سەرەکی » مانشێت » بافڵ تاڵەبانی: سەرخستنی هاوپەیمانیی كوردستان و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان

بافڵ تاڵەبانی: سەرخستنی هاوپەیمانیی كوردستان و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان

پێشوازیكرد لە باڵیۆزی سعودیە لە عیراق

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە عەبدولعەزیز بن خالد ئەلشەمەری باڵیۆزی سعودیە لە عیراق.

لە دیدارێكدا كە سالار عەبدولستار وەزیری دادی عیراق، ئەمین بابا شێخ و سۆران جەمال تاهیر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و چەتۆ ساڵح ئەندامی سەركردایەتی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا كرا.

بافڵ تاڵەبانی جەختی لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە لە بوارە جیاجیاكاندا و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی لەنێوان هەرێمی كوردستان و سعودیە بە گرنگ وەسفكرد.

لە بەرامبەردا باڵیۆزی سعودیە باسی لە گرنگیی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال كرد لە دروستكردن و بونیادنانی پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لە نێوان سعودیە و عیراق و هەرێمی كوردستان و جەختی لە گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییەكان كردەوە.

پێشوازیكرد لە ئیبراهیم ئاغا كاكەیی و ژمارەیەك كەسایەتی لە خزمانی كاكەیی

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە ئیبراهیم ئاغا كاكەیی و ژمارەیەك كەسایەتی لە خزمانی كاكەیی.
لە دیدارێكدا كە مەلا كەریم ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامادەیبوو، بافڵ تاڵەبانی جەختی لە گرنگیی پەرەپێدان و پتەوكردنی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان لە نێوان هەموو نەتەوە و پێكهاتەكاندا كردەوە و لەو نێوەندەشدا رۆڵی خزمانی كاكەیی وەك بەشێكی رەسەنی كۆمەڵگەی كوردی بەگرنگ زانی و روونیكردەوە، كاكەییەكان رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد و بە درێژایی مێژوو هەوێنی ئاشتی، تەبایی و پێكەوەژیان بوون. لە رابردووشدا چەندینجار رووبەڕووی غەدر و هەڕەشە بوونەتەوە، بۆیە قوربانیدانتان جێگای رێز و پێزانینی یەكێتییە و ئێمە هەرچیمان بۆ بكرێت بۆ خزمەتكردنتان، بە ئەركی خۆمانی دەزانین.

هاوسەرۆك داوای لە خزمانی كاكەییش كرد لەم خەباتی دیموكراسی و هەڵبژاردنەشدا وەك هەمیشە رۆڵی گرنگ و پێشەنگ ببینن بۆ سەرخستنی هاوپەیمانیی كوردستان و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بكەن.

 1,292 جار بینراوە