سەرەکی » کەلتوور » بۆ ئەمیری حەسەنپوور

بۆ ئەمیری حەسەنپوور

بەختیار حەمەسوور

کورتەی مەبەست:
زمانی نووسینی کوردی، زمانێکی ناپوختە. یەکێک لەو خاڵە پاساودەرانەی لەپێش ئەم حوکمەدا خۆی ڕاست دەکاتەوە، کەمیی و درەنگکەوتنی نووسینە لە زمانەکەدا، بەڵام خودی سستی و سڕی و گوپێنەدانی بنووسەکانی، لە خاڵە هەرە حاشاهەڵنەگرەکانە، کە بوون بە بار و بەربینگی زمانی کوردییان گرتووە. لەگەڵ ئەو جموجووڵەی ساڵانێکە لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەدا هەیە، بە ئێستەیشەوە، ئەدەبی زارەکی لە ئەدەبی نووسراوی کوردی، دەوڵەمەندترە، هێشتا نەتوانراوە وزە شاراوە و حەشارەکانی زمانی زارەکی بۆ ناو زمانی نووسراو ڕاگوێزرێن، زمانی نووسین زانستی و لێکۆڵینەوە و ئەوەی دەبێت زمانێکی پوخت و ستاندار بێت، زۆر لە زمانی زارەکی دوور نەکەوتووەتەوە و مەودای نەگرتووە، لە گەلێک خاڵدا ئەو دوو زمانە بەر یەکتر دەکەون. زۆر کەم دەست بۆ وەها بابەتێک براوە، دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور (10/8/1943 – 24/6/2017) یەک لە دەگمەنترین نووسەرانی کوردە، کە بە شێوەیەکی زانستی و ورد لەو بارەیەوە چەند لێکۆڵینەوەی پێشکەش کردووە، ئەم سەرنجە کورتەی خوارەوە، کە لەبەر ڕۆشنایی بۆچوونێکی دکتۆردا نووسراوە و هەوڵێکی زۆر بچووکە.

زمانی زارەکی و زمانی نووسین
دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور لە یەکێک لە وتارە ئەکادیمی و زانستییەکانیدا، کە وەک پێشەکی بۆ کتێبی «فەرهەنگی زارەکی موکریان» نووسیویەتی، کۆمەڵێک سەرنج و پرسیاری ورد و بایەخدار لە بارەی زمانی نووسین و زمانی زارەکی، دەخاتەڕوو، لە درێژەی وتارەکەیدا، لە دێڕێکدا، دەنووسێت: «پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە، پێویستە بڵێم کە لە «فەرهەنگی زارەکی موکریان»ـدا زارەکێتیی و نووسیارێتی تێکەڵاون، …» لەو دێڕەدا، لەسەر وشەی «بڵێم» پەراوێزێک دادەنێت، لەوێدا پێی وایە کاتی نووسین، هانابردن بۆ ئەم وشەیە: «بڵێم»، جۆرێکە لە لەنگی و نازانستی، چونکە ئەم وشەی «بڵێم» سەر بە دنیای قسەکردن و ژیانی ڕۆژانەیە، لەبریی ئەوە دەبێت هانا بۆ وشەی «دەنووسم» ببرێت، لە پەراوێزەکەدا دەنووسێت: «دەمەوێ لێرەدا سەرنجی خوێنەرەوە ڕابکێشم بۆ وشەی «بڵێم»، کە من ئەو ڕستەیەم دەنووسی لەباتی ئەوەی بنووسم «پێویستە بنووسم…» هاتە سەر قەڵەمەکەم. «گوتن» دیاردەیەکی زارەکییە، بەڵام تێکەڵاوی نووسینە و لە کاتی نووسیندا، بێئەوەی دەنگم دەربێ، وشەکان دێنە سەر زارم.»[1] هەر لە هەمان وتاردا بەوردی خەسڵەتگەلی زمانی زارەکی و زمانی نووسین دیاری دەکات، هاوکات دەستپێکی نووسین بە «دابڕانی گەورە» ناودێر دەکات.
خوێنەر لە دوای ئەم سەرنجەی دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور، دەتوانێت زۆر وشەی هاوشێوە تر، لە چەشنی «گوتم، ئێژم، دبێژم و…» یان کاتێک لە نووسراوەیەکدا ڕستەیەک لە نووسەرێک دێنێتەوە، دەنووسرێ: «با گوێ لەم ڕستەیە، یان لەم نووسەرە بگرین»، هەروەها هەریەک لە زمانی خەمڵاندن، گۆترەکاری، ئەگەر و نەسەلماو و…، کە هەموویان سەر بە زمانی زارەکی/قسەکردنن و لەناو نووسیندا بەکاردێن، بدۆزێتەوە و لە بەرانبەر بۆچوونەکەدا ڕایانگرێت و لەگەڵ سەرنجەکەی دکتۆر ئەمیردا جووت بن و بەڕاست بگەڕێن، بەڵام خودی ئەو بۆچوون و وردبوونەوەیەیش شیاوی پێداچوونەوە و کەمێک لەسەر وەستانە.

ئیلتیزام و پابەندبوون
ئەگەر چاوپۆشی لە سەرجەم لقەکانی پەخشان بکەین و بەسەر دوو چەشندا دابەشیان بکەین؛ یەکەم پەخشانی زانستی، دووەم پەخشانی ئەدەبی، ئەوا دەتوانین سەرگرتن یان سەرنەگرتنی سەرنجەکەی دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور تاوتوێ بکەین. لە پەخشانی زانستیدا، دەتوانین هەریەک لە چەشنەکانی وتار، ڕەخنە، فیکر، فەلسەفە، لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیک و…ـی لەژێردا دابینێن، لەم چەشنە پەخشانەدا سەروکارمان لەگەڵ دژواریی و سەختی چەمک، میتۆد، تیۆر، ڕێبازی توێژینەوە، بە گشتی مانەوە و پاپەندبوون بە چوارچێوەی زانستییەوە هەیە، ئەمەیش لەگەڵ خۆیدا جۆرێک لە ئیلتیزام و پابەندبوون هاوپێچ دەکات، یەک لەوانە ئەوەیە کە بەوردی نووسەر ناچار دەکات بیر بکاتەوە و بگەڕێت، بە واتایەکی تر، چەمکدۆزیی و تیۆردۆزیی و…ـی بکات، تاکو نووسینەکەی لە هەڕەمەکیبوون و بێسەروبەریی و نەبوونی چوارچێوەیەکی زانستی دەرباز بکات، یەکێکیش لە نوختەکانی ئەو جۆرە نووسینانە دەگەڕێتەوە سەر جیاوازیدانان لە نێوان هەردوو زمانی نووسین و زمانی عامیانە(زارەکی/قسەکردن)، لە هەریەک لە ڕووەکانی هەڵبژاردن و بیرلێکردنەوەی وشە و ڕستەکان بۆ چینینی پاراگرافەکان، دیارە مەبەست لەم جیاوازیدانانە دابڕکردن و دوورخستنەوەی خوێنەران و کەسانی ئاسایی و کەمئاستی کۆمەڵگە نییە، هەرچەندە پەخشانی زانستی بێئەوەی هیچ پێشمەرجی و تەلبەندێک بە دەوری خۆیدا بکێشێت، پەخشانێکی نوخبەوییە و کەمتر ڕووی لە گشتە، یان گشت و خەڵکانی ئاسایی و ڕاگوزەر، کەمتر ڕوو لە خوێندنەوەی ئەم چەشنە پەخشانە دەکەن، دەبێت لەم جۆرە پەخشانەدا بە وردی بیر بکرێتەوە، چوارچێوەدار بێت، هەست بکەین لە بەردەم زمانێکی ستاندارد و گوشراوداین، زمانێک کە کەمترین دەرفەت بە دەستەواژەگەلی ناتیۆریک و ڕەمەکی بدات. بۆ وێنە، بەشێکی بەرچاو لە نووسراوەکانی عەبدولڕەحمان زەبیحی، کەمال مەزهەر، جەمال نەبەز، نەوشیروان مستەفا و… خودی نووسراوەکانی دکتۆر ئەمیر حەسەنپووریش، لەم خانە پەخشانییەدا جێکەوتە دەبن. لەم خاڵەدا بۆچوونەکەی دکتۆر ئەمیر سەردەگرێت، ڕاست و بێگرفتە.
سەبارەت بە پەخشانی ئەدەبی، بە تایبەت کایەی گێڕانەوە و تێیدا هەریەک لە ژانری چیرۆک و ڕۆمان، بۆچوونەکەی دکتۆر ئەمیر تووشی گرفت و سەرنەگرتن دەبێت، ئاشکرایە هەریەک لەو دوو ژانرە بە قووڵی و توندی بەستراون بە ژیان و لەناو جەرگەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدان، بە شێوەیەکیش ئەو باس و کەسانەی وەک تێما و کەسایەتی دێنە ئەم دوو ژانرەوە، بە نزیکەیی کەسانی ڕەشۆک، سادە، هەژار و…ـی ناو کۆمەڵگەن، کەمترین جار کەسایەتی و باسی فاخیر و ئەکادیمیک دێنە ئەم دوو ژانرەوە، تەنانەت زۆرێک لە دەقە گێڕانەوەییەکان کاتێک سوود لە کەسایەتی و بابەتێکی ئەکادیمیک و ئینیستیوتی وەردەگرن، جۆرێک کۆمیک و ئایرۆنی لێ دەکێشنەوە.
یەکێک لە ڕستە بەناوبانگەکان، کە لە فێرگەکانی چیرۆکدا وەک دەرس دەگوترێتەوە، ئەمەیە: «ئێمە دەمانەوێ دەستی ئێوە لە دەمتان نزیک بکەینەوە.» سیاوەش کەریم‌زادە وەها ئەم ڕستەیە شی دەکاتەوە: «دەمانەوێ ئەو جۆرەی قسە دەکەن، بنووسن.»[2] پەیوەندییەکی ڕاستەوانە و پتەو لە نێوان زمانی زارەکی و زمانی گێڕانەوەی ڕۆمان و چیرۆکدا هەیە؛ زمانی کەسایەتی لە هەریەک لە چیرۆک و ڕۆماندا، نزیکە لە هەمان کەش و ئاستی کارەکتەرەکانەوە، ئەگەر دووراییەک هەبێت، بە دڵنیایی دەرفەت بۆ جۆرێک لە ڕەخنە دەسازێنێت، بۆیە ڕێپێدراوە لەم چەشنە پەخشانەدا هانا بۆ زمانی عامیانە یان زارەکی/قسەکردن ببرێت و وشەی «دەڵێم»، «گوتم»، «گوتی» و… هاوشێوەکانی بەکار بهێنرێن، ئاساییترە زمانێکی هەڕەمەکی و زۆرجاریش بیرلێ‌نەکراوە (بەگوێرەی ئاست و پێگەی کارەکتەرەکە)، لە مەتن و درێژەی چیرۆکەکەدا بنوێنرێت. بۆچوونەکەی دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور پانتایی ئەم جۆرە پەخشانە نەدیو و نەبوو دەگرێت، لە کاتێکدا هەر لەو لێکۆڵینەوەیەدا، بە وردی چەند بەیت و حەکایەتی فۆلکلۆریی تاوتوێ و نموونەخواز دەکات، لەبەر ئەوە ناتوانرێت سەرنجەکەی دکتۆر بگشتێنرێت و لە مەودایەکی بەرفراواندا کارا بێت؛ بەرلەوەی بەتەواوی سەر بگرێت، شکست دەخوات.

سەرچاوە:
(*) ناونیشانەکە لە ناوی کتێبێکی مامۆستا مەسعوود محەمەدەوە وەرگیراوە: «بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت!».
1/ «فەرهەنگی زارەکی» لە خولی تێکنۆلۆژی زماندا، دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور، (پێشەکی)، بۆ کتێبی: فەرهەنگی زارەکی موکریان (بەرگی یەکەم – ئـ)، سەلاح پایانیانی، چاپی یەکەم، 1385ی هەتاوی – 2006ی زاینی.
2/ ڕوو لە ئاسۆیەکی نادیار، سیاوەش کەریم‌زادە، بڵاوگەی خانی، چاپی یەکەم، 1398ی هەتاوی، سەقز.

 84 جار بینراوە