سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » دڵداریی لەگەڵ پاشماوەکانی بەعس

دڵداریی لەگەڵ پاشماوەکانی بەعس

جەمال ئارێز

گرنگ نییە کاکەمین نەجار-ی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە دەمی دەرچووە یان لە رێگەی ئەو قسانەیەوە ویستوێتی پەیامێک بدات بە پاشماوەکانی بەعس، کاتێک دەڵێت: «ئێستا زۆربەی ئەوانەی فەرماندەیی تاوانی ئەنفال و قڕکردنی کوردیان کردووە زۆربەیان لە هەولێرن و ئێستا دەزانن کورد چییە و پارتی چییە و سەرۆک بارزانی کێیە».

بێگومان کاکەمین نەجار دان بەوەدا بنێت یان بیشارێتەوە، واقیعەکە خۆی وایە و زۆربەی خەڵک ئەو راستییە دەزانن نەک هەر لەدوای رووخانی رژێمەوە، بەڵکو هەر لەدوای راپەڕینەوە زۆربەی هەرە زۆری جاش و موستەشار و ئامر مەفرەزە خاسەکانی کورد کە سەربە رژێمی بەعس بوون سەرەڕای بوونی لێبووردنی گشتیی بەرەی کوردستانی، بەڵام هەمووان کایەی راستەقینەی خۆیان دۆزییەوە و چوونە ناو ریزەکانی پارتییەوە، چونکە ئەوان هەر ئەوکاتە زانییان «پارتی چییە و سەرۆک بارزانی کێیە» باش دەیانزانی گۆشتیشیان بخوات ئێسقانیان ناشکێنێت و بۆ قۆناغەکانی ئایندە چ بۆ شەڕی ناوخۆ و چ بۆ دەنگدان کاری تێیان دەکەوێت.

پێموانییە کاکەمین نەجار هێندە بێئاگابێت لەوەی کە مایکی چەند کەناڵێکی لۆکاڵی و ئاسمانی لەبەردەمیدا دانراوە، ئەگەر ئۆکەی –ی پێشوەختەی وەرنەگرتبێت دان بەوەدا بنێت و ئەو ئابڕووچوونە گەورەیە بخاتە سەر شانی حزبەکەی، لەبەرئەوەی:

-1باش ئەوە دەزانێت زۆرێک لە ئەندامان و لایەنگران و دەنگدەرانی کۆنکرێتیی پارتی لەدوای خیانەتی 31 ی ئاب و هەڕاجکردنی شنگالیش هەر دەنگیان داونەتێ و ناپرسن بۆ ئەو خیانەتە کرا؟ چونکە ئەوان وا تێگەیەنراون کە خیانەتی 31 ی ئاب گۆڕینی « ئەفسەدە بە فاسید».

-2زۆرێک لە ئەندامان و لایەنگران و دەنگدەرانی کۆنکرێتیی پارتی هەر بۆخۆیان لەو جاش و موستەشار و کۆنە رەفیق و نەسیرانە و خێزان و کوڕ و کچەکانیان پێکهاتوون کە لەسەردەمی رژێمدا بەهۆیانەوە چەندین کەس ماڵی وێران دەکرا.

-3لەدوای رووخانی رژێمەوە چەندین کۆبوونەوە و کۆڕبەند و کۆنگرەی ئەو لایەنە سوننانە لە هەولێر بەڕێوەچووە کە هێشتا خوێنی بەعسی بوون بەدەمارەکانیاندا دەگەڕێت.

-4لە سەروبەندی جەنگی داعشدا لە زۆرێک لە کەناڵە عەرەبییەکانی وەک (ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبییە و سکای نیوزەوە) ئەو دەموچاوانەمان دەبینی کە ستایشی رۆژگاری حوکمی بەعسیان دەکرد و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش و کەوتنی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین-یان دەخستە ئەستۆی سیستمی «تایفی و عیرقیی» دوای 2003.

-5زەقترین ئاماژەی وتارەکەی کاکەمین نەجار دڵداریی و چاوبڕکێی خۆی و حزبەکەیەتی لەگەڵ کۆنە بەعسییەکان و سوننە توندڕەوەکانی باشوور و ناوەڕاست و خوارووی عیراق بۆ دەنگدان بە کاندیدەکانی لەو ناوچانە، چونکە پێدەچێت کۆت و بەندەکانی یاسای دەنگدانی ئەمجارە کە کۆمسیۆن دایناوە، بوارێکی ئەوتۆ بۆ پارتی نەهێڵێتەوە وەک رابردوو تا بتوانێت بە گزی و کارتی ساختە دەنگ بچنێتەوە و ئیدیعای یەکەمی بێ رکابەر بکات. بۆیە وادیارە گەرەکێتی بە دڵداریی لەگەڵ کۆنە ئەنفالچی و بەعسییەکاندا قەرەبووی ئەو کۆت و بەندە بکاتەوە کە خراوەتە سەری.

 124 جار بینراوە