سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » د.ڕێواز فایەق: یەكێتی حزبێكی قبووڵكراوی متمانەپێكراوە لەسەر ئاستی عیراق

د.ڕێواز فایەق: یەكێتی حزبێكی قبووڵكراوی متمانەپێكراوە لەسەر ئاستی عیراق

د.ڕێواز فایەق ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: یەكێتی حزبێكی قبووڵكراوی متمانەپێكراوە لەسەر ئاستی عیراق، وتیشی: هەر هێزێك، هەر حزبێك، هەر كەسێك حساب بۆ یەكێتی ناكات و نایخوێنێتەوە، یەكێتیش حسابی بۆ ناكات و نایخوێنێتەوە.

د.ڕێواز فایەق ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، كە هاوكات سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیشە، دوێنێ لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، وەڵامی چەند لێدوانێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی دایەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:

سەرەتا بە گەرمی بەخێرهاتنتان دەكەم
دەمەوێ پێتانبڵێم بۆچی بانگمكردوون بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر. لە ڕاستیدا نەمویست پێگەی خۆم لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان بەكاربهێنم بۆ قسەكردن لەسەر بابەتێك، كە رەهەندی سیاسی هەیە، بەتایبەتی ئێستا لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنداین. بەدیاریكراوی لەسەر وتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان قسەدەكەم، باوەڕی خۆم وایە، هەر كەسێك هەر پۆستێكی هەبێت، لە هەر پێگەیەكدا بێت، لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئاساییە بەشداربێت لە هەڵمەتی سەرخستنی ئەو حزبەی، كە كردوویەتی بە خاوەنی ئەو پۆستە، بەڵام راستییەكیش هەیە كە سەرۆكی دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە رەچاوكردنی پێگەكەیان، بە رەچاوكردنی ئەوەی كە ئەو دامەزراوە دەستووریانەی كە ئێمە سەرۆكایەتییان دەكەین، دامەزراوەی گەلی كوردستانن، دامەزراوەی ئەو حزبە سیاسیانە نین، كە سەرۆكایەتییان دەكەن، دامەزراوەی ئەو حزبە سیاسیانە نین، كە هەڵبژاردنیان بردۆتەوە، بەڵكو دامەزراوەی ئەو هاووڵاتیانەشن، كە تەنانەت بەشدارییان لە پڕۆسەی دەنگدانیشدا نەكردووە. بۆ خۆم بڕیارمدابوو، كە بەشداریكردنم لە پرۆسەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بەشێوەك بێت، كە گەڕان بێت بەسەر ماڵان و خۆم بپارێزم لەوەی وتارم هەبێت و قسەبكەم، ئەویش بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە 10 رۆژی تر هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن تەواودەبێت، ئێمە یەكتردەبینینەوە و چاوبەچاو دەكەوێتەوە، ئێمە لەو قۆناغە دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پێگەكانمان بكەین، بەڵام كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا لەبەردەم رێكخستنەكانی حزبەكەی خۆی، دەڵێت: «تەنها حزبێك كە لەسەر ئاستی ناوخۆ، عیراقی و هەرێمی، حسابی بۆ دەكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستانە». كە خۆشی باوەڕی بەو قسەیە نییە، دڵنیام، دەیناسم، بەڵام ئەمە بووە بە بەشێك لەو فەرهەنگی سڕینەوەیەی، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هەموو ئاستەكان مومارەسەی دەكات و بچووكتر بینینی شەریكەكان و حزبەكانی دیكەیە لە هەرێمی كوردستاندا.

پێشبینیشم وابوو كە بە دیاریكراوی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، خۆی ببوێرێ لەو جۆرە وتارانە، بەڵام وەختێك بەڕێزیان بەوشێوەیە قسەدەكات، واجبێكی یەكێتی-یانەمە وەكو سەرۆكی یەكێك لە دامەزراوەكان، وەڵامی بدەمەوە، دەمەوێت پێیبڵێم: بەپێی عورفی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم دەبێت كۆكەرەوەی هەموو هێزە سیاسییەكان بێت، وەك عورفێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم دەبێت پارێزەری یەكڕیزیی گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكان بێت، بەڵام دوێنێ بەو قسەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەموو ئەو بنەمایانەی تێكشكاند و وێرانیكردن، كە لەلای خەڵكی هەرێمی كوردستان گەڵاڵە ببوو، بەوەی كە ئێمە دەتوانین بە یەكڕیزیی بچینە بەغدا، بۆ پاراستنی ئیستحقاقات و بۆ پاراستنی شایستەكانی گەلی كوردستان.

بەڕێزان:
نازانم راوبۆچوونی حزبە سیاسییەكانی تر چییە لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵام دەمەوێت ئەوە بەبیر رای گشتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمیش بهێنمەوە، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی قبوڵكراوی متمانەپێكراوە لەسەر ئاستی عیراق، بە دەلیلی نزیكترین بابەت، كە بابەتی دانوستانكردنە لەگەڵ هێزە عیراقییەكاندا، لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و كوتلە سیاسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەوەی كە سەرۆكایەتیی وەفدی دانوستانكار بەڕێز قوباد تاڵەبانی كردوویەتی، كە جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانە و سێ وەزیری یەكێتی و گۆڕان-یش یاوەرییان كردووە. ئەگەر ئەوان جێگای متمانە نەبوونایە، ئەگەر ئەوان جێگای قبوڵكردن نەبوونایە، ئەگەر ئەوان حساب بۆ كراو نەبوونایە، خەڵكی هەرێمی كوردستان ئێستا ئەو 200 ملیارەی بۆ نەدەهات، كە حكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچەكەی پێبدات.

دەمەوێت ئەوەش بەبیری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەوانە بێنمەوە، كە ئەوانی تر ناخوێننەوە و كەلتوری سڕینەوەیان كردووە بە بەشێك لە خیتابی سیاسییان، كە ئەگەر هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا نەبوونایە، ئەم هەولێری قەڵاو منارەیە، لەبەردەم مەترسیدابوو، هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە خوێنی شەهیدە سەربەرزەكانیان توانییان لە جەلەولا و خانەقینەوە بۆ مەخمور و شنگال و رەبیعە بپارێزن، لەم مەكتەبی سیاسییەی ئێمەوە، لێرەوە هێزەكان جووڵەیان كرد بۆ پاراستنی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

حساب لەسەر چییە، لەسەر چ بنەمایەكە؟، حساب لەسەر بنەمای ئەو زۆرینە ساختەكراوەیە كە هەیە، بەڕێزان؟!.

دواقسەم ئەوەیە، هەر هێزێك، هەر حزبێك، هەر كەسێك، حساب بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات و نایخوێنێتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش حسابی بۆ ناكات و نایخوێنێتەوە.

سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم.

 226 جار بینراوە