سەرەکی » ئابووری » مووچەو بودجە،حكومەت‌و پەرلەمان‌و نوێنەران كۆدەكاتەوە

كۆبوونەوەی دیكە بۆ بڕیاردان دەكرێت

مووچەو بودجە،حكومەت‌و پەرلەمان‌و نوێنەران كۆدەكاتەوە

حكومەتی‌ هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان‌و نوێنەرانی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رێكەوتن دەكەن سەبارەت بە پشكی‌ كورد لە بودجەی 2018ی عیراق‌و مووچەی‌ فەرمانبەران، سەرۆكی لیژنەی دارایش لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت:»پەیامێكمان بەحكومەتی هەرێمداوە كە لەنزیكترینكاتدا بڕیارێكی گونجاو بدات سەبارەت بەڕێكەوتن لەگەڵ بەغدا یان فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆ».

كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت
لەدوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەی نێوان حكومەتی‌ هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان‌و نوێنەرانی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری لەنێوان وەزیرانی حكوومەتی هەرێم‌و پەرلەمانتارانی كوردستان‌و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی بەغدا ئەنجامدرا.
سەفین دزەیی وتی:»كۆبوونەوەكە راوێژكاری بووەو سوپاسی پەرلەمانتاران كرا، كە تەواوی هەوڵەكانیان بۆ جێگیركردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان خستۆتەگەڕ، بەڵام لە تێپەڕاندنی یاساكە، مەبدەئی شەراكەت پشتگوێخراوە».
ئاماژەی بەوەشكرد: بەمزووانە كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام دەدرێت‌و پەرلەمان‌و حكومەت لە داهاتوودا كۆبوونەوەی زیاتر لەبارەی كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عیراق دەكەن.

زوڵمە لە مووچەخۆرانی هەرێم
دواتر هەر لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا كە لەتەلاری‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بەڕێوەچوو، ژمارەیەك لەنوێنەرانی‌ كورد لە بەغداو سەرۆكی‌ لیژنەكانی یاسایی‌و دارایی لەپەرلەمانی‌ كوردستان زانیاریی گرنگیان لەبارەی‌ كۆبونەوەكەی‌ دوێنێی‌ پەرلەمانەوە ئاشكراكرد.
ڤالا فەرید سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەوەی لە بودجەدا هاتووە زوڵمە لە مووچەخۆرانی هەرێم، بۆیە لەسەرئەوە رێكەوتووین كە نوێنەرانی كورد لە بەغدا پێكەوە راگەیەنراوێك بڵاوبكەنەوە لەسەر ئەوەی ئایا ئەوەی لە بودجەی عیراقدا هاتووە بۆ پشكی هەرێم زیاترە یان كەمترە لەو داهاتەی هەرێم خۆی دەستیدەكەوێت.
لای خۆیەوە، عەبدولقادر محەمەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: بودجە بەبێ جێگیركردنی داواكارییەكانی كورد تێپەڕێنرا، بۆیە كورد بەشداریی دانیشتنەكەی نەكرد، لەكۆبوونەوەكەشدا بە وردی‌و تێرو تەسەل بابەتی پشكی هەرێم لە بودجە تاووتوێكرا.
وتیشی:»كۆبوونەوەی دیكەش لەنێوان ئێمە‌و پەرلەمانی كوردستان‌و حكومەتی هەرێم‌ دەكرێت، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا چ هەنگاوێك بگرینەبەر».

بڕیارێكی گونجاو بدرێت
هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا، د.عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: پەیامێكمان بە حكومەتی هەرێمداوە كە ئەگەر ئەو بودجەیەی‌ بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت باشترو چاكترە لەوەی خۆی دەستیدەكەوێت، با رێكەوتن لەگەڵ عیراق بكات، ئەگەر هەرێم لەفرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆ داهاتی زیاتر دەستدەكەوێت، بەردەوامبێت لەسەری.
ئەوەشی‌ وت:»لەنزیكترین كاتدا كۆبوونەوەیەك لەناو هۆڵی پەرلەمان دەكرێت‌و بڕیارێكی گونجاو لەوبارەیەوە دەدرێت».

مانگانە دەكاتە 419 ملیار دینار‌
دواتر مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری عیراق رایگەیاند: بەغدا هەوڵ دەدات فەرزی ئیرادە بەسەر هەرێمی كوردستان بكات‌و دەستووریشی پێشێلكردووە.
راشیگەیاند: لەكۆبوونەوەی راوێژكاریی ئەمڕۆیاندا، لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان، لێژنەكانی دارایی، یاسایی‌و كشتوكاڵ‌و نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2018ی عیراق كراوە تا رادەیەكیش باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا كراوە.
مەسعود حەیدەر وتیشی:»دوای هەوڵەكانی پەرلەمانتارانی كورد توانرا بڕی تریلیۆنێك دینار بۆ بەشە بودجەی هەرێم لەكۆی ساڵەكە زیادبكرێت، ئەو پارەیەش بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و خانەنشینان‌و كەسوكاری شەهیدان‌و هەموو چین‌و توێژەكانی دیكە، مانگانە دەكاتە 419 ملیار دینار‌.
روونیشیكردەوە: بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی دارایی، هەرێمی كوردستان، دوای پاشەكەوتی مووچەش، پێویستی بە 580 ملیار دینار هەیە، ئەمەش واتا كورتهێنانێكی زۆر لە یاساكەدا.

ژمارەی مووچەخۆران‌و بڕی مووچە

مانگی 11ی ساڵی رابردوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان داتای تایبەت بە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی عیراق ئاشكرا كرد و لە راگەیەنراوێكدا روونیكردەوە، كۆی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكاتە (1.249.481) مووچەخۆرو مانگانەش هەرێم پێویستی بە بڕی نزیكەی (897) ملیار دینار هەیە لەسەر بنەمای تۆماری فیعلیی بایۆمەتری.

ئەمەش وردەكاریی بڕی مووچەیە لەهەرێمی كوردستان
* 108 ملیار دینار بۆ مووچەی 244.656 خانەنشین.
* 38.5 ملیار دینار بۆ مووچەی 96.053 خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان.
* 30 ملیار دینار بۆ مووچەی 159.000 كەمئەندامان‌و سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی.
* 455 ملیار دینار بۆ مووچەی 483.307 فەرمانبەران (بە پۆلیسیشەوە).
* 266 ملیار دینار بۆ مووچەی 266.465 پێشمەرگەو هێزەكانی ئاسایش.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*