سەرەکی » راپۆرت » کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان کەم کرایەوە کرێی قوتابخانە ئەهلییەکان وەک خۆیەتی

کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان کەم کرایەوە کرێی قوتابخانە ئەهلییەکان وەک خۆیەتی

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

شەنگ عومەر خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی ئایتی- یە لە یەکێک لە زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵە بە بڕیاری کەمکردنەوەی کرێی خوێندن بە رێژەیەک و دەڵێت، بڕیارێکی دروستە و لە شوێنی خۆیەتی، بە رێژەیەکی باش هاوکار دەبێت بۆ خوێندکار کە تێچووی خوێندنی کەمتر بکەوێت لەسەری لە کاتێکدا هەموو شت گرانە و دۆخی دارایی هاووڵاتیان باش نییە.
هەر لە سەرەتای دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ساڵی (2021 2022-) لە زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژە.
ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 45% لە گشت قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا ( پاراڵێڵ- ئێواران) هەروەها کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێی ئەنجامەکانی ریزبەندی نیشتمانی بەرێژەی (10% 20%-) بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن.
وتیشی، هەرێمی‌ کوردستان بە بارودۆخێکی‌ تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەمووان رەچاوی‌ باروگوزەرانی‌ دارایی‌ هاووڵاتیان بکەین و لە هەمانکاتیشدا بتوانین هەلی‌ خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکاری‌ هەرێمەکەمان دەستەبەر بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی وەزارەت لە کەمکردنەوەی‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە لەبەرچاوگرتنی‌ باری‌ دارایی‌ هاووڵاتیانی‌ کوردستان و رەخساندنی‌ هەلی‌ زیاتری‌ خوێندن و پەرەپێدانی‌ تواناکانی‌ گەنجانی هەرێمە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانیی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان.

رێژەی کەمکردنەوەکە
بەپێی‌ ئەنجامەکانی‌ ریزبەندی‌ نیشتمانی‌ زانکۆکانی‌ کوردستان کەمکردنەوەی زانکۆ تایبەتەکان بەمشێوەیەیە، ئەو زانکۆیانەی‌ دەکەونە گرووپی‌ B، بە رێژەی‌ (10%) کرێی‌ خوێندن کەم دەکرێتەوە، ئەو زانکۆیانەی‌ دەکەونە گرووپی‌ C، بە رێژەی‌ (15%) کرێی‌ خوێندن کەم دەکرێتەوە، ئەو زانکۆیانەی‌ دەکەونە گرووپی‌ D، بە رێژەی‌ (20%) و سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بە رێژەی‌ (20%) کرێی‌ خوێندنیان کەم دەکرێتەوە.
ئاوات عەلی باوکی خوێندکارێکی زانکۆیە و دەڵێت، ئەو بڕیارە وادەکات کەمێک باری سەرشانی دایک و باوکان کەمببێتەوە لە کاتێکدا خوێندکاری زانکۆ تێچووی خوێندنەکەی زۆرە و بڕیارێکی باش و لەجێی خۆی بوو.
وتیشی، ئەوەی کە هەر پێش دەستپێکردنی خوێندن بڕیارەکە درا زۆر باش بوو ئەگەر نا دوای پارەدان بوایە هەندێک زانکۆ پێوەی پابەدن نەدەبوون یان تا بڕە پارەکەیان بۆ دەگەڕاندیتەوە زۆری پێ دەچوو و هەر دەیانهێنایت و دەیانبردیت.

خوێندنگە ئەهلییەکان ناگرێتەوە
ئەوە لە کاتێکدایە جگە لە زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان چەندین دایەنگەو باخچەی ساوایان و قوتابخانەی ئەهلیش لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و لەگەڵ ئەوەی زاتر لە مانگێکە خوێندن تیایاندا دەستی پێکردووە تائێستا وەزارەتی پەروەردە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ دارایی هاووڵاتیان هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن تیایاندا.
ئاشنا نوری دایکی دوو قوتابییە لە قوتابخانەی ئەهلی و وتی، داواکارم لە وەزارەتی پەروەردە بڕیار بدات بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە قوتابخانە ئەهلییەکان بە هەر رێژەیەک بێت هەر باشە و ئەو زەختەی لەسەرمانە کەمتر دەبێتەوە.

وەک خۆی جێبەجێنەکراوە
ساڵی رابردوو وەزارەتی پەروەردە بڕیاری کەمکردنەوەی کرێی خوێندنگە ئەهلییەکانی دا بە رێژەی 10٪ بەڵام هەندێک لە دایک و باوکان گلەیی ئەوەیان هەبوو کە بڕیارە وەک خۆی لە هەندێک لە قوتابخانەکان بە بیانووی جیاجیا وەک خۆی جێبەجێنەکراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پەروەردە 97 باخچەی ساوایان، قوتابخانەی بنەڕەتی، ناوەندی، ئامادەیی و پەمانگا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و نزیکەی 60 هەزار قوتابیان هەیە.

 126 جار بینراوە