سەرەکی » وتار » ‎هەڵبژاردن تەواو، ئیتر نۆرەی سازانە ‎

‎هەڵبژاردن تەواو، ئیتر نۆرەی سازانە ‎

سۆزان حەمە تاتە ‎

سازان و رێكەوتن لە پرۆسەی دیموكراسیدا بەتایبەت لەو وڵاتانەی هێشتا دیموكراسییەكەیان تەواو نەگەییوە، فاكتەر یان رێگەیەکی گرنگە بەرەو سەقامگیریی سیاسی و پێكهێنانی حكومەت، تائێستا لە عیراقیشدا ئەمە كاری لەسەر دەكرێت و بێ سازان هیچ هاوپەیمانی و حزبێك یان نەتەوە و مەزهەبێك نەیتوانیووە تاكلایەنە حکومڕانی وڵات بكات.

بە رێژەیەكی زۆر پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق لە 10/10/2021 سەركەوتوو بوو، كەمترین سكاڵا لە پرۆسەكە كرا، زۆرینەی حزبەكانی كوردستان و عیراق رازین بە ئەنجامەكانی، دۆڕاوی زیاتر لە براوەی تیادایە، هەیە كورسییەكانی سفر بۆتەوە و هەشە لە حزبێكی بچووكەوە بووە بە حزبێكی تاڕادەیەك گەورە، ئەمە بۆ سەر ئاستی عیراق بەگشتی راستە و بەهۆیەوە عیراق دەچێتە پرۆسەیەكی نوێوە كە پێكهێنانی حكومەتە و كوردیش بەشێكە لەو كارە قورسە.

پێش ئەوەی بیر لە رێكەوتن لەگەڵ حزب و هاوپەیمانییەكانی شیعە و سوننە بكرێتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق، هەنگاوی گرنگ و یەكەم ئەوەیە حزبەكانی كوردستان كۆببنەوە و لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ رێكبكەون بۆئەوەی هەم لە بەغدا پێگەیان بەهێز بێت، هەمیش بە بەرنامەیەكی نیشتمانی كوردستان و گرنگەوە بچنە پرۆسەی دانوستاندنەوە و چەندین پلانی یەك و دوو و سێیان هەبێت كە لایەنی بەرامبەر ناچار بەوە بكات پێی رازی بێت.

یەكڕیزیی پێش هەموو ئەركەكانە، بینیمان لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا زۆربەی لایەنەكان باسی تەبایی و یەكڕیزیی و وەرگرتنەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستانیان لە بەغدا دەكرد، ئێستا كەوا پرۆسەكە كۆتاییهاتووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا وەكو نەریتێكی سیاسی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات، هیچ هێزێكی سیاسی بێ بەشداریی كورد ناتوانێت ئەو كارە بكات.

بەشداریكردنی كورد لە حكومەتی عیراقدا مسۆگەرە، كەواتە بوونی یەكڕیزیی و سازان لەسەر بەرنامەیەك بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان و بەهێزكردنەوەی پێگەی كورد لە بەغدا كارێكی پێویستە و ئامادەسازیی پێویستی دەوێت.

چەمكی سازان بریتییە لە دەستبەرداربوونی لایەنە سازاوەكان لەسەر بەشێك لە دەستكەوت و مافەكانی خۆی لەپێناوی گەیشتنە بەرنامەیەی كاری هاوبەش، لە پرۆسەیەكی وادا، هەمیشە یەكەم یان براوە گەورەكان نەرمی لەگەڵ بەرامبەرەکان دەنوێنن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی گەورە و دروستبوونی سەقامگیریی سیاسی.

لێرەدا مەترسیی گەورە ئەوەیە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە حزبەكانی هەرێمی كوردستان پێش دەستكردنیان بە دانوستاندن لەگەڵ حزب و هاوپەیمانییەكانی تری عیراق نەسازێن و هەریەكەیان بەجیا بچنە دانوستانەوە، ئەمە دوو مەترسیی زۆر گەورە دروست دەكات، یەكەمیان ئەوەیە كارتی دەستیان كەم دەبێت و پێگەشیان لاواز دەبێت لە دانوستانەكاندا، دووەمینیشیان ئەوەیە لایەنەكانی بەرامبەر ئەو پەرتەوازەییە وەكو هەل دەقۆزنەوە بۆ جێبەجێكردنی كەمترین مافەكانی كورد و لەو نێوەندەشدا زەرەرمەندی یەكەم خەڵكی كوردستان دەبێت. دروشمەكەی من ئەمەیە، سازان لەگەڵ یەکتری دواتر رێكەوتن لەگەڵ ئەوانی تر.

 82 جار بینراوە