سەرەکی » ئەدەب و هونەر » چەند پەیڤێك دەربارەی ئەلیمێنتەكانی شیعری سادە

لە نازمانییەوە بۆ زمان سەنتەری

چەند پەیڤێك دەربارەی ئەلیمێنتەكانی شیعری سادە

نەبەز محەمەد

لە خوێندنەوەی هەر شیعرێكی پێگەیودا ئێمە بەر چەشنێك لە نازمانی دەكەوین، لە كاتێكدا بەرخوردی ئێمە لەگەڵ دەق و زماندایە، چونكە شیعر خۆی زمان و كایەیەكی زمانییە، بەڵام لەوێوە بۆ ئێمە نازمانییە كە شیعر دەستی لە بابەتێك كوتاوە كە دەرە زمانە، واتە لەو پانتایی و رووبەرەدا نییە كە دەكەوێتە ركێفی زمان و گوتنەوە. بەواتایەكی تر شیعر ئەو شتانە دەهێنێتە ژێر باری گوتن كە ناگوترێن و لە گوتن بەدەرن بەڵام شیعر وەكو یاخییەكی زمان پەل دەهاوێت و ئەو دەرە گوتنانە دەهێنێتە ناو گوتنەوە، بۆ ئەمەش هەم زمان دەشكێنێت و هەم زمان دادەهێنیت، لێرەوە ئێمە بەر نازمان دەكەوین لە زماندا، زمانێك كە هی شیعرە.

لە بنەڕەتدا ئەم بۆچوونە سەبارەت بە شیعری ئاڵۆز یان شیعری هێماگەریی و سمبولیكی راستە، مەبەستیشمان لە سمبولێك ئەوەیە كە بنەما و كاركردی ئەم جۆرە شیعرە لەسەر هێما و ئاماژە وەستاوە. بەڵام شیعری روون و سادە لەم دۆخە بەدەرە وەكو لە گوتاری پێشتردا روونمان كردەوە شیعری سادە بەهۆی كۆمەڵێك رەگەز و ئەلیمێنیتی جیاوازەوە وایكردووە ئاراستەی كاركردنی جیاواز بێت تا ئەو رادەیەی پێچەوانە و ئاراستەی دژی هەبێت. چونكە شیعری سادە بە پێچەوانەی شیعری ئاڵۆزەوە لەگەڵ ئەو بابەتە رۆژانەییەدا مامەڵە دەكات و مەیلی گوتنی هەیە كە سواو و لەبیركراون، ئەم دەیانهێنێتەوە بەرباس و شتی نوێیان لێ هەڵدەهێنجێ و بە جۆرێك نوێیان دەكاتەوە وەك ئەوەی كۆمەڵگە بەهۆی نابیناییەوە لەدەستیدابن.

بۆ ئەمەش شیعری سادە یان روون، زمان بە چەق دەگرێ بێ ئەوەی مەیلی شكاندنی زمان یان لادانی زمانی هەبێت بەهیچ ئاراستەیەكی نامۆدا یان وێرانكردندا وەك ئەوەی لە شیعری ئاڵۆز دەكەوێتەوە. بەڵام شیعری روون لەوەدا زمان بەچەق یان سەنتەر دەگرێت كە دەست بە وشەوە دەگرێت و تەقەشوف دەكات، هەروەها ئەو وشانە وەباردەهێنێتەوە كە لە بەكارهێنان كەوتوون یان پشتگوێ خراون و خەریكە لە دەستدەچن، ئەم جۆرە شیعرە نە وشەی لێ زیادە و نە وشە بە فیڕۆ دەدات، لەوەش گرنگتر تەنانەت گیان وەبەر وشەدا دەكاتەوە بەوەی كە مانای نوێی تێدەئاخنێت، یان لە لایەكی ترەوە زمانسەنتەریی، لەم رەوتە شیعرەدا ئەوەیە كە بێ ئەوەی زمانشكێنی بكات یان بئاڵۆزێنێت و رەمز و هێماخوازی بكات، زمان پێشدەخات و دەوڵەمەندی دەكات تەنها لەسەر حسابی گوتن، گوتن بەواتای ناوەڕۆك نەك بە بیانووی جوانی و ئستاتیكاوە هیچ نەگوتن و زمان ئارایی. بەم پێیە، شیعری روون چەند سادەش بێت، دەكرێت خۆ بەدەستەوەنەدەریش بێت، بەو هۆیەی زمان ئەندێشی دەكات، بۆیە وەك دەگوترێت (سهل ممتنع)ە بەڵام ئەم خۆبەدەستەوە نەدانەی بەهۆی زمانسەنتەرییەوەیە، نەك زمان دەریی، یان نازمانی.

ئەوەش كە ئەم چەشنە شیعرە بە سەركەوتوویی دەهێڵێتەوە ئەو تایبەتمەندییانەیە كە ئەلیمێنتەكانی وەكو خەسڵەتێكی هەمیشەیی هەیەتی، لێرەدا هەندێ لە گرنگترین ئەلیمێنتەكانیشی دەستنیشان دەكەین و بەكورتی لێیان دەدوێین.

1- روونبێژیی و سادەیی لە دەربڕیندا:
ئەم چەشنە شیعرە بە تەواوی لە لێڵی و تەمتوومانی وتن دوور دەكەوێتەوە، زمان نائاڵۆزێنێت و بڕوای بەخۆی هەیە كە هەر سادە و ئاسان ئەوەی هەیەتی بیڵێت و شیعرییەتیش دەستەبەربكات. راستەوخۆ لە نێوەڕۆكی بابەتەكە دەدات و پێچە بەدەورە ناكات و كورت و پوخت و سادە و رەوان ئەوەی هەیەتی دەیڵێت و خۆ دەپارێزێت لە زیادەڕەویی و هەربارگرانییەك.

2- واقیعیبوون:
واقیعیبوون خەسڵەتێكی گرنگی ئەم جۆرە شیعرەیە و مامەڵەی ئەو گرێ و رووداو و كێشانە دەكات كە خەڵك لەگەڵیان بەرەوڕووە، یان دەشێت ئێمە رۆژانە لەگەڵیدا بژین. واتە ئەم چەشنە شیعرانە بابەتەكانیان لەخۆیاندا حەیی و زیندوون و تاموچێژی تەڕوتازەییان هەیە و بەردڵان دەكەون. گوزارشت لە كێشە و ئازارەكانی رۆژ و سەردەمەكە دەكەن و بە دەربڕینی نوێ و سادە خۆ لە مەیل و ئازاری ئێستای مرۆڤەكان هەڵدەپێكن و وەڵامی هەستەكانیان دەدەنەوە و خەمیان هەڵدەگرن.

3- دووركەوتنەوە لە ئاڵۆزیی دەربڕین و هێما و سمبولگەریی:
ئەم خەسڵەتە بۆ شیعری روون و راستەقینە، شیعرەكە بەهێز دەكات نەك لەباری ببات، یان لە ئاستی بهێنێتە خوار، چونكە ئەو بابەتانەی ئەم شیعرە مامەڵەی دەكات پێویست بەسیمبول و هێماگەریی و ئاڵۆزاندن ناكات. ئەمەش بەهۆی واقیعیبوونیانەوە.

4- دووركەوتنەوە لە زیادەڕەیی و درێژدادڕیی:
خەسڵەتێكی گرنگی ئەم شیعرە ئەوەیە رێز لە خوێنەر دەگرێت و دەست بە وشەوە دەگرێت نرخی وشە دەزانێت و بە ناوی گەمەی زمانییەوە وتن بێ بەها ناكات و چەق و قورسایی وشە دەپارێزێت و نرخی خۆیان پێدەدات. واتە لە جیاتی درێژدادڕیی پشت بە قورسایی و هەیبەتی دەربڕین دەبەستێت.

5- وێنەی رۆژانەیی و بەردەست:
وێنەی رۆژانەیی ئەلیمێنتێكی گرنگی ئەم چەشنە شیعرەیە و بەردەوام لە رێگەی ئەو وێنانەوە كە دەیانخولقێنێت ئێمە لەو گرفت و هەنگاوانەی رۆژ ئاگادار دەكاتەوە، بە جۆرێك وەك بڵێی كۆمەڵگە دەرزی ئاژن دەكات.

بەهۆی ئەم خەسڵەتە گرنگانەوە كە ئەلیمێنتەكانی شیعری روون هەیەتی، شیعری روون و سادە لە (نازماندا) بەو واتایەی كە پێشتر باسمان كرد ئیش ناكات، بەڵكو زمان و ئەوەی لە زمان دەكەوێتەوە بە گرنگ و ئامانج دەگرێت، واتە لە نازمانییەوە دادەكشێت بۆ زمانسەنتەریی ئەمەش وادەكات ئەم چەشنە شیعرە زۆر گرنگی بە سەنگینی زمان و قورسایی واتا و ئەو بابەتانە بدات كە رۆژانەیین و واقیعین و بۆ ئێمە گرنگن.

كەواتە ئەگەر نازمانی لە سیمبول و هێما و مانای داتاشراو و مەجازییەكاندا پەنهانە ئەوا، زمانسەنتەریی خۆی چەقی مانا و هەڵگوێزان و گەشەیە لە رێی تەقاندنەوەی ئەو بابەتانەی دەشێت دنیا جارێكی تر و بە جۆرێكی تر و لە فۆڕمێكی تردا نیشان بدەنەوە و ناچارمان بكەن بەبیركردنەوە لێیان. هەروەها دەتوانین بڵێین لە سەنتەر زمانیدا وشە نامرێت و نابێت بە بابەتی قاموس و ژێرخۆڵی رەفە و لاپەڕە ناكەوێت، بەڵكو لە رێی بەكارهێنانەوە و بەردەستخستنەوەوە مانای جیاواز بە پێی ئەو زەپۆش و دۆخەی تێیدا و ئەو كاركرد و ئەركەی لە رستەدا هەیەتی هەم نوێ دەبێتەوە هەم مانای جودا دەسازێنێ. بەڵام نازمانی بە تەواوی لە شیعری رووندا سەرنگوم ناكرێت، بەڵكو دەشێت بوونی تا رادەیەك هەبێت بەڵام بە هەقی خۆی و بە كەرەستەی جیاواز و لە رێوشوێنی خۆیدا، چونكە هەم شیعر لەخۆیدا هەوڵی كەشف و خوڵقاندنی هەیە و بەشێكی ئەمەش دەشێت لە نازمان و جیهانی هێما و وێناكردنەوە بەدەست بێت، زمانیش بۆ ئەمە دەچێتە پێش و سەردەكەوێت، هەم وشە لە خۆیدا چەند مانایی هەڵدەگرێت. بۆیە شیعری روون و بێ گرێ ئەم رەهەندە نادیدە ناگرێت، بەڵام رێوشوێنی تایبەتی خۆی بۆ ئەم بابەتە هەیە، وەك ئەو وێنە بچووكە رۆژانەییانەی بەردەوام دەیانئافرێنێ بەبێ ریكلام و بانگەشەكردن ئەو بەردەوام بە خوڵقاندنی وێنە ئەم كارە دەكات. ئەمەش لەو وێناكردنەدا كە دەشێت لای خوێنەرە جیاوازەكان و لەسەردەمی جیاوازدا دروستی بكات.

هاوكات دەبێت بە جەختكردنەوە ئەوەش بڵێین لە شیعری رووندا نازمانی لە پێناوی شیعردایە، واتە وەكو شیعری ئاڵۆز نییە، كە زۆرجار شیعر لە پێناوی نازمانیدا لێڵ و تار دەكرێت. نازمانی ئەوكاتە لە پێناوی شیعردایە كە وێنە شیعرییەكە لە هزر و خەیاڵی خوێنەردا بیئافرێنێت، واتە خودی توانا شیعرییەكە دەستی لە نازمانیی گیركردووە، نەك نازمانی شیعرەكەی خنكاندبێت، یان سەرەنجام وەكو تەرمێك شیعرەكە داپۆشێت، ئەمەش ناوبنرێت وشەكاری و سەنعەت و سیمبولیكی. نازمانی ئەگەر لە شیعری رووندا هەشبێت لەو وێناكردنانەدا دەڕسكێت كە خودی شیعرەكە لە رێی وێنە و دەربڕینە سادەكانییەوە لە زەینی خوێنەردا دەیانئافرێنێت.

واتە نازمانی تەسەورێكی دروستكراو نییە لە رێی ریزكردنی وشەی لێكدژ و ئاڵۆز و گوزارشتی سەیروسەمەرەوە، بەڵكو لەو وێناكردنەدا پەنهانە كە بەهۆی ئەو وێنە بەرز و دەربڕینە نوێیانەوە دەشێت لای خوێنەر و لە زەین و وێناكردنی ئەودا بڕسكێ.

 192 جار بینراوە