سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » هاوپەیمانیی کوردستان کۆتایی بەو نایەکسانییە دەهێنێت کە بەرامبەر خەڵکی هەولێر کراوە

كوردۆ عومەر عەبدوڵڵا كاندیدی ژمارە21 لە بازنەی 2پارێزگای هەولێر:

هاوپەیمانیی کوردستان کۆتایی بەو نایەکسانییە دەهێنێت کە بەرامبەر خەڵکی هەولێر کراوە

هەولێر: تەها عەبدوڵڵا

كوردۆ عومەر عەبدوڵڵا كاندیدی ژمارە21 لە بازنەی 2ی پارێزگای هەولێر، لە دیدارێکیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ تیشکدەخانە گرنگی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عیراق و بەشداریی دەنگدەران لەو پڕۆسەیە، هاوکات ئاماژە بە پەیوەندیی خەڵکی هەولێر و کۆیە و سەرجەم سنوورەکە دەکات بە کاندیدکانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان، پێشیوایە خەڵکی پارێزگای هەولێر چاویان کاندیدکانی هاوپەیمانی زۆرترین کورسی بەدەستبهێنن تاکو لە بەغداوە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و کۆتایی بەو حوکمە تاکحزبییە بهێنن کە بەسەریاندا سەپێندراوە.

هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز
سەرەتا لە بارەی گرنگیی هەولێر و سەرکەوتنی کاندیدەکانی هاوپەیمانیی کوردستان وتی: ئەگەر هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عیراق بۆ هەموو هەرێمی كوردستان گرنگ و چارەنووسساز بێت، ئەوا بۆ هەولێر گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، خەڵك چاوەڕوانن گۆڕانكارییەك لەو هەڵبژاردنەدا رووبدات و ئەو نەهامەتی‌ و غەدەری لێیانكراوە، كۆتایی بێت، بەتایبەتی بۆ ئەمجارە زۆر متمانەیان بە كاندیدەكانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان هەیە.

وتیشی: بۆ ئەوەی كۆتایی بەحكومی تاكڕەویی بیست و پێنج ساڵی رابردوو بەسەر شارێكی گەورەی وەك هەولێر كە پایتەختی كوردستانە، بهێندرێ، پێویست لیستی هاوپەیمانیی كوردستان زۆرترن كورسی بەدەست بهێنێت، ئەمەش چاوەڕوانكراوە، چونكە خەڵكی هەولێر هیچ كاتێك پشتی لە نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان نەكردوە كە یەکێتیی نیشتمانیی كوردستانە، کە ئەمڕۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانیی كوردستانیان پێكهێناوە.

گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز
کوردۆ عومەر کاندیدی ژمارە ٢١ لیستی هاوپەیمانیی کوردستان لە بازنەی ٢ی هەولێر تەئكیدیشیكردەوە: ئەوكاتەی زۆرترین كاندیدی هاوپەیمانیی کوردستان سەركەوتنیان بەدەستهێنا، دەتوانین كار بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بكەین، دوور لە دەسەڵاتی تاکحزبی و لە رێگەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی هەولێر خزمەت بە هەولێرییەكان بكەن، جارێكی رێگە نەدەین خەڵكی لەدامودەزگاكان ئاستەنگیاتن بۆ دروست بكرێت، بەس لەبەرئەوەی سەر بە حزبی دەسەڵات نین.

لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن، کاندیدەکەی هاوپەیمانیی کوردستان هەروەها وتی: ئەوەی تاكو ئێستا لە بانگەشەی ئەمجارەدا بەڕێوەدەچێت، جۆرە هێمنیەكی پێوەدیارە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا بانگەشە گەرموگوڕتر بێت، ئەوەی گرنگە لەو پڕۆسەیە خەڵكی بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەشداری لەو گۆڕانكاریانەدا بكات كە ئەمڕۆ پێویستە لە ژیان و گوزەرانیان بكرێت، هەروەها رێگە لە هەوڵی ئەو لایەنانەش بگیرێت كە دەیانەوێ خەڵك لە دەنگدان ساردبكەنەوە.

بەشداریكردن لە هەڵبژاردن
داواشیكرد: جگە لە هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن، لە هەمانكات پێویستە دەنگدەران لە چۆنێتی دەنگدان بەكاندیدەكان هۆشیار بكرێنەوە، چونكە سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمجارە كە فرەبازنەیە،وادەخوازێ شێوازی دەنگدان زیاتر روونبكرێتەوە، بەو پێیەی ئەمجارە تەنیا دەنگ بەكاندیدەكان دەردێت و دەنگ بە لیست نادرێ، لەو حاڵەتەشدا كاندید بەیەك دەنگ سەردەكەوێ، ئەمەش دەریدەخات كە دەنگی یەك كەس نرخی خۆی هەیە و پێویستە هەموو لایەك بەشداری بكەن و دەنگ بۆ سەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان بدەن، كە لە ئێستاوە كار بۆ بەهێزتربوونی كورد دەكات لە بەغدا.

راشیگەیاند: لەلای هەمووان ئاشكرایە بارودۆخی ئێستای عیراق و ناوچەكە وادەخوازێت كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێت، پێویستە لەرێگەی ئەو یەکڕیزییەوە هەوڵی جێبەجێكردنی ماددە دەستوورییەكانی عیراق و مافەكانی خەڵكی كوردستان بدەین، لەسەروی هەموویانە پرسە نەتەوەییەكان، وەك جێبەجێكردنی مادەی 140 و پرسی پێشمەگە و بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان كە ماوەیەكە بۆتە جێگای نیگەرانیی موچەخۆران و خەڵكی كوردستان بەگشتی.

كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست دەبێت
تەئكیدیشیكردەوە: هاوپەیمانیی كوردستان دەیەوێ لەبەغدا یەكڕیزی دروستبكات، وەک چۆن لە رابردوودا درێغی نەکردووە، چونكە ئەگەر كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست نەبن، ناتوانێ گفتوگۆ لەسەر بابەتە گرنگ و چارەنووسسازەكان بكات، لەبەر ئەوە چەندە یەكڕیز بین، زیاتر دەتوانین ئایندەی هەرێمی كوردستان بپارێزرین، بەتایبەتی لە كاتی سەرخستنی كاندیدە بە توانا و خاوەن ئەزموونەكان، چونكە زۆر پێویستە لەناو لیژنەكانی پەرلەمانی عیراق كەسانی پسپۆڕ هەبێت، بۆ ئەمەش كاندیدەکانی هاوپەیمانیی كوردستان ئەو کەسانەن کە بتوانن لە ناو پەرلەماندا ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و ببنە نوێنەری راستەقینەی خەڵكی كوردستان.

كوردۆ عومەر لەبارەی گرنگی سەرخستنی كاندیدە ژنەكان بۆ پەرلەمان و داكۆكیكردن لە مافەکانی خێزان، وتی: بەهۆی ئەو نەهامەتی و تاوانانەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە، ژمارەیەكی زۆ لە ژنان و منداڵان تەناتەن پیاوانیش رووبەڕووی زەرەر و زیانی زۆری گیانی و ماددی بوونەتەوە، بەو هۆیەوە خێزانەكان تووشی پەرتەوازەیی و سەرلێشێوای هاتوون، بۆیە لە رێگەی دەركردنی یاسای گونجاو بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوان و رێگریگرتن لە پێشێلكردنی مافی تاكەكانی كۆمەڵگە، ئێمە دەتوانین خێزانێكی تەندروست بەرهەمبهێنین، ئەوکاتە کۆمەڵکایەکی تەندروست و سەقامگیر دێتە کایەوە.

گەیاندنی خزمەتگواری بە ناوچە جیاجیاکان
لەبارەی گەیاندنی خزمەتگواری بە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای هەولێر، وتی: گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ سنووری پارێزگای هەولێر یەكێكە لە ئەولەویاتەکانی ئێمە وەك كاندیدەكانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لەبازنەکانی ئەو پارێزگایە، دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاووڵاتیان، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و تەندروستیدا، چونكە خەڵک گللەیی و گازاندەیەكی زۆریان هەیە لەدابینكردنی ئەو خزمەتگوزاریانە وەكو پێویست، ئەمە لەكاتێكدا سنووری پارێزگای هەولێر بەچەندین سامانی سروشتی دەوڵەمەندە، بۆیە ناکرێ رێگەوبان و خوێندنگە و نەخۆشخانەكانی بەو جۆرە بێت كە هەرگیز شایستەی خەڵكە تێكۆشەرەكەی نییە، بۆیە ئێمە كاردەكەین تاكو لە رێگەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانەوە، دەستی ئاوەدانی بگاتە هەموو ئەو ناوچانە و لە بەغداوە داكۆكی لەو هاووڵاتیانەی خۆمان لە هەولێر و سەرجەم شارەکانی کوردستان دەكەین.

 366 جار بینراوە