سەرەکی » زانست » گورچیلەی دەستكرد لە خەیاڵی زانستییەوە بووە راستی

گورچیلەی دەستكرد لە خەیاڵی زانستییەوە بووە راستی

تارا شێخ عوسمان

لە شۆڕشێكی نوێی زانستییدا پرۆژەی گورچیلەی دەستكردی زانكۆی كالیفۆرنیا خەڵاتی دامەزراوەی (KidneyX ) بەدەستهێنا كە خەڵاتێكی مادی (650)هەزار دۆلاری بوو.

ئەو خەڵاتەش لە پای داهێنانێكی زۆر سەرنجراكێشی ئەو زانكۆیەوە دێت كە داهێنان و دروستكردنی گورچیلەیەكی دەستكردی زیندووە و دەتوانرێت بۆ نەخۆشانی گورچیلە بچێنرێت، بەوەش نەخۆشەكانی گورچیلە لە دەردەسەری شتنەوەی گورچیلە رزگاردەكات و چیتر پێویستیان بە ئامێرەكانی شووشتنی گورچیلە نابێت و پێویست ناكات ماوەیەكی زۆریش چاوەروانی بەخشەر بن بۆ ئەوەی لە بری گورچیلە نەخۆش و پەككەوتووەكانیان گورچیلەیەكی ساغیان پێ ببەخشێت.

دامەزراوەی(KidneyX) دامەزراوەیەكی هاوبەشی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت و وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزاریی مرۆیی ئەمریكا (HHS) و كۆمەڵەی ئەمریكی بۆ نەخۆشییەكانی گورچیلە(ASN)یە،ئامانجی ئەم دامەزراوەیە خێراكردنی داهێنانێكە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەكانی گورچیلە و دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی ئەو نەخۆشییانەیە.

ئەو پرۆژەیە بە سەرۆكایەتی هەریەك لە پرۆفیسۆر ( شوفو روی)ی خاوەن بروانامەی دكتۆرا لە زانكۆی كالیفۆرنیا و (ویلیام فیسیل)مامۆستای پزیشكیی سەنتەری پزیشكیی زانكۆی فاندەر بێلت بووە و هەریەك بە جیا كاریان لە پرۆژەكەیاندا كردووە كە بریتییە لە دروستكردنی پاككەرەوەیەكی خوێن و چالاكییە زیندەییەكان و دواتر هەردوو سیستمەكەیان لە ئامێرێك بە ئەندازەی مۆبایلێكدا كۆكردووەتەوە و دواتریش گەیشتونەتە هەنگاوی دووەم كە تاقیكردنەوەی كلینیكی بووە.

ئەو تیمە لە چەند ساڵی رابردوودا بە سەركەوتوویی هەردوو پێكهاتەی گورچیلە دەستكردەكەیان تاقیكردووەتەوە و هەرچی پاككەرەوەی خوێنەكەیە پاشماوە و ژەهری ناو خوێنی پاككردووەتەوە و سیستمی چالاكییە زیندەییەكانیش هەمان ئەركەكانی دیكەی گورچیلەیەكی سروشتیی راپەڕاندووە و هەردوو سیستمەكە بە هەماهەنگیی لەگەڵ یەك كارەكانی گورچیلەیان كردووە هەمان ئەو كارانەیان كردووە كە لەیەكەكانی شووشتنی گورچیلەدا بۆ نەخۆش دەكرێت.

هەربۆیە ئەو خەڵاتەی دامەزراوەكەیان پێدراوە، چونكە داهێنانەكەی ئەو دوو پسپۆڕە دەبێتە هیوایەكی نوێ بۆ ئەو كەسانەی بەدەست كێشەكانی گورچیلەوە دەناڵێنن یان ئەوانەی پارەیەكی زۆریان نییە گورچیلەیەك بكڕن و دەبێت ماوەیەكی زۆر چاوەڕێی بەخشەرێك بن بۆ پێدانی گورچیلە و رزگاركردنی ئەو نەخۆشانە لە كۆژان و مردن.

سەرچاوە: الشرق الاوسط

 62 جار بینراوە