سەرەکی » دۆسێ » هەڵبژاردنەكەی عیراق كاریگەریی ئیقلیمی و سیاسی گەورەی دەبێت

بلۆمبێرگ وردەكارییەكان دەخاتەڕوو

هەڵبژاردنەكەی عیراق كاریگەریی ئیقلیمی و سیاسی گەورەی دەبێت

بەپێی راپۆرتێك كە لەلایەن رۆژنامەی (بلۆمبێرگ)ەوە بڵاوكرایەوە، هەڵبژاردنی عیراق كاریگەریی ئیقلیمی و سیاسی گەورەی دەبێت.

لە ڕاپۆرتەكەی (بلۆمبێرگ)دا هاتووە”دەنگدان و ئاكامەكانی كاریگەریی زۆر فراوانترییان دەبێت، بەو پێیەی توانای ئەوەی نابێت ببێتە مایەی كۆدەنگی لە سیاسەتی لەبەریەكهەڵوەشاوەی عیراق سەبارەت بە چارەسەركردنی تەنگژە ناوخۆییەكان”.

(بلۆمبێگ) دەڵێت”كازمی سەرمایەی سیاسی خۆی بۆ نێوەندگیری لە وتوێژەكانی نێوان هێزی شیعەی ئێرانی و سیستمی شاهانەی سوننی لە شانشینی عەرەبی سعودیە بەگەڕخست و هەوڵیدا ئەو كۆمپانیا نەوتییە جیهانییانەی چوونە دەرەوەی عیراق بگۆڕێت، رێكەوتنێكی وەبەرهێنانیشی بە بەهای 27 ملیار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسایی دەستەبەركرد، هەموو ئەمانەش دەكەونە مەترسییەوە گەر، لایەنگرانی كورسییەكی زۆر لە پەرلەمان دەستەبەر نەكەن و خولی داهاتوو نەبەنەوە».

هەر لەو بارەیەوە، ریناد مەسنور، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عیراق لە چاتام هاوس لە لەندەن دەڵێت”دیپلۆماسی سعودی- ئێرانی بەردەوام بوو بەهۆی دەستوەردانی خودی سەرۆك وەزیرانی عیراق”.

بە وتەی مەنسور”كازمی مێژووییەكی تایبەتی هەیە لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو وڵات، ئەو هەژموونەشی بەكارهێنا كاتێك بووە سەرۆك وەزیران”.

ریناد مەنسور پێیوایە”لە ئەگەری پاشەكشەكردنی ئەمریكا، سعودیە و ئێران بەپێویستیان زانی دیالۆگێكی ئەمنی دەستپێبكەن، تا بۆشایی دروست نەبێت”.

لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی، وێستگەكانی دەنگدان لە كاتژمێر 7ی بەیانییەوە كرانەوە و دەستكردن بە هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیەندرا كە تێیدا نزیكەی 25 ملیۆن عیراقی لە هەڵبژاردنەكەدا مافی دەنگدانیان هەبوو.

دەنگدان تا كاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بوو، دوای ئەوەش وێستگەكان داخران.

زیاتر لە 3 هەزار كاندید لە هەڵبژاردنی عیراق، بۆ دەستەبەركردنی 329 كورسی بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی كێبڕكێیان كرد.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، لە 11ی تشرینی یەكەمی 2021، رێژەی بەشداریی لە دەنگدانی گشتی بەپشتبەستن بە جیاكردنەوەی یەكەمی سندوقەكانی دەنگدان، راگەیاند.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی كۆمسیۆن كە لەلایەن میدیا عیراقییەكانەوە بڵاوكرایەوە، رێژەی بەشداریی و ژمارەی دەنگدەران لە دەنگدانی گشتی بەمشیوەیە بوو:

1- رێژەی دەنگدانی بەرایی گەیشتۆتە 41% لە كۆی گشتی 94%ی وێستگەكان.

2- ژمارەی دەنگدەران لەو وێستگانەی وەرگیراون گەیشتۆتە (9.077.779)

3- ژمارەی سكاڵاكان لەسەر دەنگدانی تایبەت 16 سكاڵا كردووە، سكاڵاش لەسەر دەنگدانی گشتی گەیستۆتە 58 سكاڵا.

4- رێژەی دەنگدان لە پارێزگاكان بەمشێوەیە بووە: «بەسرە 40%، میسان 43%، قادسیە 42%، زیقار 42%، نەجەف 41%، موسەننا 44%، بەغدا رەسافە 31%، بەغدا كەرخ 34%، كەربەلا 44%، بابل 46%، دیالە 46%، ئەنبار 43%، واست 44%، دهۆك 54%، هەولێر 46%، سلێمانی 37%، سەڵاحەدین 48%، كەركوك 44%، نەینەوا 42%».

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی، لە كاتژمێر شەشی ئێوارەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، سندوقەكانی دەنگدانی داخست و كۆتایی هاتنی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران، راگەیاند.

 126 جار بینراوە