سەرەکی » ئاراستە » وێنەی پیاوێكی زمان شكاو

وێنەی پیاوێكی زمان شكاو

سمكو محەمەد

 

مۆنۆلۆگەكە خەریكە تەواو دەبێت
ژیان بۆتە كاغەز كاغەزێن بەدەست قومارچییەكانەوە
پیاوێكی ترساو
وەك ئەوەی بەزەردە برینی مەسیحەوە موژدەی پێ بێ‌
چەند یاردەیەك لەولای تاریكییەوە راوەستاوە و
بۆ ئاسۆیەكی روناك دەڕوانێ‌ و
دەڵێ‌ هەموو نهێنییەكان سبەی لە سەربانەوە دەیبیستن.
من ئەم قسەیەم لەمێژە بیستووە
لەوەدەچێ‌ مانیفێستێكی نوێ‌ هاتبێ‌ بۆ ژیان
مانیفێستێك بەماسكەوە
سنووری سووری ژیان ماڵە
سنووری سووری هەناسە بوتڵی بەتاڵە
سنووری سووری ژیان گەمەی منداڵە
وادیارە بانگی ئاشكرا هێشتا شكۆفەی نەكردووە
ئەمە مانای شاراوەی ئەوەیە
هەر روخسارێك دڕكێكی پێداچوو بێت
ئەسرینی هەر دڕكێك بەخونچەیەكدا چەقیبێت
چرچو لۆچی دەخاتە سەر لێوی خەندەیەك كە مۆنۆلۆگی ژیانی بڕیوە
پێدەچێ‌
لەسەرەتاوە بۆمان نووسرابێ‌ خەڵك دەبێ‌ لەیەكتری توڕەبن
لەقینی یەكتر
تف لەسێبەری كێلە قەبری داهاتووشیان بكەن
ئەو قەبرانەی بەبچووكی لەسەریان نووسراوە
(خۆتان لەگەڵ خۆتان ئاشت بكەنەوە)
بەسەرێكیش ناهەقیان نییە
تەنها شتێك لەپاش مەرگ خۆش بێ‌. (لاواندنەوەیە)
هەستم راگرتووە
ئەمە كۆتایی دیمەنە كۆنەكانی مێژووە
دووبارە بوونەوەی تاعون و مالاریایە
ئاماژەكان نوزەیان لێبڕاوە و پیاوەكانیش زمانیان
زەین بدە
هەر ستوونەكانی شار نیین دەبن بەقامیش
هەر كڵاوی قیتی چیاكان نیین دەبن بەقەلەڕەش
هەر سینگی وشكی ئەم زەوییە نییە دەبنە مەیدانی جەنگ
هەر دەریاكان نیین دەبنە جۆگەلەی بۆگەن
زایەڵدارەكانیش بە گوێی خۆیاندا دەنگدەدەنەوە و جنێو بەخۆیان دەدەن
وادیارە ئێرە پێشتر دوورگەی قیسارە بووە
دوورگەی لاماسۆ و عەشتار و پشیلە
بۆیە زمانیش وێنای ناكات
چوون من بیستومە
قیسارە حەزی لە ژێیەكانی خۆیەتی بەتەنها بلەرێتەوە
ئێرە شوێنی زەنگ لێدانی ئێوارە خوانێكی بێدەنگە
بۆ خانەدانەكان
لاماسۆ بەئاسمانی باخۆسییەكاندا دەفڕێ‌
عەشتار چیرۆكی ئاوارەبوونی ئەرمەن دەگێڕێتەوە
پشیلە بۆ ئەهرامە داگیركراوەكان دەمیاوێنێ‌
قومارچییەكان ئاگایان لەوە نییە
هاكا بیستمان
ئەفسەرێكی توڕە ئاسمانی دوكەڵاوی كردووە و ژیان راوەستا
ئەوان لەبری ئەوەی بە مۆزیك مردن پوچەڵ بكەنەوە
بیللییەك فڕێدەدەنە سەر مێز و جگەرەی بێئومێدی دادەگیرسێنن
دەڵێن هەمووی
خەتای خەتابارێك بوو كە نەیهێشت لەسەر زەوی گرەو بكەین
لێرە هیچ رەوتێك لەسەر رێگەی خۆی ناڕوات
هیچ هۆشیارییەك ناتوانێ‌ رۆژگار بژمێرێت
هیچ هەڵمێك دڵۆپە ئاوێك وێنا ناكات
هیچ وەرزێكی نوێ‌ لەسەر رۆخی ئەم تابلۆ تێكشكاوانە نانووسێ
هیچ شتێك جارێكی تر بریسكە ناداتەوە
هیچ تاقمێكی نائومێدیش پێكەوە كۆچ ناكەن
هیچ پیاوێكی تێكشكاو نابینی
چیرۆكی پاڵەوانێتی خۆی نەنووسێتەوە و نەیكات بەمنەت بەسەر خەڵكەوە
یان پەیڤێك نەدركێنێ‌ وەكو پەندی پێشینان
نەستەق
لەنەستەقیا … فەلسەفەش ناشیرین بكات
دەمەوێ‌ ئەم مانیفێستە بدڕێنم و ئیمانێكی تر بخوڵقێنم
شەوو رۆژ تەماشای خوارەوەی ئەم زەمینە دەكەم و منەی بۆشاییەك دەكەم كە خەیاڵە
تەماشای چاو بەستراوەكان
دومبەڵی ژێر هەنگڵی خوێندكاران
پەیكەری لوتشكاوی سەر شەقامەكان
قسەی نەبیستراوی لاڵە پەتەكان
بزەی سەر لێوی كوێرەكان
تەماشای حەوشەی ژنە بێ‌ حەیاكان دەكەم
پۆلیسێك زمانی لە كەلەپچەیا وێناكردووە
سەری بۆ كێشە دەخورێنێ‌
كێشەی شارێك هێشتا گەشتیار سەفەریان بۆ نەكردووە و
بانگی سەربەخۆیی تیا نەدراوە
لێرە لەم بێهودەییە هیچ نادۆزمەوە
ئەم زمانە بۆیە شكا
چوون هەرگیز پێم عەیب نەبووە بەپێچەوانەی خەڵك بڕۆم
هەستم بەژان نەكردووە خوێ‌ بكەمە سەر برینەكانی خۆم
هەمیشە شەڵاڵی عارەق بووم
ئاگام لەسەگە بەڕەڵاكانیش بووە
چاوم لەو پشیلانەش بووە
بەبێ‌ تاوان لەسەر شەقامەكان بەسكی برسی دەكوژران
ئەو پشیلانەی پیرێژنیش بەردیان تێدەگرن
من هیچ چارەسەرێكم پێ‌ نییە
بەناچار ئەو دەرگایانە رەسم دەكەم
كەس ناچێتە بەر سێبەرەكەی
ئەو ئەستێرانە دەژمێرم كە ناویان نییە
لەو شەقامانەی ژێرەوەی زێرابەكان
هەموو ئەمانە بەقەد شقارتەیەك ترسی نەبووە كە بەدەست بەدكارێكەوەیە
ئەوەش دەزانم كە بەكراسێكی شینەوە
لەشكری گوندی ناڕوخێ‌ و ناتوێتەوە
لەبەر خۆمەوە بیر لە بیرەوەرییەوەكانم دەكەمەوە
دەزانم كە ئەوان دەمترسێنن
هەركەسێك پاكانەی كردبێ‌ گرینگ نەبووە
پاكانە بۆ ئەو كەسە كەمانەیە كە لاپەڕەیەك و شاهیدێكیان نییە لە ژیان
نەزان هەقیەتی نەزانێ‌ ئەم زەمەنە بەرەو كوێ‌ دەڕوات
من لەقینی هەموو خەمەكانی تر
خەمی ئەوەمە بۆچی خێزان ناوێرن پێكەوە قاوڵتییەك بخۆن
سنوور لێرە كۆتایی نایات
رێگەی رۆژهەڵات وشكە و رۆژئاواش شێدار
رێبوارەكان بەدرۆ شەوڕۆیان لەپێ كردووە و لەهیچ دەرگەیەكیان نەداوە
ئەوانەی هەمیشە ئێواران هەڵگژاون بەسەر شاخدا و
درەنگ وەختیش تەماشای خۆرەتاویان كردووە
رەوتی ژیان ناناسنەوە
چون ئەمجارەیان كە خۆرئاوا بوو كەسیان
بەو رێگەیەدا ناچنەوە بانە
ئەمجارەیان دەچنەوە گەرمیان
ئەمجارەیان رۆژئاوا درەنگ لەخەو هەڵدەسێ‌
باكوریش بۆ نان خواردنی بەیانی خۆشە و نانی شێوانیشی سوێر
من لەكتێبە كۆنەكاندا خوێندوومەتەوە
زمان ناتوانێ‌ باسی نەخوێنەوارەكان نەكات
رەنگە كچێكی نەخوێندەوار ئازادتر بێت
لەو پیاوانەی لەسەردەمی شۆڕشدا بانگەوازیان بۆ ئازادی دەكرد
لاتەریكی خەڵكی ئێرە لەدەستووری ناوەندی كە لەنیگایاندا دیارە
لەو نهێنی یە دەچێ‌ كە كەس نایزانێ‌
لەو خێوە دەچێ‌ كە خەڵك لەخۆڕا لێی ترساون
لەمەوە تێدەگەی
ئەبڵەق بوون لەبۆنی ناخۆش و لەنەخۆشی گرانەتای عەقڵ خراپترە
سەرسام بوونی منداڵێتی لەخێوەتی قەرەجەكان و لەنیشتیمانێكی بێ‌ شوێن دەچێ‌
وەسوەسەی كەسێك لە بۆ كڕوزی قژی داغبووی كچێكی شەڕڤانی نەشارەزا لەشەڕ
باشترە لەدزێك كە ناوی جەنگاوەرە
ئەم رستانەم بۆ شیناكرێتەوە
موعجیزەی زەریا ئەوەیە كە لەسەهۆڵ سارد ترە
ترسی دارێكی وشكیش قومارێكە لەنێوان خۆی و كلكە تەورێكدا
شەویش ئەوەندەی كە ترسی لەتیشكی خۆرە
ئەوەندە ترسی لە هەور نییە
من هەمیشە دڵەڕاوكێمە و پرسیاری بێ‌ وەڵام دەكەم
كاتێك لەترسان خەوم دەزڕێت
ئەوكاتەی دەبینم خەڵك نووستوون
سەیرو سەمەرەی دایك و باوكیشم
هەر ئەوەبوو كە دەمارییان ئاوسا بوو لە ژیان
ئەوان لەداخی ئەبڵەق بوونی منداڵ و لە ماكینەیەك كە كاری ئەتككردنی هەرزەكاریی بوو
لەداخی بانگەوازی حكومەت لەدوای نوێژی شێوانی زستان
هەڵاتن بۆ ژێر زەوی دەبینم
خەڵك هێشتا رێگایەكیان نەبڕیوە درەنگتر بیانگەێنێتە جێ‌
عەمبارێكی چۆڵیان نەبینیوە بەسكی برسی
هێشتا نەیانزانیوە گۆڕینەوەی گوندێك بەژورێكی شار چەند زەرەرە
هێشتا گوێیان لەجیڕەی دەرگایەك نەبووە
وەختێك پۆلیس پاڵیان پێوەدەنێ‌ و جنێوی پیس بەنامووسیان دەدەن
هێشتا تەلەزگەیەكیان نەدیوە جلكیان بگرێت و
نەهێڵێ‌ لەسنوورەوە رابكەن بۆ سنوورێكی تر
هێشتا دەمانچەیەكیان نەبینیوە لەسەر پێ بێ‌
هێشتا نەیانزانیوە پانتۆڵی كورت مۆدێلی قاچاخچییەكانە
یان خۆ پارێزییە لە گۆشتخۆرەكان ی بازاڕ
ئەوان كە ساڵەهایە سەردانی بازاڕدەكەن
هێشتا نەیانزانیوە گمەگمی كۆتر لە چ مانگێكدایە
غەڵبەغەڵبی فێرگەكان و تەنگەنەفەسی دانیشتوانی شار
بەتێروپڕ هەنسك و گریانەوە
لە چ مانگێكی ساڵدا دەبنەوە بە كەیسێكی لێكچوو و توڕەبوونی خەڵك
كەچی لە كتێبێكی كۆندا نووسرابوو
لەتەنیشت پەنجەرەیەكەوە نامەیەك بەدزییەوە وەكو نوشتە هەڵواسن
دەیان جار كۆڵانەكان بگەڕێن بۆ تەنها جارێك بینینی یار
ئازاری ددانتان لەبیر بكەن كە بەمێخەك و رۆنی ماشین و عارەق دادەمركایەوە
لەپێناو وەرگرتنی كاغەزێكی یاساغ كە پیاوێكی بەتەمەن بەمەئمورییەت پێتانی دەسپێرێ‌
رۆژانی هەینی.. لەترسا بخەون و
شەمموانیش لەبەردەم مزگەوتەكان
خەریكی نۆ ریزكێن بن لەگەڵ بێكاران
لاپەڕەیەكی كراوە باشترە لە كتێبێكی داخراو
زمانم شكاوە
من ئەو پیاوەم كە زمانم شكاوە
هەر ئەوەندەم بۆ دەنووسرێ‌
وێنەی ئەو پیاوانەم بەچاوی خۆم بینیوە

 64 جار بینراوە