سەرەکی » وتار » هاوسەنگ كردنی هێزی بێگانە

هاوسەنگ كردنی هێزی بێگانە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

كاتێك قسە لەسەر چەمكی «هێز» دەكرێت، دەبێت بزانین كە هێز دوو جۆرە «هێزی رەق» و «هێزی نەرم»، هەرچی هێزی نەرمە تەواوی سیاسەت و سەرخان و كەلەپوور و رۆشنگەری و رۆحی باڵای سەركردە و فەرهەنگ دەكرێتەوە، تاكو ئەمڕۆ كە ساڵی 2021 و 30 ساڵ بەسەر راپەڕیندا تێدەپەڕێت و 46 ساڵیش بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، هیچ هێزێكی سیاسی لە كوردستان نەیتوانیووە هێندەی یەكێتی هێزی نەرمی دەرکەوتووی هەبێت و بتوانێت ئەو هێزە نەرمە بخاتە خزمەت خۆی و گەلەكەیەوە.
هەرچی هێزی رەقیشە ئەوا بە نیسبەت یەكێتییەوە دابەشی چەند قۆناغێك دەبێت. لە سەرەتای دامەزراندنی یەكێتییەوە ئەم حزبە هێزی رەقی ئەوەندە تۆكمە بووە ململانێ و رووبەڕووی چەندان وڵاتی زلهێزی ناوچەكە بووەتەوە و لە چەندان بەرەوە شەڕی وڵاتانی دراوسێی پێ كردووە.
ئەوەی لە كوردستان ناوی هێزی رەقە و كەوتۆتە دەرەوەی هێزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، هێزێكی رەقی ناوخۆیی نییە، بەڵكو هێزێكی رەقی دەرەكییە كە لە كوردستاندا بۆ پشتیوانی هێز و لایەنی دیكە ئامادەیە، جگە لە یەكێتی هیچ هێزێكی دیكەی كوردی هێزی رەقی خۆیی بەرهەم نەهێناوە ئەگەر لایەن و وڵاتێكی دیكە دەستگیرۆیی و هاوكاری ئەو لایەنەی نەكردبێت.
لە شەڕی تیرۆریستانی داعش-دا، بینیمان هێشتا هێزی رەقی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چ ئاستێكدایە و هێزی رەقی لایەنەكانی دیكە لە چ ئاستێكدان و توانای لایەنەكانی دیكە بە بەراورد بە هێزی رەقی یەكێتی چەندە و چۆنە.
ئەگەر لە باشووری كوردستان وڵاتانی ئیقلیمی بە هێزی رەقیانەوە كۆمەكیان بە لایەن و هێزی سیاسی دیكە نەكردایە ئەوا ئێستا یەكێتی تاكە هێزی سیاسی سەر گۆڕەپانەكە بوو كە لەهەردوو هێزی رەق و نەرمەوە تەواو بێ ركابەر دەبوو.
ئەوانەی ئەمڕۆ باڵانسی هێزیان بەلای خۆیاندا شكاندۆتەوە، بۆ خۆیان دەزانن كە ئەوەی بەرهەمیان هێناوە كاتییە و هەمیشە لە دڵەكوتێدان كە ئەو ناهاوسەنگییە كۆتایی بێت و ئەو وڵاتە ئیقلیمییانەی لە پشتیانەوە وەستاوە، پشتیان بەربدەن و هەرەس بهێنن.
ئەو دوو جۆرەی هێز «نەرم» و «رەق» كە لەسەرەتای دەركەوتن و خۆبەیانكردنی یەكێتییەوە بووەتە ناسنامە و خاڵی ئەكتیڤی یەكێتی، هەرگیز بە هێزی ناوخۆیی تێناپەڕێنرێت و هیچ لایەنێكی ناوخۆیی ناتوانێت وەك یەكێتی لە یەك كاتدا خاوەن هەردوو هێزەكە بن، ئەوە تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لە كاتێكدا هەڵگیرسێنەری شۆڕشە و خاوەن هێزێكی رەق و تۆكمە و شەڕكەری گیانفیدا و شەهیدی زۆرە و خاوەن شۆڕشی نوێی گەلەكەمانە، هاوكات خاوەن هێزێكی نەرمی وەك شۆڕشی گەنجان و ژنان و دامەزراندنی تیڤی و بەرپاكردنی كەشی دیموكرات و دامەزراندنی حكومەت و پەرلەمان و پرۆسەی هەڵبژاردن و رۆحی كاریزمایەكی وەك «مام جەلال»ە، بۆیە هەمیشە جوانییەكانی هێزی ئەم وڵاتە بەلای یەكێتیدا لاسەنگە نەك بەلای ئەو لایەن و كەس و حزبانەدا كە هیچ شتێكیان بەرهەمی خۆیان نییە و نووسەری گەورەی تورك «جەنگیز چاندار» دەڵێت «یەكەم میدیای ئەو حزبە ئێمەی تورك دروستمان كرد و دامانمەزراند»
ئەو جووڵە سیاسی و دیپلۆماسیەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەم دواییانە لە بەغداوە کردی و بەرهەمەكەی گەڕانەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بوو، بەرهەمی ئەو پێگە و مەكانەتە سیاسی و دپلۆماسی و سەربازییەی یەكێتی بوو كە هیچ هێزێكی دیكەی كوردی ئەو توانایەی نییە و پێیناكرێت.
وێنەی ئەم ناهاوسەنگییەی هێز لە باشووری كوردستان ئێستا لەوەدا نییە كە بە زۆرینەیەكی پەرلەمانی موزەییەف دروست بووبێت و كێ لە پەرلەمانی كوردستان زۆرینەیەكی تەزویركراوی هەبوو، ئەوا زۆرینەی هێز و بڕیاردانیش لای ئەو بێت، بە پێچەوانەوە هێزی نەرمی یەكێتی زۆر لە هێزی رەقی ئەو هێز و لایەنانە بەهێزترە كە بەهێزی رەقیشیان بەرگرییان لە خۆیان و پایتەختیش پێ نەدەكرا.
ئەگەر تاكە شتێك هەبێت لە كوردستان یەكێتی بیەوێت هێزی خۆی پێ هاوسەنگ بكات، ئەوە هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی نییە، بەڵكو ئەو هێزە بیانی و داگیركەرانەیە كە بوونەتە خاوەن بەشێك لەم ناوماڵە كوردییە كە پێی دەوترێت باشووری كوردستان.

 266 جار بینراوە