سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » دۆڕاوه‌ گه‌وره‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌

عه‌بادی و عامری

دۆڕاوه‌ گه‌وره‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌

ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی‌ عیراق، چه‌ندین موفاجه‌ئه‌ی‌ له‌خۆی‌ گرت، كه‌ گرنگترینیان، دۆڕان و ده‌رنه‌چوونی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسه‌ سیاسییه‌ باڵاكانی عیراق و هه‌روه‌ها كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ كورسی به‌ده‌ستهاتووی به‌شێك له ‌هێز و قه‌واره‌ گه‌وره‌كانی عیراقه‌ به‌تایبه‌تی له‌ شیعه‌كان و سوننه‌كان.

كه‌سایه‌تییه‌ ده‌رنه‌چووه‌كان
زۆرێك له‌و كه‌سایه‌تی و سیاسییانه‌ی‌ پێشتر شوێن و پێگه‌ی‌ گه‌وره‌یان هه‌بوو هه‌م له‌ پۆسته‌ باڵاكانی ده‌وڵه‌تدا و هه‌میش له‌ نێو په‌رله‌مان و حزب و قه‌واره‌كانی خۆشیاندا، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌ك ده‌نگی زۆریان نه‌هێنا، به‌ڵكو هه‌ندێكیان نه‌یانتوانی سه‌ریشكه‌ون بۆ په‌رله‌مانی داهاتووی‌ عیراق، ئه‌مه‌ش ناوی به‌شێك له‌و سیاسیانه‌ی‌ عیراقه‌ كه‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوودا، نه‌یانتوانی بگه‌ن به ‌په‌رله‌مان، كه‌ له‌نێویاندا سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیر و په‌رله‌مانتاری خولەکانی پێشوو و پێشووتر هه‌یه.

نموونەکانیش بریتین لە: (سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، عه‌دنان زه‌رفی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌زیران، موزاحم ته‌میمی، خالید عوبێدی وه‌زیری به‌رگریی پێشووی عیراق، محه‌مه‌د ده‌راجی و ساره‌ ئه‌یاد عه‌لاوی و زافر ئه‌لعانی و ئاراس حه‌بیب و به‌ها ئه‌عره‌جی و عه‌بدولحسێن عه‌بتانی و هه‌یسه‌م جبوری و محه‌مه‌د كه‌ربوولی و ئوسامه‌ نوجێفی و قتێبه‌ ئه‌لجبوری و كازم ئه‌لسه‌یادی و خه‌سره‌و گۆران و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی تریش.

هێز و قەوارە گەورە دۆڕاوەکان
سه‌باره‌ت به‌و هێز و قه‌واره‌ گه‌ورانه‌ی عیراق، كه‌ له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا، ژماره‌یه‌كی‌ زۆری كورسی په‌رله‌مانی عیراقیان به‌ده‌ستهێنا، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا شكستی گه‌وره‌یان تۆماركرد، له ‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌، حزبه‌كه‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادیی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عیراق، كه‌ سه‌رۆكی‌ ئیئتیلافی نه‌سره‌، ته‌نها 2 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێناوه‌، هه‌رچه‌ند هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ره‌وتی حیكمه‌شدا كردبوو به ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ عه‌مار حه‌كیم كه‌ 3 كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌.

دوای ئه‌مانیش هاوپه‌یمانی فه‌تح دێت به ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هادی عامری ئه‌مینداری رێكخراوی به‌در، كه‌ ته‌نها 14 كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌ به ‌جیاوازییه‌كی‌ زۆر له‌گه‌ڵ كورسییه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشووی ساڵی 2018.

له‌كاتێكدا گه‌ورترین براوه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ لیسته‌كه‌ی‌ موقته‌دا سه‌در بوو، له‌دوای ئه‌ویش لیسته‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی و ئینجا لیسته‌كه‌ی‌ نوری مالكیی دێت، كه‌ ئه‌مجاره‌ موفاجه‌ئه‌ی‌ كرد، به‌پێی‌ شیكه‌ره‌وانی سیاسی عیراق.

له ‌كوردستانیش هه‌رچه‌ند، له‌هه‌ندێك شوێن به‌تایبه‌تی هه‌ولێر ده‌ستكاریی سندوقه‌كانی ده‌نگدان كراوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبێك، ئه‌وا هه‌ندێك حزب به ‌رێژه‌یه‌كی‌ زۆر كورسییه‌كانی په‌رله‌مانیان كه‌می كردووه‌، هه‌ندێك حزبیش رێژه‌ی‌ كورسییه‌كانیان زیادیكردووه‌، سه‌باره‌ت بە یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانیش وه‌ك یه‌كێك له ‌حزبه‌ گه‌وره‌كانی كوردستان، ئه‌وا یه‌كێك له ‌براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عیراقیش و له ‌ناوچه‌ی سلێمانی و كه‌ركوك و خورماتوو خانه‌قین و نه‌ینه‌وا و شاری دهۆكیش ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌ و سه‌ركه‌وتووبووه‌.

 75 جار بینراوە