سەرەکی » ئابووری » نەوت نرخێكی پێوانەیی تۆمار دەكات

حەوت ساڵە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە

نەوت نرخێكی پێوانەیی تۆمار دەكات

یەکەی ئابووری

نرخی بەرمیلێك نەوت بڕی 84 دۆلاری تێپەڕاند، كە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە، پێشبینیش دەكرێت نرخی نەوت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە و بگاتە سەروو 90 دۆلار.

رۆژی 12ی 10ی 2021، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەكان بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، بە رێژەی (2.6 %) بەرزبۆوە و هەر بەرمیلێك نەوتیش زیاتر لە دوو دۆلار نرخەكەی زیادیكردووە. بەوەش نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە بڕی 84 دۆلار و ئەوەش بەرزترین نرخە لە مانگی ئۆكتۆبەری 2018ەوە.

هەر بەپێی راپۆرتە هەواڵە ئابوورییەكان، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش زیاتر لە (3 %) بەرزبۆتەوە و هەر بەرمیلێك سەروو 2 دۆلار و 50 سەنت زیادیكردووە و گەیشتە سەروو 80 دۆلار، ئەوەش بەرزترین نرخە لە كۆتایی ساڵی 2014ەوە.

لەوبارەیەوە، كۆمرتس بەنك كارستن شارەزای بواری وزە ئاشكرایكرد، پێشبینی دەكرێت بۆ ماوەیەكی كورتخایەن نرخی نەوت بەرزبێتەوە و بگاتە ئاستی 90 دۆلار.

هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ قەیرانی وزە دەگەڕێتەوە كە روبەڕووی وڵاتانی گەورەی بەكارهێنەری وزە بۆتەوە، بەتایبەت ئێستا كە چالاكی ئابووریی جیهانی لە دوای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە گەشەی كردۆتەوە و كارگەكان دەستیان بە كاركردن كردۆتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رۆڵی هەبووە لە زیادكردنی داهاتی گشتیی عیراق، بەوپێیەی نەوت (90 %)ی داهاتی وڵات پێكدەهێنێت. ئەمە جگە لەوەی داهاتی نەوت بە دۆلارە و لەسەرەتای ئەمساڵەوە حكومەتی عیراق بەهای ئەو دراوەی بەرامبەر بە دیناری عیراقی بەرزكردەوە. سەرئەنجام بڕی یەدەكی دراوی عیراق لە 50 ملیار دۆلارەوە بۆ 62 ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە: لە هەفتەی رابردوودا قەبارەی هەناردەی نەوتی عیراق بۆ ئەمریكا بە رێژەی لەسەدا سەد زیادیكردووە و گەیشتۆتە 31 هەزار بەرمیلی رۆژانە، لەكاتێكدا بڕی هەناردەكردن لە هەفتەی پێشتردا سفر بووە.

بەپێی راپۆرتێكی ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا، هەفتەی رابردوو بەتێكڕا رۆژانە شەش ملیۆن و 15 هەزار بەرمیل نەوت لە هەشت وڵاتی جیهانەوە هاوردەی ئەمریكا كراوە، كە بەراورد بە هەفتەی پێشتر رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل نەوت زیادیكردووە.

ئەوەشیخستۆتەڕوو: لەو نەوتەی هاوردەی ئەمریكا كراوە، رۆژانە چوار ملیۆن و 39 بەرمیلی لە كەنەداو و 652 هەزار بەرمیل نەوتی لە مەكسیكەوە بووە، هەروەها سعودیە رۆژانە 622 هەزار بەرمیل نەوت ‌و بەرازیلیش رۆژانە 371 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریكا كردووە.

 

 57 جار بینراوە