سەرەکی » کەلتوور » سوهرەوەردیی شەهیدی هەقیقەت

سوهرەوەردیی شەهیدی هەقیقەت

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

1-2

لێرەو لەوێ رەخنەی ئەوەم لێدەگیرێت کە من زیاتر گرنگی بە فیکر و فەلسەفە و فەیلەسوف و بیرمەندانی جیهان دەدەم و کەمتر باسی ئەوانەی لای خۆمان دەکەم، لە راستیدا ناسینی فیکر و فەلسەفەی جیهانیش بە خوێنەری کورد بەتایبەتی نەوەی نوێ، کارێکی باشە و خراپ نییە. بەهەرحاڵ ئەمجارەیان پێمخۆشە باسی فەیلەسوف و عارفێکی گەورەی کورد بکەم کە ئەویش شەهابەدین سوهرەوەردییە. ئەم زانا مەزنە کاریگەریی گەورەی بەسەر فیکری جیهانەوە هەیە، بەتایبەتی لایەنی تەسەوف و عیرفانییەوە، داهێنانی گەورەی کردووە، بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر ئەم فەیلەسوف و عاریفە مەزنە بە فەرمانی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکوژرێت.

بەداخەوە کوژرانی سوهرەوەردیی و توندڕەویی لە دژایەتییکردنی شیعە مەزهەبەکان لە ناوچەکە، بە دوو خاڵی خراپی سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەم سەرکردە کوردە دادەنرێت.

دیارە ئەم پیاوە مەزنەی خۆرهەڵات نەک تەنها لای جیهانی ئیسلامی، بەڵکو لە خۆرئاوا و تەواوی جیهاندا مایەی گرنگی پێدانە، بەتایبەتی بۆچوونەکانی لەبارەی «مرۆڤ»ەوە. لەهەمانکاتیشدا شێوازی مردنەکەشی، هێندەی تر سەرنجی خوێنەرانی راكێشاوە و ئەویش وەکو سوکرات، بە شەهیدی رێگەی فیکر و فەلسەفە دادەنرێت.

هیچ فەیلەسوف و زانایەکی خۆرهەڵات هێندەی سوهرەوەردی کاریگەریی گەورەی لەبواری فیکرو مەعریفەدا بەجێنەهێشتووە، گرنگییەکەی لەوەدایە لەو سەردەمەدا کە سوهرەوەردی باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی کردووە کە چ لەلایەن زانایانی ئایینی و خەڵکی عەوام و دەسەڵاتدارانەوە، بە حەرام دانراوە. هەر لەسەر وتنی هەقیقەتیش ئەم کەڵە فەیلەسوفە گیانی دەکاتە قوربانی.

لێرەدا هەوڵ دەدەم لە رێگەی دوو وتارەوە باسی ئەم کەڵە فەیلەسوفە بکەم، لە بەشی یەکەمدا زیاتر باسی بنەما فکرییەکانی دەکەم، لە بەشی دووەمیشدا زیاتر باسی ژیانی شەخسی دەکەم، ئەوەش لە رێگەی باسکردنی رۆمانی «قەلەندەر و قەڵا «لە نووسینی نووسەری ئێرانی «یەحیا یەسریبی» کە کاک ئازاد بەرزنجی لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، ئەم رۆمانە زیاتر باسی ژیانی شەخسی دەکات، زۆر بە جوانی وێستگەکانی ژیانی سوهرەوەردی باسکردووە.

بەو هیوایەی ئەم وتارەی ئێمەش کەمێک زانیاریی بە خوێنەرانی کورد ببەخشێت.

منداڵێکی زیرەک و بەتوانا
سوهرەوەردی ناوی تەواوەتی یەحیا حەبەش ئەمیرک سوهرەوەردییە لە ساڵی 1154 ز لە سوهرەوەرد لە هەرێمی زەنجانی ئێران لەدایکبووە، لە ساڵی 1191ز بە فەرمانی سەڵاحەدینی ئەیوبیی سزای مردنی بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەمەش لە پاش دادگاییکردنی لەلایەن کۆمەڵێک لە زانایانی ئایینی کە تۆمەتی کافریی و دەرچوون لە ئاینی ئیسلامی بۆ هەڵدەبەستن.

پاشان دەخرێتە زیندانەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک نان و ئاوی نادەنێ ئیدی بەو هۆیەوە گیان لەدەستدەدات و دەبێتە قوربانیی دەستی و دواکەوتوویی.

دواتر زانایانی ئایینی دڵیان ئاو ناخواتەوە و باوەڕ ناکەن و دەڵێن پێدەچێت زاهیر شا کوڕی سەڵاحەدینی ئەیوبی کە والی حەلەب بووە، شاردبێتییەوە، چونکە ئەو هاوڕێی سوهرەوەردی بوو، نەیدەویست سزای بدات، بۆیە دەچن لە قەڵاکە جەستە بێ گیانەکەی دەردەهێنن و بەدیار چاوی خەڵکەوە لە سێدارەی دەدەن.

سوهرەوەردی، حەبەشی باوکی دەیخاتە حوجرەی مزگەوتەوە، بەڵام هەر زوو زیرەکیی و بەتوانایی ئەم منداڵە دەردەکەوێت، حەزی خوێندن تێیدا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و زیاتر دەبێت، هەربۆیە لە تەمەنی 10 ساڵیدا باوکی دەینێرێت بۆ شاری مەراغە و لەوێندەر لەسەر دەستی شێخ مەجدین جیلی فێری قورئان و حەدیس دەبێت و یاساکانی نەحو و سەرف فێر دەبێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک و کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای مەعریفەت بۆ ئەم منداڵە 10 ساڵەیە.

دوای ئەوەش زانا و بیرمەندی ئیسلامی شێخ فەخرەدینی ماردینی دەبینێت، لەسەر دەستی ئەویش فێری زانست و فیکر و فەلسەفە دەبێت و دەرگای هزری فەلسەفی بۆ دەکاتەوە.
کاروانی خوێندن و زانست و فێربوونی لێرەوە بەتەواوەتی دەستپێدەکات و دەچێتە ئەسفەهان و حەلەب و دیمەشق و تەواوی وڵاتانی خۆرهەڵات دەگەڕێت و تا دواجار لە شاری حەلەب لە باکووری سوریادا دەگیرسێتەوە.

لێرەش بە فیتی کۆمەڵێک زانای کینە لەدڵ، تۆمەتی دەرچوون لە ئایین و کافریی بۆ دەردەکەن و بە کوشتی دەدەن.

ئاسۆی گشتی فیکری سوهرەوەردیی
دەتوانین بڵێین سوهرەوەردی لە یەک کاتدا عاریف و فەیلەسوفێکی بەتوانا بووە، لە ژیانیدا خۆی بە کۆمەڵێک بابەتی گرنگەوە سەرقاڵ کردووە، لەپێش هەمووشیانەوە مەسەلەی مادە، بوون، جەستە، وێنە، زەمەن، جووڵە و گۆڕانکاریی، زانستی دەروون شیکاریی، هەروەها باسی مەسەلەی دۆناودۆنکردنی جەستە و رۆحی کردووە و گرنگیی زۆری بە ناخ و جەسەتەی مرۆڤ داوە.

لە بواری میتافیزیکیشدا گرنگی بە مەسەلەی «تاک و کۆ» داوە. لە کۆتایی ژیانیشیدا، قسەی تایبەتی هەبووە لەبارەی دوایین پێغەمبەرەوە «خاتم الانبیاء» کە ئەمەش تووشی کێشەی گەورەی کرد و نەیارانی زۆر بە خراپی لە دژی بەکاریانهێنا.

هەروەها گرنگیی زۆری بە فیکر و فەلسەفەی پێش خۆی داوە بەتایبەتی ئەفلاتون و ئەرستۆ و تەواوی فەیلەسووفانی یۆنانی کۆن.

سوهرەوەردی پێی وابوو کە فیکری ئایینی و دونیایی هاوسەنگ بوون، لەهەمان کاتیشدا یەکەم زانا و بیرمەندی ئیسلامییە کە پاش ئەوەی ئیمام غەزالی بەتەواوەتی عەقڵ و فەلسەفەی حەرام کرد و داوایکرد کەس توخنی فەلسەفە نەکەوێت، بەڵام سوهرەوەردی دژی دەوەستێتەوە و دووبارە گرنگی بە فیکر و فەلسەفە دایەوە. لە هەمووشی گرنگتر سوهرەوەردی پێی وابوو راستە عەقڵ گرنگە، بەڵام هەموو شتێکیش نییە و نابێت تەنها پشت بە عەقڵ و ناخی خۆمان ببەستین، بەڵکو دەبێت هەوڵیش بدەین خۆمان فێری شتی نوێ بکەین، ئەوەش لە رێگەی خوێندنەوەوە دەستمان دەکەوێت، هەر ئەمەش وای لێکرد هەم «فیکری باطنی» ئەفلاتونی قبوڵ بێت، هەمیش فیکری مەشائیی «عەقڵانییەت»ی ئەرستۆی قبوڵ بێت.

لەهەمووشی گرنگتر ئەو تەسەوف و فەلسەفەی تێکەڵ بەیەک کرد و لەمەشدا حیکمەتی ئیشراقی لێ بەرهەمهێنا، کە یەکێکە لە داهێنانە گەورەکانی بواری تەسەوف لە مێژوودا.

ئەو زیاتر جەختی لە «نور – رووناکی» ناخی مرۆڤ دەکردەوە، ئەو رووناکییەی کە دەبێتە رۆشنکەرەوەی جەستە و رۆحی مرۆڤ.

حیکمەتی ئیشراق
زۆرجار سوهرەوەردی بە «شێخی ئیشراق» ناوی دەبەن، ئیشراق بە مانا فیکرەییەکەی زیاتر دەچێتە قاڵبی تەسەوف و عیرفانییەوە، جگە لەوەش تەواوی بۆچوونەکانی لەبارەی ئیشراقەوە لە کتێبی «حکمة الاشراق» بە روونی باسکردووە، کە یەکێکیشە لە کتێبە گرنگ و پڕ بایەخەکانی و لەم کتێبەیدا تەواوی فیکرو بۆچوونەکانی باسکردووە، ئێمەش زیاتر پشت بەم کتێبە دەبەستین.

نوور – رووناکی
سوهرەوەردی باوەڕی تەواوی بە ئیشراق یان مەسەلەی « نور- رووناکیی» ناخی مرۆڤ هەبوو. هەر ئەمەش دەبێتە کرۆکی سەرەکی فیکر و فەلسەفەکەی.

حیکمەتی ئیشراق ئاماژەیە بۆ ئەو رووناکییەکەی کە لە ناخی نەفسە مردووەکاندا هەیە و لە رێگەی ئەو رووناکییەشەوە ناخی مرۆڤ رۆشن دەکرێتەوە و دواجاریش دەگاتە دوایین لووتکەی رۆشنایی یان نوری باڵا، ئەوکاتەی کە مرۆڤ لە رێگەی تێڕامانی رۆحیی و فێربوون و لێکۆڵینەوەوە دەگاتە ئاستی کامڵبوون و تەواوی جەستە و ناخی بەو رووناکییەوە رۆشندەکرێتەوە. ئەمەش حاڵەتێکی تایبەتە لە عیرفانی خۆرهەڵاتیدا هەیە و هەرکەس و ئایینێک، ناوێکی لەم ئاستە یان قۆناغە ناوە کە مرۆڤ پێی دەگات، بەڵام سوهرەوەردی بە «ئیشراق» وەسفی کردووە، لەلای ئەو، ئەوانەی بەم قۆناغە دەگەن زۆر دەگمەنن.

جێگەی ئاماژەیە لە ئایینەکانی زەردەشتی و بودایی و هیندۆسییەکانیش، باسی ئەم ئاستەی مرۆڤ دەکەن و بە دوایین حیکمەت و تێگەیشتنی مرۆڤی دادەنێن، لای بودییەکان حاڵەتی نیرفانای پێیدەڵێن و هیندۆسییەکان «سامادیی» پێدەڵێن، کە مانای گەیشتنە بە دوایین قۆناغیی عیرفانیی و بەهای باڵا. ئەمەش یەکێکی ترە لە کاریگەرییەکانی هزر و فیکری خۆرهەڵاتی بەسەر سوهرەوەردیییەوە.

رووناکی و تاریکی
سوهرەوەردی پێی وابوو کە رووناکی سەرچاوەی سەرەکی هەموو بوون و مەعریفەیەکە و لە هەمان کاتیشدا ئەسڵی هەموو شتێکە. ئەمەش بە جەدەلیەتی « رووناکیی و تاریکی» دەبەستێتەوە، هەرئەمەش دەبێتە کرۆکی سەرەکی بیرکردنەوە و نووسین و تێڕامانەکانی.

عەقڵی نەمر و رووناکی
سوهرەوەردی قسەی لە بارەی عەقڵی نەمر و رووناکییەوە کردووە، ئەو پێی وابوو کە مەشخەڵی ئاگری هەقیقەت کاتێک لە ناخی مرۆڤێکدا دادەگیرسێت، کە ئیتر بە تەواوەتی گەیشتبێتە لوتکە و کەماڵی خۆی، ئەمەش تەنها لە دەستەبژێرێکی کەمی زانا و عاریفەکاندا دەردەکەوێت، کە پێغەمبەری ئیسلام بەم حاڵەتە گەیشتووە.

سەرچاوەکان :

1- شهاب الدین السهروردي. حکمة الاشراق. مراجعة و تقدیم: إنعام حیدورة. دار المعارف الحکیمة. 2010

2- المنطق الإشراقي عند شهاب الدين السهروردي، محمود محمد علي. دار مصر العربیة للنشر و التوزیع.1999

3- محمود محمد علي. السهروردي المقتول.. رائد المنطق الإشراقي.
www.almothaqaf.com

4- یەحیا یەسریبی. قەلەندەرو قەڵا. وەرگێرانی لە فارسییەوە : ئازاد بەرزنجی. ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. 2021

 279 جار بینراوە