سەرەکی » دۆسێ » هەوڵەكانی توركیا بۆ دامەزراندنی…

عیراقیش دەگرێتەوە

هەوڵەكانی توركیا بۆ دامەزراندنی…

هەوڵەكانی توركیا بۆ دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتێكی نوێی عوسمانی

وەزیری دەرەوەی قوبرس، سەرۆكی توركیا بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتێكی نوێی عوسمانی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار دەكات و دەڵێت، دەكرێت ئەم رێبازە جیۆپۆلۆتیكە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی ئیقلیمی دروست بكات.

نیكۆس كریستۆدولیس لە دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی (ئەسۆشێتد پرێس) دەڵێت:»هەڵسوكەوتی دوژمنكاریی توركیا نەك هەر بەرامبەر بە قوبرسە، بەڵكو بەرامبەر بە عیراق و سوریا و لیبیا و وڵاتە عەرەبییەكانی ترە لە ناوچەكە».

كریستۆدولیس ئاماژەی بە سیاسەتەكانی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی پێشووی توركیا كرد كە خۆی لە نەهێشتنی كێشەكاندا دەبینییەوە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و كرابۆوە چەمكی سەرەكی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا بەسەركردایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی قوبرس:»توركیا بە پرەنسیپی سفركردنەوەی كێشەكانی لەگەڵ دراوسێكانی، بردۆتە خولقاندنی كێشەكانی توركیا لەگەڵ هەموو دراوسێكان، هیچ دەوڵەتێك نەماوە كێشەی لەگەڵ توركیادا نەبێت».

وەزیرە قوبروسییەكە پییوایە:»ئەو دەستوەردانەی توركیا دەیكات لە عیراق و سوریا و لیبیا و قوبرس، هەوڵێكە بۆ برەودان بە سیاسەتی نوێی عوسمانی لە ناوچەكە، توركیا دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەكەدا بسەپێنێت».

حكومەتی توركیا كەشانازی بە رابردووی عوسمانی وڵاتەكەیەوە دەكات، رەتیدەكاتەوە خواستی پاوەنخوازیی لە ناوچەكەدا هەبێت و پێیوایە هەڵسوكەوتەكانی لە دەریای سپی ناوەڕاست، بەئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و بەرژەوەندی قوبرسییە توركەكانە لە دوورگە دابەشبووەكە، ئەمەش لەلایەن قوبرس كە سنوری دەریایی لەگەڵ یۆناندا هەیە، نەگونجاوە لەگەڵ خواستەكانی گەڕان بەشوێن وزەدا.

توركیا هێزی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان هەیە و بەشێوەیەكی بەردەوام ئۆپەراسیۆن لەدژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجام دەدات، بە هەمان شێوە بۆ مەبەستێكی ئاشكرا كە خۆی لە سەركوتكردنی هێزە كوردییەكاندا دەبینێتەوە، هێزی بۆ سوریا رەوانەكردووە، لە لیبیاش توركیا كۆمەكی سەربازی (حكومەت) دەكات كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە وڵاتەكەدا پشتیوانی لێدەكرێت، ئەمەش یاریدەدەر بووە بۆ ئاوەژووكردنەوەی هاوسەنگی لە ململانێكان لەدژی ئەو هێزانەی لە بنغازی لەنگەرییان گرتووە و خۆرهەڵاتی لیبیایان لەبەردەستدایە، بەهەمان شێوە توركیا رێكەوتنی لەگەڵ حكومەتی تەرابلوس ئیمزاكردووە بۆ دیاریی كردنی سنورە دەریاییەكان، ئەمەش بۆتە مایەی ناڕەزایی هەریەك لە یۆنان و قوبرس.

بەبۆچوونی دیپلۆماتكارە قوبرسییەكە:»بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتەكانی ئەردۆغان لە قوبرس، پێویستە تەماشای هەڵسوكەوتی هێزەكانی توركیا بكرێت لە باكووری سوریا و عیراق و لە لیبیا و هەندێك لە وڵاتە ئەفریقاییەكان».

نیكۆس كریستۆدولیس دەڵێت:»دەمانەوێت و ئامادەین كار لەگەڵ توركیا بكەین، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لە توركیا، تەنیا رێزگرتنە لە یاسا نێودەوڵەتییەكان و رێكەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر یاسای دەریاكان».

 79 جار بینراوە