سەرەکی » کەلتوور » چەند کەسايەتيیەکی کورد لەبەڵگەنامەکانی ساڵی 1936 بریتانیادا

بەدواداچوونێک

چەند کەسايەتيیەکی کورد لەبەڵگەنامەکانی ساڵی 1936 بریتانیادا

عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی

2-2 و کۆتایی

بەدواداچوونێک

حکومەتی بریتانی لە رێگەی باڵوێزخانەی خۆیەوە لە بەغداد، بەڵگەنامەکانی ئەم کتێبەی ئامادە کردووە، واتە وەک رێکخستن و بڵاوکردنەوەیان پەیوەندییان بە حکومەتی عێراقەوە نەبووە.

بەڵگەنامەکان، وەک کتێب 504 لاپەڕەن و راپۆرتی باڵیۆزخانەی بریتانین لە بەغداد،هەروەها نامە گۆڕینەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەدا،یاخود لەگەڵ هەندێک نوێنەرایەتی تریاندا.

هەموویان لەبارەی رووداو و کارەکانی 1936.

ئێمە هەندێک لەو راپۆرتانەمان وەرگێڕاوە، کە پەیوەندییان بە کورد و کەسایەتی کوردەوە هەیە، هەندێکیان نەک هەموویان، چونکە ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت، لە کتێبێکدا هەموویان بڵاودەکەینەوە.

ساڵانە، باڵیۆزخانە ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی کەسایەتی و ڕووداوە گرنگەکانی عێراقەوە ئامادەکردووە و پاشان بۆ وەزارەتی دەرەوە بەرزیکردوونەتەوە.

بەوردی و لە گۆشەنیگای خۆیەوە، ئەو کەس و ڕووداوانەی هەڵسەنگاندووە، دوور لە سۆز یا درۆ و پێچوپەنا، چونکە خزمەتی وڵاتەکەی خۆی پێکردووە.

کارمەندانی باڵیۆزخانە هەوڵیان داوە بە دیقەت راپۆرتەکان بگەیەننە حکومەتەکەی خۆیان، چونکە زانیویانە کە تا پەنجا ساڵ بە نهێنی دەمێننەوە، تەنها لێپرسراوانی وەزارەتی دەرەوە، یان ئەنجومەنی وەزیران یا چەند لایەنێکی کەمی وەزارەتە گرنگەکان دەتوانن سەیریان بکەن و بە ئاسانی نەکەونە دەستی خەڵک.

ساڵی 1936 لە مێژووی عێراقدا ساڵێکی گرنگ بووە، لەو ساڵەدا کوودەتایەکی سەربازی روویدا کە بە هاوکاری بەکر سدقی و حیکمەت سلێمان بوو.

ساڵی 1936 سەرانی حکومەتەکەی یاسین ئەلهاشمی سەریان لە لیواکانی باشوور و باکووری عێراق دا و گوێیان لە دانیشتوان گرت.

لەو ساڵەدا یاخیبوونی عەشایەری روویدا و حکومەت کەوتە توندوتیژی، هەر لەو ساڵەدا کێشەی شووکردنی خوشکەکەی مەلیک غازی بە خزمەتکارێکی یۆنانی و هەڵاتنیان بووە وێردی سەر زمان.
ئەوانەی رۆڵیان لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتانەدا هەبووە :

1- ئارشیباڵد کلارک کیر، کە ساڵی 1936 باڵیۆزی باڵیۆزخانەی بریتانی بووە لە عێراق، لەقەبی لۆردی پێ بەخشراوە، و چەندین پلەوپایەی وەرگرتووە.

2- چارلز بێتمان، چەندین پلەوپایەی وەرگرتووە، ساڵی 1952 خانەنشین کراوە.

٣- ئەدمۆنز، کەسایەتییەکی بەناوبانگ بووە، ساڵی 1936 راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ بووە. ئەدمۆنز فەرمانبەرێکی بریتانی بووە، لە حکومەتی عێراقیدا کاری بۆ حکومەتەکەی خۆی دەکرد، هەر راپۆرتێکی بۆ حکومەتی عێراق ئامادە بکردایە، وێنەیەکیشی دەدا بە حکومەتەکەی خۆی.

ئەدمۆنز لەساڵی 1935 تا 1947 راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ بووە، پلەی وەزیری پێدراوە.

لەسەرەتای کارکردنییەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و ئێران، تێکەڵی کورد بووە و بایەخی بە زمانی کوردی داوە، زمانی کوردی بە تەواوی فێربووە و چەندین کتێبی لەبارەی کوردەوە داناوە، لەساڵی 1979 کۆچی دوایی کردووە.

ئەم ڕاپۆرتانە دەخرێنەخانەی چ نووسینەوە؟
هەرچەندە کەسانێک نووسیویانن و ئامادەیان کردوون، کە کاری ئیدارەی رۆژانەی خۆیان بۆ خزمەتکردنی حکومەتەکەیان بەڕێکردووە، بەڵام لە راپۆرتێک ناچن کەسێکی ئاسایی بۆ لایەنێکی کاروباری ئاسایش یا بۆ ملشکاندن بینووسێت، بەڵکو لەسەر ئاستێکی باڵا و بە کەسی باڵا ئامادەکراون، واتە گواستنەوە و گەیاندنی هەواڵێك نین، بەڵکو هەوڵن بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە، بەڵام لە بیۆگرافیا دەچن، ژیاننامەن، بە پێنووسی کەسێکی تر، نەک خۆیان.

بیۆگرافیا، بەدوو جۆر دەنووسرێت، جۆرێک کەسەکە خۆی ئامادەی دەکات، و جۆرەکەی تر، کەسێکی تر دێت و لەسەر ژیانی کەسێک ئامادەی دەکات.

ئەم راپۆرتانەی کە لەبەردەستماندان،ئامادەکار لە دایکبوونەوە دەستپێدەکات، تا گەورە بوون و کار و کۆتایی کەسەکە.

لەوەی شێخ مەحموودا، جگە لە ژیاننامەکەی، راپۆرتەکە وەک ئەوەیش وایە، پانۆرامایەک بێت بۆ سەرەتای شۆڕشەکە و دامەزراندنی حکومەتەکە و کۆتاییەکەیشی.

بێگومان ئامادەکارانی ئەم راپۆرتانە ویستویانە لە هەڵسەنگاندنیاندا راستگۆ بن، هیچ نەبێت بۆ ئەوەی سەرانی حکومەت لێیان زویر نەبن، بەڵام لە دیدی خۆیانەوە ئامادەیانکردوون، نەک لە دیدی کوردێکەوە، بۆیە دەشێت بەتەواوی وردبین نەبووبن.

راستییەکەی ئەوەیە
هەر لەم ڕووەوە تێبینی دوو شت دەکەین، یەکەمیان ئەوەیە، کاتێک باسی ئەو دێیە دەکات (پیران)، کە لە ئێران، شێخ لە ئاوارەییدا تێیدا نیشتەجێ بووە، بە موڵکی شێخ مەحموودی لە قەڵەم دەدا ( دێی پیران )، ئیتر لە نەزانییەوە بێت یا بە مەبەستی لەکەدارکردنی شێخ مەحموود بێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە، ئەم گوندە موڵکی شێخ مەحموود خۆی نەبووە، چونکە، یەکەم، لە ئێراندا موڵکی نەبووە، دووەم پێش ئەم، شێخ قادری شێخ کەریمی کڕبچنە کردوویەتی و تێیدا نیشتەجێ بووە. شێخ قادر و هۆزەکانی ناوچەی سەنگاو( جاف و زەنگەنە و شێخ)، لەشەڕێکدا بەناوی شەڕی ( دەشتی کچان – کڕبچنە )** کە لە زۆر سەرچاوەدا باسکراوە، لە قافڵەیەکی گەورەی ئینگلیزیان داوە، کە ویستویەتی بە هانای پیاوەکانییەوە بچێت لە سلێمانی، لەوێدا هێزەکەیان تێکشکاندووە. ئەو هێزە بۆ ئەوە هاتبوو بگاتە سلێمانی و بیگرێتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەمەدا مەحموود خانی دزلی بە هێزێکی زۆرەوە بەهانای شێخەوە دەچێت. ئیتر ئەو هێزەی ئینگلیز ناگاتە سەگرمەو تێکدەشکێنرێت.

پاش روخانی حکومەتەکەی شێخ مەحموود، ئینگلیز بۆ تۆڵەسەندنەوە چۆتە سەر شێخ قادری شێخ کەریمی کڕبچنە و دێکەی سووتاندووە، بەڵام ئەمان توانیویانە دەربازبن و لەگەڵ چەند کەسێکدا ئاوارەی ئێران دەبن.
شێخ قادر و ماڵومناڵ و هاوەڵانی ماوەیەک لە پیران دەبن، پاشان دەچنە هەزارخانی. شاعیری ناوداری کورد حەمدیی ساحێبقران، هەر لەو کاتانەدا بەهۆی دژایەتیکردنی ئینگلیزەوە ئاوارەی ئێران دەبێت، و ماوەیەکی زۆر لای شێخ قادری شێخ کەریم دەمێنێتەوە و رێزێکی زۆری لێ دەگرێت. شێخ قادر هەرلەوێ کۆچی دوایی دەکات و بەشان تەرمەکەی دەهێننەوە بۆ کوردستانی عێراق.

ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە
بۆ راستیی ئەمە، سەیری یاداشتەکانی شێخ لەتیفی شێخ مەحموود دەکەین،کە لەلاپەڕەی (177) ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت ( کاتێک هاتینە پیران،دێیەکی دڵگیرانەی بچکۆلانە بوو،چەند ماڵێکی فەلاحی هەژاری تێدابوو،ئەو خانووەی کە خزمە دڵسۆزەکەی شێخ مەحموود، خوالێ خۆش بوو شێخ قادری شێخ کەریم، دوای شەڕی دەربەندی بازیانی 1919 دروستی کردبوو، تیایدا دانیشتین)***.

خاڵێکی گرنک،کە لەم راپۆرتەدا جێی سەرنجە، ئەوەیە شێخ کراوە بە حوکمداری سلێمانی،بەڵام ئەم خەونی بە کوردستانەوە بینیوە و هەوڵی داوە بەرەو شارەکانی تری کوردستان پەلبهاوێت (کەرکوک، هەولێر) ئەمەیش پێچەوانەی ویستی ئینگلیز بووە،بۆیە حکومەتی ئینگلیز بیری لەوە کردووەتەوە، هەوڵ بدات تاکو خەڵکی لێی بتەکێنەوە،هەرواێش دەرچوو،توانی سەرۆکی زۆر لە عەشرەتە دەسڕۆیشتووەکانی لێ داببڕێت، تا وای ڵێهات کەسانێکی کەم بە دڵسۆزی لەگەڵیدا مانەوە وەک(عەشرەتی جەباری،شێخانی کڕبچنە، مکایەڵیی جاف،هەمەوەند، شێخانی بەرزنجە)و ئەو ئەفسەرانەی کە سوێندیان بۆخواردبوو لە گەڵیدا بمێننەوە.****

وەک لەم راپۆرتانەدا هاتووە،بەئاشکرا دەردەکەوێت،نەیانویستووە شێخ مەحموود لە سنووری سلێمانی دەرچێت و کوردستانێکی تەواو دروست ببێت. لەزۆر سەرچاوە و بەڵگەنامەی تریشدا بە ئاشکرا باسی ئەم بابەتەیان کردووە،لەوانە بە نموونە،،ولسن، ئەدمۆنز، ئەمەیش هۆیەکی سەرەکی بوو بۆ رووخانی حکومەتەکەی شێخ مەحموود.

ئالێرەدا و لە کۆتایی ئەم نووسینەماندا، جێی خۆیەتی بپرسین، ئەوە شێخ مەحموود لەگەڵ ئینگلیزدا نەگونجا و ئەوانیش سیاسەتەکەیان بەدڵ نەبوو،زۆری نەخایاند و شۆڕشەکە کپبوو،خۆ لەم کوردستانەدا دەیان سەرۆک هۆزی دەسەڵاتدار و چەندین رۆشنبیری گەورە هەبوون سیاسەتی ئینگلیزیان بەدڵ بووە، لەوانە هەندێک لە بەگزادەکانی جاف لە هەڵەبجە، هەندێک لە بەگزادەکانی پشدەر، هەندێک شێخی دەسڕۆیشتوو، چەند رۆشنبیر وئەدیبێکی گەورەی وەک تۆفیق وەهبی بەگ، محەمەد ئەمین زەکی بەگ،ئایە کەسێک لەناو ئەمانەدا پەیدا نەبوو یا لایقی ئەوە نەبوو، تاکو ئینگلیز شتێک بۆ کورد بکات و کاروبار بە یەکێکیان بسپێرێت؟ یا لە ستراتیژیدا، تەنها لە حوکمداریی شارێک، یا ناوچەیەکی تەسک نەبێت، هیچی تر بۆ کورد نەبووە!

ئاماژەو سەرچاوە:

*ئەو سێ هێڵە لە راپۆرتەکەدا نەبوون،ئێمەبۆ سەرنجڕاکێشان بەژێر نووسینەکەدا رامانکێشاون.

**لەوانەی سەرکردایەتی ئەو شەڕەیان کردووە:شێخ مستەفای شێخ قادری گوللەنەبڕ (سەنگاو)، شێخ حسێنی شێخ قادری کڕبچنە، شێخ رەزای شێخ فەتاح برازای شێخ قادری شێخ کەریمی کڕبچنە،کە لە ئێران دەمرێت و لە گوندی هەزارخانی دەنێژرێت. شێخ رەزا تاقە کچێکی هەبووە. ئەم کچە پاش حەفتاویەک ساڵ، لە رەوەکەی 1991دا بۆ سەردانی باوکی دەچێت بۆ ئەو گوندە، کەدەکەوێتە نێوان سنە و مەریوانەوە و لەوێ دەمرێت و لە پاڵ باوکیدا دەنێژرێت.

***یاداشتەکانی شێخ لەتیفی حەفید لەسەر شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی حەفید:ساغکردنەوەی کەمال نووری مەعرووف،پێشەکی شێخ مەحموودی شێخ کاوەی حەفید،چاپی1 هەولێر،1995،لا177.

****بڕوانە: یاداشتەکانی شێخ لەتیفی حەفید لا47 و 177،هەروەها بڕوانە ئەحمەدخواجە، چیم دی،بەرگی یەکەم،چاپی یەکەم، چاپخانەی شفیق⁄بەغداد- 1968، ل 34، هەروەها:عبدالرحمن ادریس البیاتی:الشیخ محمود الحفید البرزنجی والنفوژ البریگانی فی العراق حتی‌ عام 1925،تقدیم الدكتور كمال مڤهر احمد، مۆسسه‌ بنكه ی‌ زین، السلیمانیه‌، 2007، ص34، بڕوانە: م.ر. هاوار:شێخ مەحموودی قارەمان و دەوڵەتی خوارووی کوردستان،بەرگی یەکەم، لەندەن، 1990، لا 470.

راپۆرتەکان: العراق فی الوپائق البریگانیه‌ سنه‌ 1936 :اختیار وتحریر وترجمه‌ نجده‌ فتحی صفوه‌،منشورات مركز دراسات الخلیج بجامعه‌ البصره‌،1983

لا : 53-57-59-65-58-69 شایانی باسە ئەم زانیارییانەلەبارەی ئەو زاتە کوردانە لە 1935دا ئامادەکراون و لە 1936دا بەرزکراونەتەوە.

 306 جار بینراوە