سەرەکی » راپۆرت » هەرێمی كوردستان چی بكات؟

هەرێمی كوردستان چی بكات؟

لەبڕی بودجەی ئەمساڵی عیراق، كە 104 تریلیۆن دینارە، بڕی 12.7%ی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە، ئەمە جگە لەبودجەی پێشمەرگە كە لەچوارچێوەی هێزەكانی بەرگریی عیراقدا هاتووە، هەروەها بودجە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكانی عیراق‌و هەرێم دابینكراوە، هەموو ئەوانەش پەیوەستكراوە بەڕادەستكردنەوەی سەرجەم داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەحكومەتی عیراق.

شیرین عەبدولڕەحمان: سیاسەتی زۆرینەبوو بەرامبەر كەمینە
دوای پەسەندكردنی بودجەش بەبێ رەزامەندی‌و ئامادەیی كوردو بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، بەشێك لەپەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ زیادكردنی پشكی كوردستان، داوای بەكارهێنانی كارتی فشار دەكەن لەسەر بەغدا. لەوبارەیەوە شیرین عەبدولڕەحمان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەكوردستانی نوێ-ی وت: ئەوەی روویدا لەئەنجومەنی نوێنەران لەپەسەندكردنی بودجەدا سیاسەتی زۆرینەبوو بەرامبەر كەمینە، بەجۆرێك بودجەكە بودجەیەكی عەرەبی شیعەیە، لەكاتێكدا ئەوەی لایەنە كوردستانییەكان داوایانكردووە لەبودجەدا بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە نەوەك بەرژەوەندی حزبی.
سەبارەت بەكارتی هەرێمی كوردستان لەسەر بەغدا بۆ گەڕانەوەی شایستە داراییەكان، ئەوەی خستەڕوو كە بەبۆچوونی من دوو خاڵ هەیە، یەكێكیان ئەوەیە سەرۆك كۆمار پێگەكەی خۆی بەكاربهێنێت‌و ئیمزای پڕۆژەكە نەكات، دووەمیشیان پرسی كشانەوەیە لەبەغدا، كە پێویستە بەوردی قسە لەسەر ئەو بابەتە بكرێت‌و حساب بۆ لایەنەكانی تری بكرێت، تا بزانین بەرژەوەندیی كوردستان لەكشانەوەیە یان مانەوەدایە، بۆ ئەوەی تووشی كێشەی گەورەتر نەبین، چونكە هەر هەنگاوێكی لەو جۆرە بەبێ خوێندنەوە بۆ بارودۆخەكە كاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان دەبێت‌و پێویستیشە لەسەر ئەو پرسە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنینە سەرخەت، بۆ ئەوەی بزانین حكومەتی عیراق چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات‌و بەبێ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی هەرێم، بودجە پەسەند دەكات.
ئەحمەدی حاجی رەشید: زیاتر فشار لە كورد دەكرێت
هەر تایبەت بەو باسە، پەرلەمانتار ئەحمەدی حاجی رەشید بۆ كوردستانی نوێ ئەوەی ئاماژەپێكرد كە كشانەوە لە بەغدا پێشنیازی چەند پەرلەمانتارێكە‌و ئێستا ئەوە بژاردەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نییە، چونكە ئەوە پێویستی بەزەمینەی سیاسیی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی پشتگیریمان بكرێت‌و ئێستاش ئەو زەمینەیە لەبارنییە. وتیشی: بۆئەوەی فشار لەسەر بەغدا دروستبكەین، پێویستە بگەڕێین بزانین عیراق لە چ پێگەیەكدایە تاكو بەگوێرەی ئەو پێگەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، هەرچەندە ئێستا هەندێك لەهێزە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندان، بەڵام كاتێك دێتەسەر پەیوەندیی نێوان هەرێم‌و عیراق، زیاتر فشار لەكورد دەكەن، بۆیە پێویستە مامەڵە لەگەڵ واقیعەكەدا بكەین، چونكە ئێستا عیراق لەپێگەیەكی بەهێزدایە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە پەیوەستكراوە بەڕادەستكردنەوەی سەرجەم داهاتەكانی ناوخۆ بەبەغدا، بەڵام حكومەتی هەرێم بودجەكەی رەتكردۆتەوەو مامەڵەی لەگەڵدا ناكات، ئەوەش دەریدەخات كە هەرێم داهاتەكانی تەسلیم بە بەغدا ناكاتەوە، بەوەش بەغدا ئامادە نییە هیچ بودجەیەك بنێرێت.

مەسعود حەیدەر: مانگانە 500 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكرێت
هاوكات، پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر لەفراكسیۆنی گۆڕان، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانە، ئەوەی بەكوردستانی نوێ راگەیاند: لەبودجەی گشتیی عیراقدا شەش تریلیۆن و 597 ملیار دینار وەك پشكی هەرێم پەسەندكراوە، ئەمە جگە لەزیادكردنی یەك تریلیۆن دیناری تر لەیەدەکی فریاكەوتن، هەروەها لەپڕۆژەیاساكەدا هاتووە پێویستە هەرێم هەموو داهاتی نەوتی خۆی بداتە بەغدا لەبەرامبەردا حكومەتی عیراق مانگانە 500 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات.
ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوەی حكومەتی عیراق لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان دەیكات وەك پێنەدانی شایستە داراییەكان‌و داخستنی فڕۆكەخانەكان، هەمووی پێشێلكاریی دەستوورەو دەبینین بەغدا لەبەرپرسیارێتی خۆی دەدزێتەوە، بۆیە نابێت سەركردایەتیی سیاسی لەئاست ئەو پێشێلكارییانەدا بێدەنگ بێت، دەبێ دیراسەی هەموو ئەو هەڵوێستانەی حكومەتی عیراق بكات، كە ئایا هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵ دەكرێ بەو جۆرە لەلایەن بەغداوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ.

د.بەختیار شاوەیس: پێویستە خوێندنەوە بۆ دەرئەنجامەكانی كشانەوە بكرێت
لای خۆیشییەوە، د.بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەفراكسیۆنی سەوز بەكوردستانی نوێ وت: ئەوانەی زیاتر باس لەكشانەوە لەپرۆسەی سیاسیی عیراق دەكەن، زیاتر بۆ موزایەدەی سیاسییە، چونكە بەر لەو هەڵبژاردەیە پێویستە خوێندنەوە بۆ دەرئەنجامەكانی كشانەوە بكرێت، بەجۆرێك ئەگەر بكشێینەوە بەرنامەمان چی دەبێت بۆ داهاتوو.

ئەشواق جاف: ئەوانە هەمووی پێشێلكارییە بەرامبەر بەخەڵكی كوردستان
هەروەها، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەفراكسیۆنی زەرد، ئەوەی بۆ كوردستانی نوێ ئاشكراكرد كە لەپڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عیراقدا غەدرێكی گەورە لەخەڵكی هەرێمی كوردستان كراوە، وتیشی: جگە لەپرسی بودجە، ماوەی چەند مانگێكە بەغدا وردبینی لەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا دەكات، كەچی هیچ بڕەپارەیەك رەوانەی هەرێم ناكات، جگە لەوەش مافەكانی پێشمەرگەو جووتیاران بەهەمانشێوە هیچیان بۆ نەكراوە، كە ئەوانە هەمووی پێشێلكارییە بەرامبەر بەخەڵكی كوردستان دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی حكومەتی بەغدا، پێویستە سەركردایەتیی كوردستان كۆببنەوەو كێشەو ململانێ سیاسییەكان‌و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن وەلابنێن‌و هەڵوەستەیەك بكەن لەوەی ئایا ئێمە بەردەوامبین لەقبوڵكردنی ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بەهەرێمی كوردستان دەكرێت لەلایەن بەغداوە، یان دەبێت پلانێكی تازە بۆ رزگاركردنی ئەم میللەتە دابنێن.

print

 33 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*