سەرەکی » ئەدەب و هونەر » بۆچی خەڵاتی نۆبڵ لە دەستی موراکامی رادەکات؟

بۆچی خەڵاتی نۆبڵ لە دەستی موراکامی رادەکات؟

تۆمۆهیرۆ ئوساکی

لە فارسییەوە: سیامەند موهتەدی

پوختە:
بەگشتی رووناکبیرانی سەردەمی ئێستا هۆگرییەکی زۆریان بۆ کەلتوری رۆژئاوا و هێماکانی نییە، بەڵام موراکامی لە جیاتی دوورکەوتنەوە لەو شتانە، بەردەوام خەریکە دەقێک بەرهەم دەهێنێت کە خوێنەری ئاسیایی بەرەو بەرزنرخاندنی ئەو شتانە هاندەدات.

ئەمساڵیش لایەنگرانی «هاروکی موراکامی» یان بەو جۆرەی بۆتە باو «هاروکیستەکان»، بۆ جارێکی دیکە هەناسەیان لە سنگی خۆیاندا قەتیس کرد و هیواداربوون نووسەرە خۆشەویستەکەیان خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، بەڵام هەمیسان خولیاکەیان نەهاتەدی و تووشی بێهیوایی بوون. بۆ جارێکی دیکە نزاکانی لایەنگرە سەرسەختەکانی ئەم نووسەرە ژاپۆنییە بەناوبانگە بێ‌ وەڵام مایەوە و ئەکادیمیای سوید خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ئەمساڵی دا بە عەبدولڕەزاق گورنا رۆماننووسی بە رەگەز ئەفریقایی.

موراکامی بەهۆی رۆمانە پڕفرۆشەکەیەوە بە ناوی «دارستانی نەرویجی» (1987) ناوبانگی دەرکرد و لە ساڵی 2007 ەوە کە ماڵپەڕی گرەوکردنی «لێدبروکس» ئەوی وەکو یەکێک لە کاندیدە سەرەکییەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ناساند، بوو بە کاندیدێکی جددی بۆ گرنگترین خەڵاتی ئەدەبی جیهان. لەو کاتەوە کاندیدبوونی بەشێکی نەگۆڕە لە ژیانی لایەنگرانی هیوادار و چاوەڕوانی ئەودا و بۆچوونی سەریروسەمەرە دەربارەی گریمانەی نۆبڵەکەی، بووە بە بەرنامەی ساڵانەی ئەوان.

هەڵبەتە ئەمساڵ سەبارەت بەم نووسەرە تەمەن 72 ساڵە هەندێک شاگەشکەیی نابەجێ هەبوو. چونکە یەک رۆژ بەر لە ئاشکرابوونی کەسی وەرگری خەڵاتەکە، دەڵاڵەکانی گرەوکردن موراکامییان وەکو چانسی دووەمی ئەو خەڵاتە ناساند و ماڵپەڕی «لێدبروکس»یش چانسی 10 بە 1 ی بۆ لەبەرچاو گرت – واتە هاوئاست لەگەڵ مارگرێت ئەتوود نووسەری کەنەدی کە بەهۆی رۆمانی ژانری وێرانی شار (دیستۆپیا) «چیرۆکی یاوەر»ەوە، نووسەرێکی بەناوبانگە.

بەڵام ئەکادیمیای سوید ئەم جارەش بەرەو ئاراستەیەکی دیکە هەنگاوی نا و هەمیسان ئەو پرسیارەی خستە ناو مێشکەوە کە: بۆچی نۆبڵی ئەدەبی تا ئەم رادەیە لە ئاست ئەم نووسەرە بەناوبانگەدا خۆی بەدەستەوە نادات؟

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، رەخنەگران باسیان لە هۆکاری گریمانەیی جۆربەجۆر کردووە و گرنگترینیان ئەوە بووە کە بەرهەمەکانی موراکامی بەتاڵن لە دەربڕینێکی سیاسی.

سەلیقەی ئەکادیمیای سوید
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئەکادیمیای سوید لایەنگریی خۆی بۆ ئەو نووسەرانە پیشانداوە کە لە رووی سیاسییەوە شایستەی پەسەندکردن بن و بەگشتی لایەنگری ئەو نووسەرانەیە کە ژیانی خەڵکی هەژاریان بەلاوە گرنگە و لە دژی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان خەبات دەکەن و یان بەرەوڕووی کێشە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکان دەبنەوە. لەناو بەرهەمەکانی وەرگری خەڵاتی ئەمساڵیشدا دەتوانین ئەم خاسییەتانە ببینین.

بەرهەمەکانی «گورنا» سەرنجیان لەسەر داگیرکاری و زەبری دەروونی لێکەوتەی ئاوارەبوونە و کۆمیتەی نۆبڵ دەڵێت لەبەر «تێگەیشتنی دروست و پڕاوپڕی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی داگیرکاریی و چارەنووسی ئاوارەکان لە درز و جیاوازی نێوان کەلتورەکان و کیشوەرەکاندا» ئەو خەڵاتەی پێشکەش کردووە. کۆمیتەی ناوبراو هەروەها گوتی رۆمانەکانی ئەو «بە دوورکەوتنەوە لە وەسفکردنە کڵێشەییەکان، چاوی ئێمە بەڕووی فرەچەشنی کەلتوری لە رۆژهەڵاتی ئەفریقادا دەکاتەوە کە بەشێکی زۆری خەڵکی دنیا پێی ئاشنا نین».

بەرهەمەکانی گورنا سەرنجیان لەسەر داگیرکاری و بەرکەوتەی دەروونی ئاوارەکانە.

ساڵی 2015 ش «سوتێلانا ئەلێکسیڤیچ» نووسەری بیلاڕوسیا لەبەر «بەرهەمە فرەدەنگییەکانی کە وەبیرهێنەرەوەی رەنج و بوێری سەردەمی ئێمەیە» بوو خاوەنی ئەم خەڵاتە. شێوازی گێڕانەوەی ئەو بابەتی جیا جیای – هەر لە شەڕی 10 ساڵەی سۆڤیەت لە ئەفغانستانەوە بگرە تا کارەساتی ناوەکی چێرنۆبیلی – لەخۆگرتووە.

ساڵی 2014 ش نووسەری فەرەنسی «پاتریک مودیانۆ» لەبەر «سوود وەرگرتن لە هونەری بیرەوەری نووسینەوە بە مەبەستی وەبیرهێنانەوەی چارەنووسی بێوێنەی مرۆڤەکان و دەرخستنی دنیای راستەقینەی داگیرکاری نازییەکان» ئەم خەڵاتەی وەرگرت.

«کویچێرو سوکگاوا» مامۆستای ئەدەبیاتی ژاپۆنی لە زانکۆی ژنانی «گیفو» کە هەر لە کۆنەوە موراکامی خوێندووەتەوە دەڵێت: بۆ کۆمیتەی نۆبڵ – لە کاتی هەڵسەنگاندنی بەرهەمی ئەو نووسەرانەی کە هەر یەکەو بە زمانێک دەنووسن و هەر کامەیان لە کەلتورێکی جیاوازەوە هاتوون – ئەوەی وا دەرئەنجام گرنگە ئەوەیە کە ئایا بەرهەمەکانی ئەوان لەڕووی سیاسییەوە مانا و گرنگییەکی هەیە یان نا؟

لەم روانگەیەوە، نووسەرانێکی وەکو مارگرێت ئەتوود و هەروەها نووسەری کینیایی «نگوگی وا تینگۆ» (یەکێکی‌ترە لە کاندیدە هەمیشەییەکانی نۆبڵ) لە موراکامی لەپێشترن: زۆربەی بەرهەمەکانی مارگرێت ئەتوود دەگەڕێنەوە بۆ فێمێنیزم و نگوگیش لە دەیەی 1970 و لە پاش نووسینی نمایشنامەیەکی دژە حکومەتی کەوتە زیندانەوە.

بەڵام رەگەزی لەم شێوەیە لەناو بەرهەمەکانی موراکامیدا تەقریبەن وجودی نییە. هەروەها هەندێک لە هەڵسوکەوتەکانی ئەم دواییانەی موراکامی تەنانەت لەوانەیە ئەو بۆچوونە لەلای ئەکادیمیای سوید دروست بکات کە ئەو لایەنگری بنچینەکانی رەوشتی سیاسی نییە.

چەند مانگێک لەمەوبەر، موراکامی لەگەڵ گەورە کۆمپانیای بازرگانی ژاپۆنی «یونیکلو» هاوکاری کرد؛ ئەم کۆمپانیایە ئامانجی چەند تۆمەتێکە دەربارەی کاری زۆرملێ ئویغورەکانی شینجیانگ و تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە کراسەکانی لە قوماشی ئەو ناوچەیە بەرهەم دەهێنێت. هەڵبەت خاوەنەکانی یونیکلو سەرجەم ئەو بانگەشانەیان رەتکردووەتەوە کە بەرهەمەکانی ئەوان بە دژی مافی مرۆڤ پێناسە دەکەن.

هەروەها موراکامی لەبەر شێوەی نمایشکردنی ژنان و سێکس لە رۆمانەکانیدا، لەگەڵ هەراوهوریای زۆر بەرەوڕوو بۆتەوە.

بۆ نموونە لە رۆمانی «1 کیو 84» کە ساڵی 2009 بڵاوبۆوە، بێ پێچوپەنا باس لە دیمەنی سێکسی پیاوی پاڵەوانی چیرۆکەکە دەکات لەگەڵ کچێکی ناباڵغ کە لە روانگەی هەندێک لە رەخنەگرانەوە، هێڵێکی سوورە بۆ ئەکادیمیای سوید. سێکسی کچێکی مناڵ و وێناکردنی هەوەسبازانەی جەستەی ئەو، دەتوانێت لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆدا بەئاسانی خوڵقێنەری باسێکی جێی مشتومڕ بێت.

لە شوێنێک لەناو ئەو چیرۆکەدا نووسیویەتی «گوێچکەی پاک و زێی پاک زۆر هاوشێوەن»، کە هەر ئەمەش بوو بە هۆکار تا موراکامی لەلایەن گۆڤاری ئینگلیزی «لیترەیری رێڤیو»ەوە بکرێتە کاندیدی خەڵاتی سێکسی ناشیرین: خەڵاتێکی ساڵانە کە مەبەستی دەستنیشانکردنی ناشیرینترین دەربڕینە سێکسییەکانە لەناو بەرهەمە ئدەبییەکاندا.

هەروەها لە بەرهەمەکانی موراکامیدا خواستێکی زۆر بۆ کەلتوری رۆژئاوا هەست پێدەکرێت. زۆربەی کات پاڵەوانی رۆمانەکانی شێوە ژیانێکی دەوڵەمەندانەیان هەیە: گوێ لە موسیقای رۆژئاوایی دەگرن، بە مۆدی رۆژ جل دەکەنە بەریان، و پاستا و سەندویچ دەخۆن.

بەگشتی رووناکبیرانی سەردەمی ئێستا زۆرحەزیان لەم نیشانانەی کەلتوری رۆژئاوا نییە، بەڵام موکارامی لەجیاتی دوورکەوتنەوە لەو شتانە، بەردەوام خەریکە دەقێک بەرهەم دەهێنێت کە خوێنەری ئاسیایی بەرەو بەرزنرخاندنی ئەو شتانە هاندەدات.

حەقیقەت ئەوەیە کە موراکامی لە سەردەمێکدا دەستی بەکار کرد کە توانای بەکارهێنانی ئەم شتانە، رەمزێک بوو لە پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی و ئەویش لەگەڵ ئەو گریمانانە گەشەی کرد و بەرەوپێش رۆیشت.
بەڵام ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچووە. ئێستا پیشەی موراکامی لە قۆناغێکی هەستیاردایە و ئەگەر ئەو شتی نوێ تاقی نەکاتەوە پێناچێ خەڵاتی نوبڵ وەربگرێت.

سەرچاوە: Nebest.com

 125 جار بینراوە