سەرەکی » دۆسێ » سەرەڕای رەخنە و نیگەرانییەکان پێش كۆتایی ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان لە لیبیا بەڕێوەدەچێت

حزبەكان ناتوانن بەشداری هەڵبژاردن بكەن، تەنها كاندیدی تاكەكەس ئەو مافەی پێدراوە

سەرەڕای رەخنە و نیگەرانییەکان پێش كۆتایی ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان لە لیبیا بەڕێوەدەچێت

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی لیبیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی وڵاتەكەی خستەڕوو و ئاشكرای كرد، لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە دەرگای خۆتۆماركردن بۆ هەردوو پرۆسەكە دەكرێتەوە.

بەڵام بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی دەوڵەتی لیبیا نیگەرانن لەو پرۆسەیە و پێیان وایە سەركەوتوو نابێت چونكە لە ژێر گوشاری دەرەكیدا و بە یاسایەكی خراپ ساز دەكرێت.

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی لیبیا رایگەیاند، پلانمان داناوە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە دەرگای خۆتۆماركردن بۆ هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی دەكرێتەوە. كارەكانیش بەردەوام دەبن بۆ تەواوكردنی ئامادەكاریە لۆجستی و تەكنیكییەكان.

چاودێران گەشبینن
پێش كۆتایی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لە لیبیا بەڕێوە دەچێت و چاودێران گەشبینن ئەو پرۆسەیە ئارامی بۆ ئەو وڵاتە بگەڕێنێتەوە كە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە گیرۆدەی شەڕ و ماڵوێرانییە.

ئێوارەی رۆژی یەكشەممە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی لیبیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی وڵاتەكەی خستەڕوو و ئاشكرای كرد، لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە دەرگای خۆتۆماركردن بۆ هەردوو پرۆسەكە دەكرێتەوە.

بەڵام بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی دەوڵەتی لیبیا نیگەرانن لەو پرۆسەیە و پێیان وایە سەركەوتوو نابێت چونكە لە ژێر گوشاری دەرەكیدا و بە یاسایەكی خراپ ساز دەكرێت.

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی
عیماد سائح سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی لیبیا رایگەیاند، پلانمان داناوە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە دەرگای خۆتۆماركردن بۆ هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی دەكرێتەوە. كارەكانیش بەردەوام دەبن بۆ تەواوكردنی ئامادەكاریە لۆجستی و تەكنیكییەكان.

وتیشی، هەڵبژاردنەكە بە دوو قۆناغ بەڕێوە دەچێت. پێشنیازمان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران كردووە، لە قۆناغی یەكەمدا هەڵبژاردنی بەرایی سەرۆكایەتی كۆمار بكرێت، لە قۆناغی دووەمیشدا، هەڵبژاردنی كۆتایی سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بەڕێوە بچێت.

ئەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوە، لە ژێر خواستێكی جیهانی و هەرێمایەتیدایە و بۆ یەكەم جارە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە دەنگی پێبدرێت.

ئەنجومەنی دەوڵەتی لیبیا نیگەرانە
ئەم ئامادەكارییەی كۆمسیۆن لە كاتێكدایە، ئەنجومەنی دەوڵەتی لیبیا، كە لە دەستەیەكی جێبەجێكاری و دەستەیەكی راوێژكاری پێكدێت و بەپێی رێكەوتنی سخێرات و لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان دامەزراوە، نیگەرانە لەو هەڵبژاردنە.

ئەنجومەنی دەوڵەت نیگەرانە و داوا دەكات هەڵبژاردنەكان بەپێی ئەو یاسایانە نەبن كە لە ئەنجومەنی نوێنەران لە تەبرەق دەرچوون، چونكە دەبێتە مایەی وروژاندنەوەی ناكۆكییەكان و دابەشبوونی سیاسی.

لەلایەكی دیكەوە، ژمارەیەك لە سیاسەتمەداران، حزبێكی نوێیان بە ناوی پارتی دیموكراتی راگەیاند و بەنیازن لە یەكەم چالاكیاندا بەشداریی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییە بكەن كە پێش كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.

نزیكەی 200 حزبی سیاسی
بەو جۆرەش، بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی لیبیا و ئەو مۆڵەتانەی لە وەزارەتی داد تۆمار كراون، نزیكەی 200 حزبی سیاسی لە لیبیان هەن كە بەسەر ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتەدا دابەشبوون.

هاوكات، عەبدولحەكیم بالخیر ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی لیبیا رایگەیاندووە، تا ئێستا دوایین هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێنەگەیشتووە، چاوەڕوان دەكەین لە ماوەی یەك هەفتەی داهاتوودا بەدەستمان بگات.

لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی ئەو یاسایەی هەڵبژاردنەكەی پێ ساز دەكرێت و ئایا حزبەكان دەتوانن بە لیست بەشداری بكەن یان تەنها رێگە خۆكاندیدكردنی تاكەكەسی دەدرێت؟ بالخیر رایگەیاند، پێمان خۆش بوو یاساكە رێگە بە دابەزاندنی لیست بدایە بۆ ئەوەی حزبەكانیش، وەك حزب و قەوارەی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان بكەن لەبری سیستمی هەڵبژاردنی تاكەكەسی، بەڵام بەهۆی بارودۆخی گشتی وڵات و ئەو یاسایەی لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند كراوە لەم خولەدا كارێكی لەو جۆرە ناكرێت.

یاسایەكی روون و ئاشكرا
وتیشی، ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێ بەڕێوە دەچێت، یاسایەكی روون و ئاشكرایە، دەكرێت حزبەكان لەبری بەشداریكردن بە لیست، بە كاندیدی تاكەكەسی بەشداری بكەن، بۆ ئەوەی پرۆسەكەش زۆر روون و شەفاف بێت، داوا لە كاندیدەكان دەكرێت پابەندبوون و ئینتیمای حزبی خۆیان بخەنەڕوو، بەڵام یاساكە ئەوەی بەسەردا نەسەپاندوون واتە مەرج نییە ئەو لایەنە حزبییە ئاشكرا بكەن.

لە بارەی جیاوازیی رێوشوێنەكانی ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ ئەو پرۆسەیەی ساڵی 2014 بەڕێوەچوو، بالخیر وتی، كۆمسیۆن كارەكانی بە باشی بەڕێوەدەبات، ئامادەكاری كراوە بۆ دروستكردنی كارتی دەنگدان بۆ هەموو دەنگدەرێك، تا رۆژی هەڵبژاردن بەسەر هەموو دەنگدەرانی هەموو ناوچەكان دابەش دەكرێت، دەنگدەران بەبێ ئەو كارتە ناتوانن بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن و دەنگ بدەن.

هەڵبژاردنی سەرۆك بەشێوەیەكی راستەوخۆ
ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان یاسایەكی دیاریكراو و سەربەخۆیە و بە یاسای ژمارە 10 لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام یاسای هەڵبژاردنی سەرۆك، یاسایەكی نوێیە، ئەمە یەكەمین جارە سەرۆك بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت.

محەمەد سوان ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی لیبی رایگەیاندووە، پێمان باش بوو هەڵبژاردنی پەرلەمان بەپێی سیستمی لیستی حزبی بووایە لەبری خۆ كاندیدكردنی تاكەكەسی، لەو بارەیەشەوە داوامان لە پەرلەمان كردووە پێداچوونەوە بە یاساكەدا بكات و ئەو بڕگەیەی هەموار بكاتەوە، لانی كەم بیكاتە سیستمێكی تێكەڵ لە نێوان هەردوو جۆرەكەدا.

دوورخستنەوەی كاریگەریی خێڵەكی
سوان دەڵێت، بە رای ئێمە، لیستی حزبی، بنەمای سەرەكی پرۆسەی دیموكراتییە، دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی كاریگەریی خێڵەكی و پێكهاتەیی، لەبری ئەوە حزبەكان دەبنە خاوەنی پڕۆژە و تێڕوانینەكان، هاووڵاتیانیش ئازاد دەبن دەنگ و متمانە بەكام حزب و بەرنامە دەدەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، باشترە خەڵكی لیبیا روو بكەنە حزب و قەوارە سیاسییەكان، چونكە ئەوان باشتر لە خێڵ و ناوەندەكانی تر لە كێشەكانی خەڵك دەگەن، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە ژمارەی حزبەكان زیاتر بووە و هاووڵاتی دەتوانێت بۆچوون و بەرنامەی گونجاو بدۆزێتەوە.

مامەڵەكردنی كۆمسیۆن
لە لایەكی دیكەوە، بلقاسم دبرز ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت رایگەیاند، مامەڵەكردنی كۆمسیۆن لەگەڵ هەڵبژاردنەكە و بەكارهێنانی ئەو یاسایەی لە پەرلەمانەكەی عەقیلە ساڵح دەركراوە، لە ژێر گوشاری دەرەكیدایە، بەداخەوە نابێتە مایەی ئەنجامێكی دڵخۆشكەر، لایەنی زۆریش هەن كە تانە لە خودی پرۆسەكە و تەنانەت ئەنجامەكانیش دەدەن.

دبرز دەڵێت، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن گوێ بە هیچ نادات، ئەوان بەردەوام لەسەر كاركردن بەو یاسایەی ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت پێی رازی نییە و رەتیدەكاتەوە، بەتایبەتی ئەو بڕگانەی پێشتر باسكراون و بە شێوەیەكی رەسمی راگەیەنراوە، ئەگەر ئەو بڕگانە چارەسەر نەكرێن، هەڵبژاردنەكە پاك نابێت و ئەنجامەكەشی قبوڵ ناكرێت.

ئاماژەشی كرد، ئەو یاسایەی كاری پێدەكرێت دەبێتە مایەی لەدایكبوونی دەیان دیكتاتۆر كە زۆر خراپتر و مەترسیدارتر دەبن لەو دیكتاتۆرانەی چوار دەیەی رابردووی لیبییەكانیان فەوتاند.

 95 جار بینراوە