سەرەکی » راپۆرت » کوردستان پەناگەیەکی ئارامە بۆ خاوەن ئایین و پێکهاتەکان

پەیڕەوانی 7 ئایین لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە رێگەپێدراون

کوردستان پەناگەیەکی ئارامە بۆ خاوەن ئایین و پێکهاتەکان

هەولێر – رەوەست نەوزاد

بەهۆی لێبوردەیی خەڵكی كوردستان لەڕووی كەلتووری و ئاین و نەتەوەیی و پێكەوە ژیان لەلایەك و لەلایەكی تر ئەو ئازادیەی لەدوای راپەرینی 1991 دوای دامەزارندنی حكومەتێكی كوردی هاتە كایەوە، ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ ناوچە ئارامەكەی عیراق و زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە كە لەكاتی چەوسانەوەی پەیڕەوانی هەر ئاین و ئاینزایەك روو لەم هەرێمە دەكەن، بەهۆی ئەو رووداوانەشەوە ئێستا لەهەرێمی كوردستان پەیڕەوانی 7 ئایین و ئاینزا بەئارامی دەژین كە زۆربەیان خاوەنی پەرستگاو شوێنی پیرۆزی خۆیانن.

سەبارەت بەبوونی نوێنەری ئایینەكان لەوەزارەتی ئەوقافی هەرێم، نەبەز ئیسماعیل وتی: بەپێی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2015،7 ئایین لەهەرێم رێگایان پێدراوە كاری ئایینی خۆیان بکەن و نوێنەریان لەناو وەزارەت هەبێت كە ئەوانیش ئایینەكانی (كریستیان، موسڵمان، جوو، زەردەشتی،بەهائی، سابیئەی مەندائی، ئێزیدی) ین.

یاسا و کەلتوور ئاین و مەزهەبەکانی پاراستووە
بۆ رێكخستنی كاری هەموو ئایین و ئاینزاكان لەهەرێمی كوردستان، وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بەڕێوبەرایەتیەكی بەناوی بەڕێوبەرایەتی پێكەوە ژیانی ئایینەكان دامەزراندووە، لەوبارەیەوە ئەمیر عوسمان بەڕێوبەری ئەو بەڕێوبەرایەتیە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەڕابردوودا پەیڕەوانی چەند ئایینێك لەهەرێم هەبوون، بەڵام پەیڕەوانی سابیئەو بەهائیەكان لەهەرێمی كوردستان نەبوون، بەر لەڕووخان و دوای رووخانی رژێمی بەعسیش لەعیراق ژمارەیەكی زۆر لەپەیڕەوانی ئاینەكانی سابیئەو كریستیان و بەهائیەكان بەلێشاو لەناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بەهۆی چەوسانەوەی ئایینی روویان لەهەرێمی كوردستان كرد وەك پەناگەیەكی ئارام،چونكە هەرێمی كوردستان بەدوو شێوە بەرگریان لێدەكات كە یەكێكیان بەپێی یاسای ژمارە 5 ی 2015 ی تایبەت بەپاراستنی مافی پێكهاتەكان، دووەمیشیان لەڕووی كەلتوریەوە، چونكە كۆمەڵگای كوردی رێز لەهەموو بەها ئایینی و مەزهەبیەكان دەگرێت .

سەبارەت بەشوێنە ئاینی و پیرۆزەكانی كریستیانەكان لەهەرێمی كوردستان، ئەمیر عوسمان رایگەیاند: ئێستا 135 كەنیسەی جۆراوجۆرو 10 كەنیسەی ئینجیلی و 13 دێرو 92 مەزارگەی كەسایەتی ئایینی كریستیان هەن، جگە لەوەش 400 شوێن و مەزارگەی كەسایەتی پیرۆزی هاوبەشی هەردوو ئایینی موسڵمان و كریستیان لەهەرێم هەیە كە هەردوو ئایینەكە بەمەزارگەی كەسایەتی ئایینی و پیرۆزی خۆیان دەزانن.

ئێزدییەکان 315 شوێنی خوداپەرستی یان هەیە
وتیشی: پەیڕەوانی ئێزیدیش لەهەموو عیراق و هەرێمی كوردستان 315 شوێنی خوداپەرستی و مەزارگەو نیشان – یان هەیە،پەیڕەوانی ئاینی سابیئەی مەندائی-ش لەهەرێم تەنیا یەك (مەندی) واتا شوێنی خوداپەرستی ئایینی خۆیان لەعەنكاوەو یەك مەڵبەندی رۆشنبیریان هەیە.

نەبەز ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكوردستانی نوێ راگەیاند: ئێستا 5732 مزگەوت و نزیكەی 100 تەكیەو خانەقا لەهەرێمی كوردستان هەیە كە لەو ژمارەیە كە لەو ژمارەیە نزیكەی 3500 مزگەوتیان وتاری ئایینی تێدا دەوترێتەوە هەروەك نزیكەی 1 ملیۆن كەس بۆ نوێژو وتاری هەینی لەڕۆژانی هەینی سەردانی مزگەوتەكان دەكەن هەروەها لە هەرێم زیاتر لە 2500 مامۆستای ئاینی وتار خوێن هەن و وەزارەتی ئەوقافیش نزیكەی 13 هەزار فەرمانبەری هەیە.

مەرجی دروستكردنی مزگەوت
لەبارەی مەرجی دروستكردنی مزگەوت لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، بەڕێوەبەرەی راگەیاندنی ئەو وەزارەتە وتی : دیارترین مەرجی دروستكردنی مزگەوت لەهەرێم ئێستا بریتیە لەوەی پێویستە زەوی لەسەر نەخشەی ئەو شوێنەی مزگەوتەكەی لێدروست دەكرێت تەرخان كرابێت،هەروەها مەرجە شوێنەكە یا ناوچەكە پێویستی بەدروستكردنی مزگەوت هەبێت و پانتایی زەوی مزگەوتەكەش لەهەزار مەتر دووجا كەمتر نەبێت.

سەبارەت بەفەریزەی حەج،بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند: ئێستا 70 هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان داوای بۆ چوونە حەجیان پێشكەش بەوەزارەتەكەمان كردووە كە لەو ژمارەیە 4865 كەسیان تیروپشكیان بۆ كراوەو ئامادەن بۆ جێبەجێكردنی چوونە فەریزەی حەج.

لە هەێم 100کۆمپانیای تایبەت بە عەمرەکردن هەیە
سەبارەت بەگەشتی عەمرە، نەبەز ئیسماعیل ئاشكرای كرد بەر لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ساڵانە بەگشتی ژمارەی عەمەرەكاران نزیكەی 26 هەزار كەس دەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو ڤایرۆسە ژمارەكە دابەزیووە بۆ نمونە لەشەش مانگی دوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا تەنیا 492 كەس رێوڕەسمی عەمرەكردنیان کردووە، ئێستاش نزیكەی 100 كۆمپانیا لەهەرێمی كوردستان كاری رێوڕەسمی عەمرەكردن بۆ هاووڵاتیان دەکەن.

سەبارەت بەژمارەی موڵك و وەقفی مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ئەوقافیش رایگەیاند: تائێستا ژمارەیەكی تەواومان لەلا نییە كە چەندن، بەڵام ئێستا لیژنەكانمان لەهەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوبوونەوە بۆ ئەوەی سەرژمێری بۆ موڵكەكانی وەزارەتەكە بكەن.

لەبارەی ئاینی زەردەشتیەكانیش بەڕێوەبەری پێكەوە ژیانی ئاینەكانی ئەوقافی هەرێم ئاشكرای كرد لەشاری سلێمانی یەك پەرستگای تایبەت بەئایینی خۆیان هەیە، لەشاری هەولێریش یەك پەرستاگایان هەبوو، بەڵام بەهۆی فرۆشتنی خانووەكە ئێستا هیچ پەرستگایەكیان لەهەولێر نییەو هیچ شوێنیكی ئەوانیش لەلای ئێمە تۆمارنەكراوە، ئەوەشی ئاشكراكرد كە پەیڕەوانی ئایینی بەهائیەكان لەهەرێم تەنیا ئەنجومەنی باڵای بەهائیەكانیان هەیە.

نەوەی سێیەمی جووەکان نزیکەی 250 خیزان دەبن
سەبارەت بەشوێنی پیرۆزو پەرستگای ئایینی جووەكان لەهەرێمی كوردستان، شێركۆ عوسمان لاسۆك نوێنەری خۆبەخشی پێكهاتەی ئایینی جووەكان لەهەرێمی كوردستان كە دانیشتووی شاری كۆیەیە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ئێستا نەوەی سێیەمی جووەكان لەكوردستان ماون كە ژمارەیان زۆر كەمە كە نزیكەی 200 تا 250 خێزان لەهەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەشی ئاشكراكرد كە ئێستا تەنیا یەك مەزارگەی ئایینی جوو لەهەرێم ماوە كە هی پێغەمبەر ناحوم – ە لەشارۆچكەی ئەلقۆش كە نۆژەنكراوەتەوەو بڕیارە بەم زووانە بەشێوەیەكی رەسمی بكرێتەوە.

200 هەزار كەس لەهەرێم سەر بەپەیڕەوانی ئایینی كاكەیین
سەبارەت بەدۆخی پەیڕەوانی كاكەیی و شوێنە پیرۆزەكانیان لەعیراق و هەرێم، فەرهاد كاكەیی مامۆستای زانكۆو شارەزا لەئایینی كاكەیی بەكوردستانی نوێی راگەیاند: نزیكەی 14 پەرستگاو شوێنی پیرۆزو مەنزڵگاو مەزارگەی كاكەییەكان لەهەرێمی كوردستان و عیراق هەن كە 3 یان كەوتوونەتە ناوچەی سەهلی نەینەوای موسڵ كە لەهەریەك لەگوندەكانی (وەردەك، تەلەبەن، زەنگەڵ) هەن كە بریتین لە (باوە حەیدەر،باوە یادگار،شا هەیاس) هەروەك مەنزڵگای (باوە مەحمود) ی كاكەییەكان لەشاری خانەقین و مەزارگەی (خان ئەحمەد) لەشاری كەركوك و مەنزڵگای (شا ئیبراهیم) لەشاری بەغداش هەن و نزیكەی

6 – 7 پەرستگاو مەنزڵگاو شوێنی پیرۆزی پەیڕەوانی ئایینی كاكەییەكان لەپارێزگای هەڵەبجەش هەیە كە بریتین لە (شاخ وەشینی سەروو، شاخ وەشینی خواروو،سەراو دەرە، سەید خامۆش، كاكەی جاوەر، میر ئەسكەندەر، میری سوورە) .

ئەوەشی ئاشكراكرد كە ئێستا نزیكەی 200 هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان سەر بەپەیڕەوانی ئایینی كاكەیین هەروەك 50 هەزار كەس لەپەیڕەوانی كاكەیی لەدەرەوەی هەرێم و لەوڵاتانی ئەوروپاو جیهان دەژین جگە لەوەی ژمارەی سەرجەم كاكەییەكانی عیراق و ئێران و هەرێمی كوردستان بەگشتی كە نزیكەی 3 ملیۆن كەس دەبن.

 

 168 جار بینراوە