سەرەکی » ئاراستە » پیاوێكی پشكۆ له‌ مشت

عه‌بدولحه‌مید ده‌روێش

پیاوێكی پشكۆ له‌ مشت

عه‌لی شه‌مدین

عه‌بدولحه‌مید ده‌روێش سیاسه‌تمه‌دارێكی هه‌م دێرین و هه‌م نوێ بوو، رۆشنبیرێك بوو له‌ هزردا زه‌نگین و خاوه‌نی قه‌ڵه‌مێكی به‌ بڕشت بوو، نووسینی ره‌وان و ئامانجی روون بوو، تێكۆشه‌رێكی واقیعبین بوو له‌ تێزو دروشمه‌كانیدا، داواكارییه‌كانی بابه‌تیانه‌ بوون، گفتوگۆكانی لۆژیكانه‌ بوون، به‌ جۆرێك بیانوویه‌كی بۆ كه‌سی به‌رامبه‌ر نه‌ده‌هێشته‌وه‌ تا ناكۆك بێت، به‌ نه‌رمییه‌كه‌ی خۆی متمانه‌ی به‌رامبه‌ری به‌ده‌ست ده‌هێنا، به‌ حیكمه‌ت و دانایی هه‌میشه‌یی خۆی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی ده‌هێنایه‌وه‌، وا بێت كه‌ دڵی هه‌ردوو لا رازی بكات، له‌ سازشدا ئه‌وه‌ندی بكرایه‌ ده‌ست قونجاو نه‌بوو، ئه‌ویش له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا كه‌لله‌ڕه‌قانه‌ به‌رگری له‌ بنه‌ماكانی خۆی ده‌كرد، توندو رژد بوو به‌رامبه‌ر به‌ نه‌یاره‌كانی، جگه‌ له‌ هاوبیرو لایه‌نگره‌كانی، ده‌یزانی چۆن رێزی خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كانیشیدا.

ئه‌م پیاوه‌، زیاتر له‌ هه‌شتا ساڵ به‌رگه‌ی ژیانی گرت، ئه‌و ژیانه‌ی له‌لایه‌ك ته‌ژی بوو له‌ راوه‌دوونان، ده‌ستگیر كردن، چه‌وسانه‌وه‌و سته‌م، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ دارماڵ بوو له‌ هێرشی به‌رده‌وام بۆ چه‌واشه‌ كردن و شێواندن و به‌ ناپاك له‌قه‌ڵه‌مدانی، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا وه‌ك ئه‌یوب سه‌بری هه‌بوو، وه‌ك مه‌سیح لێبورده‌ بوو، سوور بوو له‌سه‌ر وابه‌سته‌بوون به‌ دۆزه‌ ره‌واكه‌ی و تایبه‌تمه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی و سه‌ربه‌خۆبوون له‌ بڕیاردا، وه‌ك پیاوی پشكۆ مشت چنگی كردبوو به‌ بیروباوه‌ڕه‌كه‌یداو ده‌ستبه‌ردار نه‌ده‌بوو.

هه‌رگیز وره‌ی له‌ده‌ست نه‌داوه‌، ئیراده‌ی كه‌می نه‌كردووه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌، قیبله‌نومای خه‌باتی هه‌میشه‌ به‌ ئاراسته‌ی گه‌له‌ سته‌مدیده‌كه‌ی بووه‌و له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی و دیموكراسییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا تێكۆشاوه‌، هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ رێزگرتن له‌ مافی ئه‌وانی دیكه‌شدا، باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ دۆزه‌كه‌ی به‌شێكه‌ له‌ دۆزه‌ گشتییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، باوه‌ڕی به‌وه‌ش هه‌بوو كه‌ ده‌بێ دۆزه‌كه‌ی به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و له‌ رێگه‌ی دامه‌زراندنی سیستمێكی فره‌یی و دیموكراسی و عیلمانیدا بێت، كه‌ ئازادی و دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی بۆ هه‌موان ده‌سته‌به‌ر بكات له‌و نیشتمانه‌دا كه‌ سه‌دان ساڵه‌ هه‌موو پێكهاته‌كان تیایدا هاوبه‌شن، باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌بوو ده‌بێ دان به‌ مافی گه‌لی كورددا نرێت و له‌ رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ مافی نه‌ته‌وه‌یی وه‌رگرێت.

كه‌سێتی عه‌بدولحه‌مید ده‌روێش تایبه‌تمه‌ندی راستگۆیی و ده‌ستپاكی هه‌بوو، كه‌سێكی هاوسه‌نگ و خاكی بوو، خاوه‌نی بیری حه‌كیمانه‌و لۆژیكیانه‌ بوو، بیرتیژ بوو، باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ حه‌قیقه‌ت شتێكی ره‌ها نییه‌و رێژه‌ییه‌، خۆی له‌ زیاده‌ڕۆیی له‌ داواكاریی و دروشمدان ده‌پاراست، چاره‌ی كه‌سی خۆبه‌زلزان و وشك و قسه‌ڕه‌قی نه‌ده‌ویست له‌ گفتوگۆدا، خۆی له‌ په‌ڕگیریی و توندوتیژی و لوتبه‌رزی ده‌پاراست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ هاوڕێ و دۆست و لایه‌نگرانی، نه‌یاره‌كانیش پێی سه‌رسام بوون.

خۆشحاڵم كه‌ یه‌كێك بووم له‌و هه‌ڤاڵه‌ خۆشبه‌ختانه‌ی شانسی ئه‌وه‌یان هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ هه‌م دێرین و هه‌م نوێیه‌ كار بكه‌ن و بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 30 ساڵ‌ به‌شداری هه‌موو چالاكییه‌ سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و رێكخستن و كاری راگه‌یاندن بكه‌ن. ئه‌وه‌شی له‌ هه‌موو شت زیاتر ده‌بێته‌ مایه‌ی شانازیم، ئه‌و متمانه‌یه‌یه‌ كه‌ پێی به‌خشیبوون له‌ هه‌موو ئه‌و كارو چالاكییه‌كیانه‌دا كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا پێم سپێردرابوو، هه‌ر ئه‌و كاركردنه‌ش بوو كه‌ نزیكی خستمه‌وه‌ له‌و كه‌سێتییه‌ كاریزمایه‌ی رۆژ به‌ رۆژ زیاتر له‌ دڵمدا جێگه‌ی خۆی ده‌كرده‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك كه‌سێتی كاریزمایی ده‌ستكرد، كه‌ هه‌ر زوو دره‌وشانه‌وه‌ی نامێنێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێی نزیك بوویته‌وه‌و ناسیت، ئیدی ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ساخته‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كۆچی دوایی عه‌بدولحه‌مید ده‌روێش له‌م بارودۆخه‌ مێژووییه‌ هه‌ستیاره‌دا خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌ بوو، بۆ ئێمه‌و حزبه‌كه‌ی و گه‌له‌كه‌ی و بزوتنه‌وه‌ سیاسییه‌كه‌ی.

 109 جار بینراوە