سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی‌ فیدراڵییه‌كه‌ی‌ ئه‌سیوپیا

تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی‌ فیدراڵییه‌كه‌ی‌ ئه‌سیوپیا

ئا: گۆران فه‌تحی

مشتومڕێكی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیی له‌ دوای قۆناغی دووه‌می پڕكردنی به‌نداوه‌كه‌ی‌ ئه‌سیوپیا دروست بووە، به‌تایبه‌ت دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ لافاوی رووباری نیل، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌سیوپیا نه‌یتوانی له‌ 3 ملیار مه‌تر سێجا زیاتریش ئاو گلبداته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئامانجی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌بوو 13 ملیار مه‌تر سێجا ئاو گلبداته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئاوی رۆیشتوو بۆ هەریەک لە میسر و سودان كه‌می نه‌كرد و كاریگه‌ریی‌ گلدانه‌وه‌ی‌ ئاوی به‌نداوه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر نه‌بوو، لانیكه‌م له‌مساڵدا، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت هه‌رسێ وڵات (میسر و سودان و ئه‌سیوپیا) بگه‌ن به ‌ئه‌نجامێكی جێی ره‌زامه‌ندیی هه‌رسێ لایەن سه‌باره‌ت به‌ به‌نداوه‌كه‌ و كارپێكردنی.

جەنگ له‌ هه‌رێمی تیگرای ئه‌سیوپیا
له‌گه‌ڵ كێشه‌ی‌ به‌نداوی نه‌هزه‌ كه‌ ئه‌سیوپیا رووبه‌رووی بۆته‌وه‌، ئه‌وا ته‌پڵی جەنگ له ‌هه‌رێمی تیگرای ئه‌سیوپیاوه‌ به‌ره‌و ویلایه‌ته‌كانی تری‌ ئه‌و وڵاته‌، وه‌كو كالارۆمۆ و ئه‌لعه‌فر و ئه‌مهه‌ر ته‌شه‌نه‌ی‌ كردووه‌، ئابی ئه‌حمه‌دی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌سیوپیاش داوای له ‌گه‌نجانی وڵاته‌كه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ ده‌ست بده‌نه‌ چه‌ك بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ رزگاریی تیگرای، كه‌ به‌پێی یاسای ئه‌سیوپیا له‌ناو لیستی تیرۆردایه‌.

ئه‌وه‌ی‌ جێی سه‌رنجیشه‌، به‌ره‌ی‌ رزگاریی تیگرای توانیوێتی‌ رێگریی‌ له‌ هێزه‌ فیدرالییه‌كانی ئه‌سیوپیا بكات له‌ چوونه‌ ناو هه‌رێمی تیگرایه‌وه‌، لەو کاتەدا کە به‌ره‌كه‌ توانیوێتی‌ سه‌ربكه‌وێت به‌سه‌ر هێزه‌كانی حكومه‌تدا و ناچاری بكات هه‌رێمه‌كه‌ بەجێبهێڵێت، ئه‌مه‌ چ جای ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ حكومییانه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانیش له ‌تیگرای دایمه‌زراندوون ده‌رپه‌ڕێنێت، ئه‌وه‌ش قه‌یرانی تیگرای له ‌ته‌نها پرۆسه‌یه‌كی‌ سه‌ربازیی و سیاسییه‌وه‌ گۆڕیووه‌ بۆ قه‌یرانی مان و نه‌مانی فیدرالییەکەی له ‌ئه‌سیوپیای نوێدا دروستبووە به‌گشتی.

ئه‌و جه‌نگه‌ی‌ له‌ تیگرای ده‌ستیپێكردووه‌ له‌مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵدا، كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌كی‌ مرۆیی گەورەی لێكه‌وتۆته‌وه‌، كه‌ به‌ له‌سێداره‌دانی راسته‌وخۆی چه‌كدارانی به‌ره‌ی‌ تیگرای له‌لایه‌ن هێزه‌ حكومییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و دواتر به‌ ئابڵوقه‌ی‌ هه‌رێمه‌كه‌ و تێوه‌گلانی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی سه‌ربه ‌حكومه‌ت له‌ پێشێلكاریی مرۆیی به‌رده‌وامی پێدرا، هه‌روه‌ها ئه‌دیس ئه‌بابا داوای له‌ سوپای ئه‌رتیریای‌ دراوسێی كرد تا هاریكاریی بكات له‌ سه‌ركوتكردنی چه‌كدارانی هه‌رێمی‌ تیگرای-دا، ئه‌مه‌ش هه‌ڵاتنی هه‌زاران هاووڵاتی تیگرای لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ به‌ره‌و سودان چوون له‌ترسی شەڕو پێکدادانەکە.

حكومه‌تی ئه‌سیوپیا له‌پاڵ ئه‌وانه‌دا سیاسه‌تی برسیكردنی به‌رامبه‌ر ‌دانیشتوانی تیگرای په‌یڕه‌وكرد و رێگریشی دەكرد له‌ چوونی یارمه‌تی و هاریكاریی مرۆیی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه‌، به‌پێی به‌یاننامه‌ی‌ رێكخراوه‌ مرۆییه‌ خۆبه‌خشه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكایی بۆ گه‌شه‌پێدان، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی‌ دروستبوونی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی‌ برسیكردن بۆ زیاتر له‌ 400 هه‌زار هاووڵاتی تیگرای.

كه‌لـله‌ره‌قی ئه‌دیس ئه‌بابا
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ده‌رهاویشته‌ و كاره‌ساتانه‌ی‌ باسمان كرد، كه‌ هه‌مووی‌ به‌خراپه‌ به‌سه‌ر ئه‌دیس ئه‌بابادا شكاوه‌ته‌وه‌، ئه‌وا هێشتا حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ سووره‌ له‌سه‌ر مه‌به‌ستی‌ خۆی‌ بۆ شكستپێهێنانی به‌ره‌ی‌ رزگاری تیگرای، به‌وپێیه‌ی‌ گوایه‌ گروپێكی تیرۆریستییه‌ به‌پێی یاسای ئه‌سیوپیا، له‌به‌رئه‌وه‌ بیرۆكه‌ی‌ دانوستان و چاره‌سه‌ری‌ ئاشتییانه‌ و وازهێنان له‌ پڕكردنی به‌شێكی گه‌لی ئه‌سیوپیا دژبه ‌به‌شه‌كه‌ی‌ تر، دووره‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌دیس ئه‌باباوه‌، دروشمی «چاره‌سه‌ری ئه‌فریقایی بۆ قه‌یرانه‌كانی ئه‌فریقاش»كه‌ ئه‌دیس ئه‌بابا پێشتر پابه‌ندی خۆی‌ پێوه‌ راگه‌یاندبوو، كاری پێناكات و ئاساییش بوو كه‌ ئه‌دیس ئه‌بابا هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی سودان ره‌تبكاته‌وه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت و به‌ره‌ی‌ رزگاریی تیگرای له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ، به ‌سه‌رپه‌رشتی وڵاتانی ئه‌فریقا، بۆ كۆتایی هێنان به‌و قه‌یرانه‌ی تیگرای كه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌كات به‌ره‌و رێڕه‌وێكی ترسناكتر.

پاساوی ئه‌دیس ئه‌باباش بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی سودان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ متمانه‌ی‌ به ‌خه‌رتوم نییه‌، به‌وپێیه‌ی‌ لایه‌نێك له‌نێو ده‌سه‌ڵاتی سوداندا دژ به‌ ئه‌دیس ئه‌بابایه‌ و خاكی ئه‌سیوپیای‌ داگیركردووه‌.

جووڵه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌سیوپیا
ده‌كرێت جوڵه‌كانی ئابی ئه‌حمه‌دی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌سیوپیا له‌چه‌ند ئاراسته‌یه‌كدا كورت بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ یه‌كه‌م و گرنگترین و مه‌ترسیدارترینیان ئه‌و پڕكردنەی‌ رای گشتییه‌یه‌ له ‌ناوخۆی‌ ئه‌سیوپیادا به‌رامبه‌ر به ‌تیگرای، كه‌ ره‌نگه‌ رق و ئاڵۆزیی گه‌وره‌ له‌نێو ئیتنیكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی فیدرالییزمەکەی‌ ئه‌سیوپیادا زیاتر بكات، ئه‌مه‌ چ جای زیادكردنی درزی نێو كۆمه‌ڵگەی ئه‌سیوپیا و له‌ده‌ستدانی گرنگترین مه‌رجه‌كانی یه‌كڕیزیی مانه‌وه‌ی‌ سیستمی فیدرالی له‌و وڵاته‌دا.

دووه‌م ئاراسته‌ كه‌ ئابی ئه‌حمه‌د كاری له‌سه‌ر ده‌كات، هێنانی پاڵپشتی ده‌ره‌كیی نا ئه‌فریقییه‌ بۆ پاڵپشتی له‌خۆی‌ دژبه ‌لایه‌نێكی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ كه‌ توركیایه‌ و یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ ئه‌دیس ئه‌بابا پشتی پێ ‌ده‌به‌ستێت، چونكه‌ ئێستا ئیراده‌ و بۆچوونی توركیا و ئه‌سیوپیا یه‌كده‌گرنه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ زیادكردنی هاریكاری نێوانیان و له‌چه‌ندین بواردا به‌تایبه‌تی له‌رووی سه‌ربازییه‌وه‌، كه‌ دۆسێیه‌كی‌ گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئابی ئه‌حمه‌د بوو له‌م دواییه‌دا بۆ ئه‌نقه‌ره‌، كه‌ به‌ڵینی به‌ ئه‌سیوپیا داوە پاڵپشتی سه‌ربازیی حكومه‌ت بكات له‌ رووی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌، به‌تایبه‌تی دابینكردنی فڕۆكه‌ی‌ بێفڕۆكه‌وانی هێرشبه‌ر، كه‌ رۆڵی گه‌وره‌ی‌ ده‌بێـت له جەنگی هێزه‌كانی حكومه‌تدا دژبه‌ به‌ره‌ی‌ رزگاریی تیگرای.

سێیه‌م ئاراسته‌ش، گوێ نه‌دانی حكومه‌تی‌ ئه‌سیوپیایه‌ به‌ هه‌وڵه‌كه‌ی‌ نێرده‌ی‌ ئه‌مریكا بۆ ئه‌فریقا، بۆ راگرتنی جەنگ له ‌تیگرای و پاراستنی ئه‌سیوپیا له‌ لێكترازان و له‌تبوون، یان تێوه‌گلان له جەنگێکی ناوخۆیی، كه‌ كاریگه‌ریی‌ به‌سه‌ر هه‌موو بارودۆخی ئه‌فریقا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاشه‌وه‌ ده‌بێت.

رازی نه‌بوونی ئه‌سیوپیا به ‌هه‌وڵه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا خۆی‌ له‌و بڕوایه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مریكا له‌سایه‌ی‌ سه‌رۆك جۆ بایدندا، ده‌یه‌وێت گوشار بخاته‌ سه‌ر ئه‌دیس ئه‌بابا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هێزی تری هه‌رێمی له ‌ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها گوایه‌ واشنتۆن له‌ هه‌ڵویستی ئه‌سیوپیا تێناگات سه‌باره‌ت به‌ دانوستانه‌كان له‌سه‌ر به‌نداوی نه‌هزه‌ و زیاتر نزیكه‌ له‌ بۆچوون و هه‌ڵوێست و به‌رژه‌وه‌ندیی میسر و سودانەوە.

*(الاختبار الكبیر للفیدرالیة‌ الاثیوبیة‌).. د.حه‌سه‌ن ئه‌بو تالیب.. رۆژنامه‌ی‌ الشرق الاوسط سێشه‌ممه‌ 24 ته‌مووز ژماره‌ 15610

 150 جار بینراوە