سەرەکی » راپۆرت » مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندن دەکەن

مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندن دەکەن

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

ماوەی سێ هەفتەیە بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و لەسەر شەقامن، داوای دامەزراندن دەکەن و رۆژانە هاوار دەکەن تا دامەزراندنمان لە بایکۆت بەردەوام دەبین.
لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەولێر، پارێزگای هەڵەبجە و قەزای کۆیە و دەڤەری راپەڕین و گەرمیان مامۆستایانی وانەبێژ رۆژانە گرد دەبنەوە و جەخت لە داواکاری دامەزراندنیان دەکەنەوە و دەڵین تا داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکرێت ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و لە گردبوونەوە و خۆپیشاندان بەردەوام دەبن.

بازنەی گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ رۆژانە فراوانتر دەبێت
تا دێت بازنەی گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ رۆژانە فراوانتر دەبێت، کەژاڵ ماوەی یانزە ساڵە وانەبێژە رۆژانە بەشداری گردبوونەوەکان دەکات بۆ چەسپاندنی داواکارییەکانی و دەڵێت، ئێستا تەلەبەکانی لەگەڵ خۆی وانەبێژن.
هاوکات شەماڵ عوسمان مامۆستایەکی دیکەی وانەبێژە و وتی، هاتووینەتە سەر شەقام تاوەکو وەڵامی کۆتایی وەرگرین و بە حکومەت بڵێین وەرنەپێشەوە، دۆخی ئێمە یەکلایی بکەنەوە، تاکەی بێینە سەر شەقام، تاکەی بایکۆت بکەین، داواکارین لە مامۆستای وانەبێژەوە ببین بە مامۆستای دامەزراو، ناکرێت هەشت ساڵ مامۆستا وانەبێژ بێت.
ئەندامانی پەرلەمان پشتیوانی داواکارییەکان مامۆستایانی وانەبێژ دەکەن و شەمۆڵ ئاشتی سابیر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ هاوهەڵوێست دەبن بۆ جێبەجێكردنی مافەكانیان و دەنگی ناڕەزاییان دەگەیەنن بە لایەنی پەیوەندیدار.

وانەبێژان %18 میلاکی وەزارەتی پەروەردە پێکدەهێنن
هاوکات هەلز ئەحمەد ئەندامی لیژنەی پەروەردە و فێرکردن لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ هیچ بارگرانیەکی دارایی ناخاتە سەر حکومەت و ماموۆستایانی وانەبێژ رێژەی%18 میلاکی وەزارەتی پەروەردە پێکدەهێنن.
کانی و ئارام دوو هاوسەر و سێ ساڵە مامۆستای وانەبێژن لە یەکێک لە قوتابخانەکان باس لەوە دەکەن کە دۆخی ژیانیان خراپە و بە هەردووکیان بە شەش مانگ بڕی 800 هەزار پارەی وانەبێژی وەردەگرن و ئەو پارەیە بەشی بژێوی ژیانیان ناکات و دەڵێن، داوا دەکەین بەپێی ماندوبوونمان مافەکانمان پێبدەن و بمانکەنە مامۆستای دامەزراو، تا شەقام جێبهێڵین و بچینەوە هۆڵەکانی خوێندن وانە بە خوێندکارەکانمان بڵێینەوە.

زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە
مامۆستایانی وانەبێژ ژمارەیان زیاتر لە 20 هەزار مامۆستایە و بەردەوامی گردبوونەوەیان وایکرد پەرلەمانی کوردستان بڕیاربدات یەکێک لە بڕگەکانی گفتوگۆکردنی دانیشتنی ئەمڕۆی تایبەت بکات بە خستنەڕووی دواین بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان و ئامادەكارییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ ئەوەی بۆشاییەکی گەورەی کەمی مامۆستایان لە هۆڵەکانی خوێندن کەمکردووەتەوە، بەڵام هیچ ماف و ئیمتیازاتێکیان نییەو خۆیان بە بەشخوراو دادەنێن.

وانەبێژان بە بڕیارەکانی وەزارەت رازی نین
لە دواین کۆبوونەوەی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە دا بڕیار درا پارەی بڕاوە «مەقتوع» بۆ مامۆستایانی وانەبێژ بەپێی بڕوانامە و بەپێی کرێی هاتوچۆی مامۆستایانی وانەبێژ خەرجبکرێت، کە هەیانە لە دەرەوەی شارە دەبێت پارەیان زیاتر بێت هەروەها مامۆستای وانەبێژ لە جێی ئەو مامۆستا میلاکانە دابنرێن کە خانەنشین دەبن.
ئەو بڕەی پێشنیازکراوە بۆ هەر مامۆستایەکی وانەبێژ بەپێی بڕوانامە ئەوەیە هەر وانەبێژیك بڕوانامەی پەیمانگای هەبێت بڕی 300 بۆ 350 هەزار دینار و هەر مامۆستایەکی وانەبێژ کە بڕوانامەی زانکۆی هەیە بڕی 400 بۆ 450 هەزار دیناری پێبدرێت.

داواکاری کۆتایی وانەبێژان دامەزراندنە
مامۆستایانی وانەبێژ بەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە رازی نین و کارزان فیزیک نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە کوردستانی نوێی راگەیاند، داواکاری کۆتایی مامۆستایانی وانەبێژ دامەزراندنە و تا ئەوکاتە لە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوام دەبن و سازش لەسەر داواکارییەکەیان ناکەن لەبەرئەوەی دامەزراندن بە مافێکی سەرەتایی خۆیان دەزانن.
تەنها مامۆستایانی وانەبێژ نین داوای دامەزراندن دەکەن بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەری گرێبەست لە فەرمانگەکاندا کاردەکەن و داوا دەکەن بکرێنە رەسمی هەروەها جگە لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان کە ناوە ناوە خۆپیشاندان دەکەن بۆ دامەزراندن ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەردەچن و ئەوانیش داوای دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی کار دەکەن ئەوە لە کاتێکدایە چەند ساڵێکە حکومەتی هەرێم دامەزراندنی راگرتووە و هیچ بڕیارێکیش نییە بۆ کردنەوەی دەرگای دامەزراندن بەڕوویاندا.

 113 جار بینراوە