی سوریاش بیریان لە دۆخێكی لەوجۆرە نەكردۆتەوە كە پڕۆژەی گاپی توركیا ببێتە مەترسی بۆ سەریان، چونكە ئەم پڕۆژەیە بۆ هەردوو دەوڵەتی عیراق و سوریا زیانی دەبێت.

هەرچی پەیوەستە بە حكومەتی هەرێمەوە ئەوا نەك لە دوای 1991ەوە بیر لە كاریگەریی و لێكەوتەكانی ئەم پڕۆژەیە نەكرایەوە، تەنانەت لە دوای ساڵی 2003 شەوە كە توركیا پڕۆژەی گاپی گەورەتر كرد و وەك كارتی گوشار دژی عیراق و سوریا بەكاری هێنا، هەوڵێكی جدی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو لە داهاتووی هەرێمی كوردستاندا نەبینرا و حكومەتی هەرێم بەتایبەتی وەزارەتی كشتوكاڵ بیریان لەوە نەكردەوە كە چۆن ئاوەكانی هەرێم بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان بگێڕنەوە هاوشێوەی پڕۆژەی ئالیسۆی توركیا كە ئەو ئاوەشی لە بەنداوەكە دەردەچێت جارێكی دیكە توركیا بەكاری دەهێنێتەوە و دەینێرێتەوە بۆ ناو بەنداوەكە.

لەماوەكانی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیاری بنیاتنانی 249 بەنداوی جۆربەجۆریان لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، ئەگەرچی ئەو ژمارە بەنداوە هەنگاوێكی باشە، بەڵام هەست دەكرێت كە ئەم بڕیارە نارێكخراوەییە و بەشێوەیەكی پێویست بەهەند وەرنەگیراوە، تەنانەت حكومەتی هەرێم نەیتوانیووە بەنداوەكانی دیكەی كوردستان ببوژێنێتەوە و بەكاریان بهێنێتەوە بۆ ئاودێریی و دابینكردنی ئاوی زیاتری ئاودێریی زەوییە كشتوكاڵییەكانی هەرێم و زیاتركردنی بەرهەمی ناوخۆیی كوردستان بۆ بازاڕەكانی هەرێم.

دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند هەنگاوێكی گرنگ بگرێتەبەر پێش ئەوەی پڕۆژەی بەنداوەكانی توركیا كاریگەرییەكانی لە هەرێمی كوردستانیش بەدەربكەوێت و وشكەساڵی لە هەرێمی كوردستانیش دەربكەوێت:

یەكەم: حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵ پەلە بكەن لە بنیادنانی ئەو ژمارە بەنداوە و بەزوویی تەواوی ئەو شوێنانەی بڕیاریان لێدراوە بەنداوەكانی لەسەر بنیادبنرێت، دەست بەكاركردن بكرێت تێیاندا.

دووەم: تەواوی ناوچەكانی كوردستان وەك یەك سەیربكرێت و هەر جێگە و تەنگەبەرییەك لە كوردستان هەیە و گرنگە بۆ بەنداو كاری لەسەر بكرێت و نەهێڵرێت ئاوی كوردستان بەفیڕۆ بڕوات، چاودێریی ورد و كارمەندی باش و لێزان بۆ چاودێریی بەنداوەكان دابین بكرێت و بەپێی پێویست ئاوەكانی كوردستان بەربدرێنەوە.

سێیەم: ئەم بەنداوانە لەژێر ناوێكدا رێكبخرێن و بە بەرنامە و كاری زۆر و كوالێتی باش هەوڵ بدرێت زۆرترین ئاو بۆ كوردستان دابین بكەن.

چوارەم: بەشێوەیەك بەنداوەكان بنیاتبنرێن كە كاریگەرییان لەسەر کایەی دپلۆماسیی كوردستان و هێزی ئاو هەبێت لە عیراق و ناوچەكەدا.

پێنجەم: سوود لە بەنداوەكانی ناوخۆی هەرێم و بەنداوەكانی توركیا و ناوچەكە وەربگیرێت.

 190 جار بینراوە