سەرەکی » ئاراستە » پێشمه‌رگه‌ ئازاكه‌ی كه‌رتی چواری كه‌ندێناوه‌

پێشمه‌رگه‌ ئازاكه‌ی كه‌رتی چواری كه‌ندێناوه‌

حه‌یده‌ر مه‌نتك

پێشمه‌رگه‌یه‌ك تازه‌ وه‌ك داری شاتان باڵای به‌رز به‌رز ئه‌كرد، خه‌نده‌و پێكه‌نینی له‌نێو هاڤاڵانی هه‌میشه‌ دڵ خۆشی ئه‌كردن، وره‌ به‌رزی و خۆشه‌ویستی بۆنیشتمان بێسنوور بوو. پێشمه‌رگه‌یه‌ك لێوان لێو بوو له‌ دڵسۆزی بۆ یه‌كێتی و بۆ كوردایه‌تی، ئه‌و زۆر باوه‌ڕی به‌ شۆڕش و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌بوو، بۆیه‌ هه‌رگیز كۆڵی نه‌ده‌دا و به‌رده‌وام خه‌می ئه‌و خه‌می خاك و به‌ده‌ست هێنانی مافه‌ سه‌ره‌تاكانی مرۆڤ بوو.

پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازاو به‌ هه‌ڵمه‌ت بوو، به‌ بیكه‌یسییه‌كه‌ی ده‌ستی له‌ داستان و نه‌به‌ردییه‌كاندا دوژمنی تووشی شۆك ده‌كرد, له‌ هێرش و هەڵمه‌ته‌كانیدا شێر ئاسا هه‌نگاوی ده‌نا.

دوای تۆماركردنی چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی پڕشنگدار له‌ مێژووی مقاوه‌مه‌تی كوردانه‌دا، به‌داخه‌وه‌ له‌داستانی كونه‌كۆتردا شه‌هید كرا.

له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌ رژێمی به‌عسی چیای كونه‌كۆتری تۆپباران ده‌كرد، ئه‌و ناوچه‌یه‌ یه‌ك پارچه‌ ده‌بووه‌ ئاگر، مه‌گه‌ر به‌س كوڕانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان توانیبێتیان خۆڕاگربن و به‌رگریبكه‌ن.

له‌و داستانه‌ كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان خوێنیان به‌خشی به‌ قه‌ندیل و كونه‌كۆتری هه‌رگیز له‌یاد نه‌چوو.

هه‌زاران درود له‌گیانت شه‌هید ئه‌كره‌م گعێتلی.

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید ئه‌كره‌م عه‌لی عومه‌ر عه‌باس ناسراو به‌ غه‌مبار، له‌ دایكبووی ساڵی 1966ی (گوندی گعێتل)ی ناحیه‌ی گوێڕی قه‌زای مه‌خموره‌و له‌ عه‌شیره‌تی شێخانان-ه‌.

ساڵی 1984 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌،

ساڵی 1986 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ تیپی 83ی هه‌ورێ، دواتر گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌رتی چواری كه‌ندێناوه‌-ی تیپی 87ی قه‌ره‌چوغ.

له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌شداریی ده‌یان نه‌به‌ردی و چالاكی كردووه‌، رۆژی2/9/1988

له‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌دا له‌ دژی هێرشێكی سوپای به‌عسی داگیركه‌ر، له‌ لوتكه‌ی شاخی كونه‌كۆتری چیای قه‌ندیل، شه‌هیدكرا و بووه‌ دووه‌مین شه‌هیدی بنه‌ماڵه‌كه‌ی.

 61 جار بینراوە