سەرەکی » دۆسێ » کشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان و كاریگه‌رییەکانی له‌سه‌ر عیراق و كوردستان

ئەگەری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و قه‌یرانی تر له ‌نێوان هه‌رێم و عیراقدا

کشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان و كاریگه‌رییەکانی له‌سه‌ر عیراق و كوردستان

راپۆرتی، ئه‌یاز هه‌ركی

زۆربه‌ی خه‌ڵكی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بە نیگەرانییەوە تەماشای هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن له‌ ئه‌فغانستان و شرۆڤه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كەن. چاودێرانی سیاسی له‌ كوردستان داوای گوتارێكی یه‌كگرتووی كوردستانی و رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردی ده‌كه‌ن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان له‌ مه‌ترسییه‌كان.

سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و هاوشێوه‌كانی
سه‌ركردایه‌تییه‌كی په‌رته‌وازه ‌و جێبەجێنەکردنی ده‌ستوور و نه‌بوونی هێزی نیشتمانی و بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ هێز و گروپی جیاواز، هۆكارێكی تره‌ کە دانیشتووانی عیراق له ‌دڵه‌ڕاوكێدا بژین چونكه‌ پاشه‌كشه‌ی هێزی ئه‌مریكا له‌ عیراق واتای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گروپی داعش و هاوشێوه‌كانی و شه‌ڕی تایه‌فی و مه‌زهه‌بی به‌جورێكی دی، هەروەها سەرهەڵدانەوەی چه‌ندین قه‌یرانی تر له ‌نێوان هه‌رێم و عیراق.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سامی رێكانی شرۆڤه‌كاری سیاسی له ‌دهۆك به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند، هه‌ر له‌ ده‌سپێكی دەستوەردانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان كار بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ بۆ هه‌میشه‌ نه‌مێنێته‌وه،‌ ‌دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵێک مانه‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا هه‌ست به‌وەده‌كرا به‌تایبه‌ت نه‌توانرا به‌رنامه ‌و خواسته‌كانیان تێدا جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام ناتوانین ناوی بنێین شکسته، چونكه‌ رێگەیان جیاوازه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژوه‌ندییه‌كانی خۆیان، به‌تایبه‌تی ئیداره‌كانی ئه‌مریكا به‌گوێره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی جیهان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت بۆ قۆناغێكی دیاریكراو له‌پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان هه‌نگاو ده‌نێن.

پۆلیسی جیهان و زیانێکی گه‌وره‌
وتیشی: ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌مریكا دەیكات سه‌ركه‌وتنێكی ناوخۆییه‌، له‌ ماوه‌ی پێشوودا ئه‌مریكا كرابووه‌ پۆلیسی جیهانی و زیانێکی گه‌وره‌ هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ئابووری هه‌میش له‌سه‌ر ئاستی جیهانی بینیووه‌ كه‌ بووه‌ هۆی به‌هێزبوونی بلۆكی چینی و روسی و هه‌ندێ وڵاتی تری ناوچه‌کە بۆیه‌ دیموكراته‌كان هه‌ڵه‌كانی پێشوو دووباره‌ ناكەنه‌وه ‌و له‌سه‌ر شێوازی رابردوو پارێزگاریی له‌ هاوپه‌یمانان و وڵاتان ناكه‌ن و باوه‌ڕ‌یان بۆ دروست بووه‌ ئیتر ناتوانن گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له ‌هیج وڵاتێكدا بكه‌ن.

وتیشی، له‌مه‌ودوا ئه‌مریكا هێزی دیپلۆماسی به‌كارده‌هێنێت و له ‌دووره‌وه‌ دەستوەردان لە كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی وڵاتان ده‌كات بۆئه‌وه‌ی باڵانسی ئایدیۆلۆژی نه‌ته‌وه‌كان رابگرێت و به‌كه‌مترین زیان و به‌قازانجه‌وه‌ لێی ده‌ربچن.

هه‌مان پلان و سیناریۆ هه‌یه‌ بۆ عیراق
ئاماژەی بەوەشکرد کە هه‌مان پلان و سیناریۆ هه‌یه‌ بۆ عیراق، به‌ڵام ده‌بێت بزانرێت جیاوازیی هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌دا، تالیبان ماوه‌ی دوو ساڵه‌ به ‌نێوه‌ندگیریی هه‌ندێک لە وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌ گفتوگۆدا بووە له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هێزێكی پڕچه‌ك و نیزامی له ئه‌فغانییه‌كان پێكهاتبوو، لایه‌نگریان له‌ناو وڵاتەکەدا هه‌یه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ عیراق تا ئێستا جێگرەوەیەک نییه،‌ بۆیه ‌ئه‌مریكا پێداگره‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی عیراق له ‌واده‌ی خۆیدا.

به‌ بڕوای سامی رێكانی، ئه‌مریكا به‌ بێ به‌دیل و بەبێ رێكه‌وتن له‌ عیراق ناكشێته‌وه‌ تا وه‌كو وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و هێزه ‌ناوخۆییه‌كان به ر‌پرسیار ده‌كات له‌ پاراستنی سه‌روه‌ریی و ئاسایشی عیراق، به‌بێ ئه‌م هه‌نگاوه‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان به‌دوور ده‌بینم.

لای خۆیه‌وه‌، كامەران به‌رواری چاودێری سیاسی به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: ئەوەی ئێستا له‌ ئه‌فغانستان رووده‌دات، به‌ شتێكی نۆرماڵە. له‌به‌رئه‌وه‌ی رەوشی ئه‌م وڵاته‌ زیاتر خۆی بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێشوو ناگرێت، له ‌ده‌ستپێكی ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووەوه تائێستا ئه‌فغانستان به ‌به‌رده‌وامی له‌ شه‌ڕی گه‌وره‌ و سه‌ختدا بووه‌. سەرەتا یه‌كێتی سۆڤێتی جاران په‌لاماری ئه‌و وڵاته‌ی داو‌ە به‌ بیانووی پاراستنی هاوپه‌یمانه‌كانیان، هه‌روه‌ها له‌ دوای ساڵانی نەوه‌ده‌كان ‌و دروستبوونی تالیبان و دامه‌زراندنی چه‌ند حكومه‌تێك هه‌موویان نه‌یانتوانی هه‌نگاوێك بهاوێژن له‌ خزمه‌تی گشتیدا بێت و ئازادیی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریی به‌دیبێنن. به‌تایبه‌تی له 20ساڵی رابردوودا بۆشایی گه‌وره‌ له ‌نێوان ده‌سەڵات و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەدا دروست بوو كه‌ بووه‌ هۆكاری كه‌وتنی حكومه‌تی كابول و به‌رده‌وامیی شه‌ڕه‌كان.

هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ناوچوونی حكومه‌تی کابول
کامەران بەرواری وتیشی: هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ناوچوونی حكومه‌تی ئه‌شره‌ف غه‌نی خۆیان بوون و پشتیان له ‌میلله‌ت کرد، كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك بوون. خه‌ریكی گه‌نده‌ڵی و بچوككردنه‌وه‌ی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بوون، به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ئه‌مریكا به‌ته‌واوەتی ده‌ستبه‌رداری ئه‌فغانستان ببێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی گه‌رمه‌ بۆ ململانێی سه‌ربازی و حساباتی سیاسی له‌ کیشوەری ئاسیادا.

له ‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا وتی: پێویسته‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارته‌ سیاسییه‌كان نیگه‌رانییه‌كانی هاووڵاتیانی هەرێم به ‌جددی وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان ببێته‌‌ خاوه‌نی ئابووریی و ده‌سه‌ڵات و دیپلۆماسییه‌تێكی یه‌كگرتووی یه‌كڕیز و ده‌سه‌ڵاتێكی فڕه‌ڕه‌نگ دروست ببێت كه‌ هیوا و متمانه‌ بۆ خه‌ڵك ‌بگێڕێته‌وە، بۆئه‌وه‌ی کارەساتی هاوشێوەی ئەوەی ئەفغانستان و كاره‌ساته‌كانی رابردوو کە بەسەر گه‌لی كوردستاندا هاتوون دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌.

 208 جار بینراوە