سەرەکی » راپۆرت » لاوانی پشدەر هەوڵی فێربوونی زمانی دووەم دەدەنپەڕە 3

لە رێگەی کۆمەڵەی خوێندکارانەوە

لاوانی پشدەر هەوڵی فێربوونی زمانی دووەم دەدەن

راپۆرتی/ جێگر خدر

لقی پشدەری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، خولەکانی هاوینە لە سێکتەرە جیاوازەکان بەردەوامیی پێدەدەن، فێربوونی زمانی فارسی دواهەمیین چالاکییانە کە بۆ 30 خوێندکاری سنوورەکە کرابۆوە و بەکۆتا هات.

یەکێک لە لقە پێشەنگەکانی کۆمەڵەی خوێندکاران
لقی پشدەری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، لە ساڵانی رابردوودا، ناو و ناوبانگی باشی لەنێو چینی خوێندکارانی سنوورەکەدا پەیداکردووە، بەبێ وەستان و تاوەکو ئێستاش کار و چالاکییان بەردەوامیی هەیە، بەجۆرێک بە یەکێک لە لقە پێشەنگەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە نێو رێکخراوی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دادەنرێت.

هەمزە سەلیم، لێپرسراوی لقی پشدەری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، لەسەر کار و چالاکییەکانی لقەکەی بۆ کوردستانی نوێ دەدوێت، ئەو دەڵێت «وەک هەمیشە و بێ ماندووبوون، کادرانی کۆمەڵەی خوێندکاران لە سنووری قەزای پشدەر، لە هەوڵی خزمەتکردنی زیاتری توێژی خوێندکارانداین، خوولەکانی بەهێزکردنی وانەکان بەخۆبەخشیی و بەبەردەوامیی بۆ بەهێزکردنی توانا و ئاستی خوێندکاران دەکەینەوە، بەدواداچوونمان بۆ گرفتەکانیان هەیە و بەدوای رێگەچارەی دروستدا دەگەڕێین، لە هەماهەنگیداین لە گەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکە و بەسوپاسەوە ئەوانیش هاوکار و یارمەتیدەرن».

راشیگەیاند، لە سنووری قەزای پشدەر ژمارەیەکی بەرچاو خوێندکاری پۆلی 12، پلەکانی یەکەم و دووەمییان بۆ ئەمساڵی خوێندن بەدەستهێناوە، کۆمەڵەی خوێندکاران پاڵپشت و هاندەرییان بووە و خەڵاتی رێزلێنان و هاندانیشیان بۆیان هەیە، بەشێکی زۆری ئەو خوێندکارانەشی نمرەی بەرزییان بەدەستهێنا سوودمەندی خوولەکانی کۆمەڵەبوون، سوپاس و پێزانینی ئەوانیشمان پێگەیشتووەتەوە.

خولێکی یەک مانگی، بۆ فێربوونی زمانی فارسی
لە مەراسیمێکی شایستەدا، بە ئامادەبوونی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی، مەلا ئاری لێپرسراوی مەڵبەندی 24ی راپەڕین و مامۆستا عەزیز سەرپەرشتیاری کەمپەینی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە قەزای پشدەر و بەرپرسانی حکومی و حزبی و کاندیدانی هاوپەیمانی کوردستان و بەشێکی زۆر لە خوێندکاران، بڕوانامەی دەرچوون بەخشرا بە 30 خوێندکار کە بەشداربووی خولێکی 30 رۆژەی لقی پشدەری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بوون بۆ فێربوونی زمانی فارسی.

ئارام هەمزە، یەکێک لە بەشداربووانی خولی فێربوونی زمانی فارسی، کە پلەی دووەمی لە ریزبەندیی بەشداربووانی خولەکەدا بەدەستهێناوە، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە ماوەی مانگێکدا لەگەڵ کۆمەڵێ مامۆستای پسپۆڕ، هەوڵەکانی بۆ فێربوونی زمانی فارسی بەگەڕخستووە، کە حەزێکی لەمێژینەیی بووە، بە پشتیوانی مامۆستا خۆبەخشەکان، توانیوەتی ئاستی زمانی فارسی بەشێوەیەکی باش بەرز بکاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە لە رابردوودا ئاستی زمانی فارسی زۆر نزم بووە، بەڵام دوای کۆتایی هاتنی خوولەکە و بەدەستهێنانی بڕوانامەکەی، گەشەیەکی باشی ئاستی زمانەوانی کردووە، دەستخۆشیشی لە مامۆستاکانی کرد، کە بەشێوەیەکی خۆبەخش و بێ بەرامبەر، هەوڵی زۆریان لەگەڵدا داوە.

خستنە سەرکاری لاوان لە رێگەی خولە پیشەییەکانەوە
هەمزە سەلیم، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، کە ئەوان لە رێگەی خولە پیشەییەکانەوە، توانیویانە بەشێکی بەرچاو لە لاوانی سنووری قەزای پشدەر، بخەنە سەر کاری نوێ، دەرفەتی کارییان دەستبکەوێت، راشیگەیاند، بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی خوێنکاران و لاوان کە ئامانجی سەرەکی رێکخراوەکایانە.

کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، چوار دەیە و نیوە، بۆ خزمەتی توێژی خوێندکاران دامەزراوە، لە ئێستاشدا وەک هەمیشە تێدەکۆشێت لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و گرنگیدان بە خوێندکاران، لە سکرتارییەتی کۆمەڵەکەوە کار و خزمەتیان بۆ لقەکانیان لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان شۆڕکردۆتەوە.

 234 جار بینراوە