سەرەکی » راپۆرت » فریودانی کچان و کوڕان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانداپەڕە 2

فریودانی کچان و کوڕان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا

راپۆرت: رێزە حسێن

سەرەتا وەك دوو هاوڕێ، بەردەوام زیاتر لە 15 سەعات لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە گفتوگۆیان كردووە، دواتر هاوڕێیەتی نێوانیان دەگۆڕێت بۆ خۆشەویستی و متمانەیەكی زۆر، بەڵام بە هەڕەشەكردن و داوای پارەیەكی زۆر لە بەرامبەر گرتە ڤیدیۆیی سێكسی كچەكە كە لە كاتی پەیوەندییەكەیاندا بۆ كوڕەی ناردووە كۆتایی دێت، ئەمە چیرۆكی (گ، س)، كە یەكێكە لە كچە قوربانییەكانی سۆشیال میدیا، ئەو باس لە کێشەی خۆی دەکات و دەڵێت: بەهۆی نەدانی پارە، كوڕەكە هەموو گرتە ڤیدیۆییەكانی بۆ كەسوكار و هاوڕێكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك ناردووە، هەروەك تۆمەتبار كۆتا هەڕەشەی ئەوە بووە كە بۆ براكەشی بنێرێت.

كۆتاییەكی ناچاری
ئێستا هەواڵە گەرمەكانی ناو سۆشیال میدیا، بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆی سێكسی ئەو كەسانەیە كە تێوەگلاون بەو كێشەیە كە جگە لە ئابڕوچوون و زیانی مادیی زۆر، مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروستكردووە، چونكە سەرجەم ئەو كەیسانەی دەكەونە باری كۆمەڵایەتییەوە، هەندێك كات بە رێگەی یاسایی چارەسەرنابن و لە نێوخۆی خێزانەكاندا و بە رێگەی عەشایەری و بە كوشتنی قوربانییەکە یان خۆكوژی و تۆڵەكردنەوە لە كەسانی بەرامبەری، كۆتایی پێدەهێنرێت.

ئامانج بۆ دەستكەوتنی پارەیە
بە هۆی پێشكەوتنی دنیا بە رووی تەكنەلۆژیادا، تاكی كۆمەڵگە لە هەموو جیهان و كوردستانیش، بووەنەتە خاوەنی ئامێری زیرەك و لەو رێیەشەوە دەست گەیشتن بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیا، هەر بۆیە ماوەی چەند ساڵێكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پشكی شێریان بەركەوتووە بۆ هاتنەئارای كێشەی هەمەجۆری كۆمەڵایەتی و دروستبوونی باند بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندن، بۆ دەستكەوتنی وێنە و گرتە ڤیدیۆیی هەردوو رەگەز (نێر و مێ) و ئامانجی سەرەكی بۆ پەیداكردنی بڕێكی زۆری پارەیە كە زۆربەی كات رەگەزی مێ بە پلەی یەك قوربانی دەبێت و دواتر ئابڕوچوونی خێزان و كەسوكاری بە پلەی دووەم بە دوایدا دەهێنێت.

لە هەموو چینێکی تێدایە
لە هەموو جیهاندا و بەتایبەتی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین هێز بۆ خستنی كەسێك و ناچاركردنی بۆ جێبەجێكردنی هەر داوایەك، گورزی ئابڕوبردنە لە چوارچێوەی سێكسی ناشەرعی بە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی، پێكانی ئامانجیش بڵاوكردنەوەیەتی لە سۆشیال میدیا كە فەزایەكی كراوەیە بە ئاسانی دەگاتە بەر دیدی بەكارهێنەرانی.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئێستا تەنها نەبووەتە مەترسی گەورەی ئابڕوبردنی كچان و ژنان و پارە وەرگرتن لێیان، بەڵکو ئەمە پەلی هاویشتووەتە نێو كەسایەتییە دیار و ناودارەكان و خەڵكانی سیاسی و دەسەڵاتدار و…هتد. بەجۆرێك دەرچوون و دەربازبوون لێی مەحاڵە و كەسی قوربانی، جگە لە زیانی ماددی گەورە، ئابڕوچوونەكەی سەرتاسەری هەموو جیهانی لێ ئاگادار دەكرێت.

دەستگیرکردنی تۆمەتباران
كوردستانی نوێ بەدواداچوونی کردووە، بۆ هەر حاڵەتێكی هەڕەشەكردنی بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی سێكسی، سكاڵا كە ئەگەر بۆ كەسێكی دیاریكراو بێت، راستەوخۆ دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر تۆمەتبار دەستگیر دەكرێت، بەڵام بۆ ئەو حاڵەتانەی كەسی قوربانی لە كەسێك زیاتر ڤیدیۆی ناردووە و تۆمەتبار نادیارە تەنها گومانی لەسەرە، ئەوكات كارەكە بۆ لایەنی پەیوەندار لە پۆلیس و ئاسایش قورستر دەبێت و زۆرینەی كات دۆزینەوەی قورس دەكات.

لە كوردستان حاڵەتە و نەبووەتە دیاردە
نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی لەوبارەیەوە زانیاری زیاتری بۆ کوردستانی نوێ خستەڕوو و ئاماژەی بەوەكرد كە تا ئێستا ئەو كێشانە لە هەرێمی كوردستان حاڵەتە و نەبووەتە دیاردە، وتیشی: بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی بەتایبەت وێنە و ڤیدیۆی سێكسی، رۆژانە سكاڵا لە لایەن كچان و ژنان و پیاوانەوە لە هەموو پلە و پێگە و ئاستێكدا لە بنكەكانی پۆلیس تۆمار دەكرێت، هەروەك خەڵك هەیە بەو هۆكارە دەستگیركراوە و سزای بەندكردنی بۆ دەرچووە بەپێی یاسا، وتیشی: زۆرینەی ئەوانەی سكاڵا تۆمار دەكەن لە جارێك زیاتر پارەی داوەتە كەسی بەرامبەر و لە هەمانكاتدا هەڕەشەكردنی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ سێكسییەكانی لەسەری بەردەوامی هەیە، بۆیە بە ناچاری پەنا بۆ پۆلیس دێنن.

بەپێی زانیاری لایەنی پەیوەندار لە پۆلیس، كەیسی سكاڵا هەبووە كە قوربانی دەر، ڤیدیۆی سێكسی خۆی بۆ زیاتر لە 12 كەس ناردووە كە هەندێك لە وەرگرەكانی ڤیدیۆ سێكسییەكە دانیشتوی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و عیراق بوون، وەك باندێك كاریان كردووە بە مەبەستی مادی كە تا ئێستا هەندێك لەو تۆمەتبارانە لە رێگەی كۆمپانیاكانەوە توانراوە لە بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدۆییەكان بوەستێنرێن، بەڵام هەندێكیان شوێنیان نادیار بووە، بۆیە قوربانی جگە لە ئابڕچوون پارەیەكی زۆریشی لێوەر گیراوە.

خراپ بەكار هێنانی سۆشیال میدیا
خراپ بەكارهێنان و شارەزانەبوون لە چۆنێتی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیا و بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكەكان، بەپلەی یەك هۆكارە بۆ كەسانی بەكارهێنەر تا رووبەڕوی كێشەی هاوشێوە ببنەوە، هاوكات بەپێی زانیارییەكانی لایەنی پەیوەندار كەسانی قوربانی لە رەگەزی نێر تەمەنی یان لە سەرو 18 ساڵانەوە تا نزیكی 70 ساڵیدایە و لە ناو كچان و ژنانیش لە تەمەنی 14 ساڵی تا سەرو 60 ساڵی تێوەگلاون بەو جۆرە كێشەیە كە سەرجەمیان وێنەی و ڤیدیۆیی سێكسیان بە رەزامەندی خۆیان لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ناردووە بۆ كەسانی تر لە كاتی هەبوونی پەیوەندی خۆشەویستیی و متمانە بوون بە یەكتری.

لە مردن رزگاری دەبێت، بەڵام ئابڕوی دەچێت
(گ، س)، لە كۆتا قسەیدا وتی: بەر لەوەی ڤیدیۆكان بۆ براكەم بنێرێت، هانام بۆ لایەنی پەیوەندار برد لە پۆلیس و ئاسایش، ئەوان توانییان كوڕەکە بوەستێنن تا ڤیدیۆكان نەنێرێت بۆ براكەم و ژیانم نەكەوێتە مەترسییەوە، هەرچەندە لای زۆرینەی هاوڕێ و كەسوكارم ئابڕوم چوو.

بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ، كێشەی تێوەگلانی هاووڵاتیانی كوردستان بە هەبوونی وێنە و گرتە ڤیدیۆی سێكسی لە لایەن باندی تایبەت بەو كارە یان خەڵكی ئاسایی، لایەنی پەیوەندار لە پۆلیس و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و رێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان و چالاكوانان و توێژەرە كۆمەڵایەتییەكان، لایەنێكی سەرەكین بۆ چارەسەركردن و كۆنتڕۆڵكردنی لە هەرێمی كوردستاندا.

 185 جار بینراوە