سەرەکی » ئاراستە » ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش له‌ ئاسمانی خه‌باتی كوردایه‌تییدا

شه‌هید حه‌مه‌سه‌عید بێده‌ریی

ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش له‌ ئاسمانی خه‌باتی كوردایه‌تییدا

پێشه‌وا شێخ ره‌ئووف*

شۆڕشی نوێ هیوا و ئومێدێكی گه‌وره‌بوو بۆ دووباره‌ هه‌ستانه‌وه‌ی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان، ئه‌و شۆڕشه‌ش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌یان و سه‌دان له‌ شۆڕه‌سواری مه‌یدانی كوردایه‌تی په‌یوه‌ندییان پێوه‌كرد و به‌ خوێنی خۆیان بوونه‌ قه‌ڵغان دژی سته‌م و داگیركاریی.

له‌ سنووری ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ر و قه‌ڵاسێوكه‌ش، هه‌ر زوو ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌نجان و رۆڵه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌ په‌یوه‌ندییان كرد به‌ شۆڕشی نوێ و به‌ گیان و سه‌ر و ماڵی خۆیان داری ئازادییان ئاودا و فیداكارییان كرد بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌كه‌یان، گوندی بێده‌ر له‌ پێشه‌نگی ئه‌و گوندانه‌ بوو كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ شۆڕشگێڕه‌كانی بوون به‌ پێشمه‌رگه‌ی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و دێ به‌ دێ و شار به‌ شار بوون به‌ موژده‌ده‌ری په‌یامی درووستبوونه‌وه‌ و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ و جاڕیاندا بۆ هه‌ستانه‌وه‌ و به‌شداریكردن و سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌ نوێیه‌كه‌ی كورده‌واری، له‌و قافڵه‌ی پێشه‌نگییه‌دا شۆڕشگێڕانی (گوندی بێده‌ر) پێشه‌نگ بوون و له‌و سات و وه‌خته‌دا بووبوون به‌ دڕكی سه‌ر ڕێگه‌ی دوژمن و ده‌ستێكی به‌هێز و كاریگه‌ر بوون بۆ لێدان له‌ هێزی پڕ زوڵم و سته‌م و داگیركه‌ری به‌عس، ئه‌وان بوون له‌ ده‌یان ناوچه‌ و شوێنی ئه‌م كوردستانه‌ چۆكیان به‌ دوژمن دادا.

یه‌كێك له‌و شۆڕه‌سوارانه‌ی كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ براو مام و خزم و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی، بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ و چه‌كی به‌رگری و شۆڕشی كرده‌ شان (شه‌هید حه‌مه‌سه‌عید بێده‌ریی)بوو.

محه‌مه‌د سه‌عید نوری كه‌ به‌ حه‌مه‌ سه‌عید بێده‌ریی ناسرابوو، له‌ دایكبووی ساڵی 1957ی گوندی بێده‌ره‌، بنه‌ماڵه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ساداتی به‌رزنجه‌ و زیاتر له‌ دووسه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر (شێخ ره‌سوڵ)ی باپیره‌ گه‌وره‌یان هاتۆته‌ ئه‌و گونده‌ و ئاوه‌دانی كردۆته‌وه‌، گوندی بێده‌ر كه‌وتووه‌ته‌ بناری چیای (كێوه‌چه‌رمه‌ڵه‌)و سنووری ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ر و (ناوچه‌ی قه‌ڵاسێوكه‌).

حه‌مه‌سه‌عید بێده‌ریی له‌ ساڵی 1979دا له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی به‌ناوی (شێخ كه‌مال شێخ عه‌زیزی داڵه‌وا كوردان) ئه‌وكات پۆلیس ده‌بن له‌ مه‌ركه‌زی چوارقوڕنه‌، ژماره‌یه‌ك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی مه‌ركه‌زه‌كه‌ ده‌به‌ن و په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نشیتمانیی كوردستان باڵی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كه‌ پێشتر شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری سه‌ركردایه‌تی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی ده‌كرد، له‌و سه‌رده‌مه‌دا دابینكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ سه‌خت و دژوار بوو، بۆیه‌ چوونی ئه‌مان بۆ ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ و بردنی ئه‌و ژماره‌ چه‌كه‌، رۆڵێكی باشی ده‌بێت بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌.

ئیتر له‌و رۆژه‌وه‌ حه‌مه‌سه‌عید بێده‌ریی) پێشمه‌رگه‌یه‌كی گیانفیداو ئازا و چاونه‌ترس بوو، شار به‌ شار و دێ به‌ دێ ده‌گه‌ڕان بۆ هاندانی خه‌ڵكی و جۆشدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌لی كورد، له‌و پێناوه‌شدا چه‌ندینجار رووبه‌رووی هێزی دوژمن بوونه‌ته‌وه‌ و زه‌بری كوشنده‌یان له‌ هێزی داگیركاری به‌عس داوه‌، دیارترین ئه‌و قاره‌مانێتییه‌ی شه‌هید به‌شداری تێدا كردووه‌، شه‌ڕی سه‌ر جاده‌ی دوكان-خه‌له‌كان بوو له‌ ساڵی 1979دا كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر كاروانی هێزێكی حكومی و سه‌ربازی رژێمی به‌عس و گورزێكی كاریگه‌رییان لێوه‌شاندن و زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆریان پێگه‌یاندن و ترسێكی زۆری لای دوژمن دروستكرد، هاوكات وره‌ و گوڕ و تینێكی زۆرباشی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌دا و له‌وكاته‌دا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بوو بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

شه‌هید حه‌مه‌ سه‌عید بێده‌ریی تا سه‌ره‌تای ساڵی 1981 درێژه‌ی به‌ كاروانی پێشه‌رگایه‌تی دا، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ هێزه‌كه‌ی شه‌هید سه‌رباز ئه‌حمه‌د كۆره‌ بوو كه‌ ناسرا بوو به‌ سه‌رباز كۆیی، دواتر و به‌هۆی توانا و دڵسۆزی و لێهاتویی خۆیه‌وه‌ شه‌هید حه‌مه‌سه‌عید بێده‌ری ده‌كرێت به‌ فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌، به‌ڵام دواتر به‌مه‌به‌ستی كاری رێكخستن و جۆشدانه‌وه‌ی خه‌ڵكی سنوره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی قه‌ڵاسێوكه‌ و درێژه‌ به‌ خه‌باتی سیاسی و كاری رێكخستن ده‌دات.

پاشان له‌ ساڵی 1986دا، به‌هۆی پێویستی هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و شه‌ڕ و فشارانه‌ی له‌سه‌ر شۆڕش و هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو، دووباره‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌رتی5ی تیپی 25ی خاڵخاڵان، له‌و ماوه‌یه‌شدا به‌شداری له‌ سه‌رجه‌م شه‌ڕ و چالاكییه‌كانی تیپی 25ی خاڵخاڵاندا كردووه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چه‌ندینجار رووبه‌ڕووی مه‌رگ بۆته‌وه‌.

له‌ ساڵی 1988و له‌ ته‌مه‌نی 31 ساڵیدا، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی تیپی 25ی خاڵخاڵان به‌ر شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال كه‌وتن و شه‌هیدكرا، هاوكات خوشكێكیشی به‌ شه‌ش منداڵه‌وه‌ به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتن و شه‌هیدكران.

هه‌روه‌ها برایه‌كیشی به‌ناوی (حه‌مه‌ غه‌ریب بێده‌ریی) كه‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رت بوو، رۆژی 11/3/1991 له‌ راپه‌ڕینی شاری هه‌ولێردا شه‌هیدبوو، ژماره‌یه‌كیش له‌ مام و ئامۆزا و خوشكه‌زای له‌ رێگه‌ی كوردایه‌تیدا، شه‌هیدكراون.

*خوشكه‌زای شه‌هید

 59 جار بینراوە