سەرەکی » وتار » رۆڵی حزب لە هەڵبژاردنەکاندا

رۆڵی حزب لە هەڵبژاردنەکاندا

لوقمان مستەفا سالەح

حزب یەكێكە لە رەگەزە سەرەكییەكانی سیستمی سیاسیی، هەر بۆیە رۆڵێکی سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌کی و گرنگی له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژران و دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌‌کان دا دەگێڕێت.

لە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە سیستمی دیموکراسی پەیڕەو دەکەن حزب حکومه‌ت داده‌مه‌زرێنێ، به‌ڵام دوای دامه‌زراندنی حکومه‌ت وەک حزبی نامینێ، حکومه‌ت و هه‌موو دامه‌زراوه ‌و به‌رپرس و فه‌رمانبه‌رانی سەرجەمی ده‌بنه‌ موڵکی هاووڵاتیان و خزمه‌تکاری گه‌ل، حکومه‌ت ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین ده‌زگای دیموکراسی گەل و بۆ هه‌موو چین و توێژه‌کانی میللەت به‌ بێ جیاوازی کارده‌کات لە پێناوی یه‌کێتی گه‌ل له‌ حکومه‌تدا وە به‌هێزیی حکومه‌ت له‌ یه‌کێتی گه‌لدا ره‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌.

ئەمە سروشتی بنەمای دیموکراسیە کە پارت و هێزی سیاسی بەبێ دیموكراسی نابێت و دیموكراسیش بەبێ حزب بەهایەكی نییە.

هەروەک ئاشکرایە هەڵبژاردن رەوایەتی دەبەخشێت بە دەسەڵاتی سیاسی تا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وڵات بەرێوەبەرن و حەز و ویستی تەواوی کۆمەڵگە بە هەموو چین و توێژەکانییەوە دابین بکەن.

بێگومان رەوایەتیدان بە دەسەڵاتی سیاسی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە، لەیەک کاتدا هەم ئەرک و هەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە، هەم متمانە و مۆراڵێکی گەورەیە کە پێویستە دەسەڵاتداران خاوەنی ئەو متمانە و مۆراڵەبن و توانای هەڵگرتنی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیەیان هەبێت. لێرەوە دەسەڵاتی نوێنەرایەتی، واتە ئەو دەسەڵاتەی لە رێگەی هەڵبژاردنی گشتییەوە جڵەوی حکوم دەگرێتە دەست، ئاسانتر دەتوانێت لە ساتەوەختە گرنگ و مێژووییەکاندا، بڕیارە چارەنووس سازەکان بدات، چونکە تەواوی میللەت بەشدارە لەو بڕیاردانەدا و بڕیارەکە لەلایەن کەسێکەوە یان رێکخراو و پارتێکەوە نەدراوە، بەڵکو لە ڕێگەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی میللەتەوە دراوە. هەڵبژاردن وەك پرۆسەیەك دەمانگەیەنێتە دەستنیشانكردنی دەسەڵاتی سیاسیی لەلایەن هاووڵاتییانەوە و بە پاڵاوتنی پاڵێوراوەكانی حزب دەست پێدەكات بۆ ململانێی هەڵبژاردن، پاشان رۆڵی هاووڵاتییان دێت بۆ هەڵبژاردنیان، لەراستیدا مەسەلەی دەستێوەردانی حزب بۆ دیاریكردنی پاڵێوراوەكان بەپێی سیستمی یاسای هەڵبژاردن دەگۆڕێت.

لەبەر ئەوەی لە هەندێك لە سیستمەكانی هەڵبژاردندا، حزبی سیاسیی بەتەنیا ئەو مافەی هەیە كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردن بپاڵێوێت و كەس بۆی نییە لەخۆیەوە خۆی بپاڵێوێت، بەڵام لە سیستمەكانی دیكەی هەڵبژاردن تاكەكان بۆیان هەیە خۆیان هەڵبژێرن، ئەگەرچی چانسی بردنەوەیان زۆر دیاریكراو دەبێت. دواتر هەڵمەتی هەڵبژاردن دەست پێدەكات، كە دەبێتە كۆڕ و كۆبوونەوە و لێدوان و پروپاگەندە، ئەم هەڵمەتە لە پێناوی ئەوەیە كاریگەری لەسەر رای گشتی و دەنگدەران دروست بكات، لەبەر ئەوەی دەنگدانیش ئازاد و نهێنییە، بۆیە هیچ كاریگەرییەكی گوشاریی لەسەر نییە و دەتوانین بڵێین دوورە لە رای گشتییەوە.

بەمجۆرە دەبینن، گرنگترین ئەركی حزبی سیاسیی ئەركی هەڵبژاردنە، لەبەر ئەوەی لە سیستمی دیموكراسیدا ئەو رێگەیە لەوانەیە پێی بگاتە حوكم و پیادەكردنی دەسەڵاتی سیاسیی، سەرەنجامیش بەدیهێنانی بەرنامە و ستراتیژ و فەلسەفەی خۆی.

هەر بۆیە پشت بەستن بە هەڵبژاردنی دیموکراسی و دەنگی کۆمەڵانی خەڵک تەندروسترین رێگایە بۆ سەرکەوتن و گەشتن بە دەسەڵات و گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بۆ حزب، وە ته‌نها سەرچاوە و فاکتۆری مانەوەی هێز و دەسەڵاتە. بێگومان ئاوا دەسەڵاتێکیش بناغەیەکی پتەو و پشتیوانییەکی مەزنە بۆ هەر حزبێک، بەپێچەوانەشەوە دوورکەوتنەوە لە خەڵک و گوێ نەدان بە راو بۆچوونی ئەندامانی حزب و بەکارهێنانی خەڵک وەک سووتەمەنی هەڵبژاردن بێجگە لە لەدەستدانی متمانە و هێزی راستەقینە، شتێکی ترنییە، مێژوو و رووداوەکانی ئەم دواییەی ناو گۆڕەپانی سیاسی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکەش ئەو راستیەیان بە باشی بۆ هەموولایەک سەلماندووە. دەرئەنجام پارتە سیاسییەكان لەبەردەم هەڵبژاردنێكی سەخت و زەحمەت و قورسدان، یان ئەوەتا لە ئەنجامدا دەبنە داینەمۆیەك بۆ نوێبوونەوە، بەو شێوەیە هەر لە ناوەندی سیاسەتدا كاریگەرییان بمێنێتەوە، یان ئەوەتا كاریگەرییەتیەكەیان دەكەوێتە دەرەوەی بازنەی سیاسەت و بەو شێوەیەش ڕووبەڕووی داڕمان و نوشستی گەورە دەبنەوە.ئەمە وێڕای براوەشیان لە دوای هەڵبژاردنەکاندا بە هەمان شێوە دەکەونە بەر تانەو تەشەری هاووڵاتیان و دەزگاکانی راگەیاندن،چونکە ئەو بەڵێنانەی کە داویانە زۆر لە تواناو قەبارەی خۆیان زیاترە و زەحمەتە بۆیان جێبەجێ بکرێت.

پارێزەر

 199 جار بینراوە