سەرەکی » دۆسێ » گەمارۆكانی سەر قەتەر كاریگەرییان نەبوو

ململانێكانی كەنداو بەكوێ‌ گەیشتن؟

گەمارۆكانی سەر قەتەر كاریگەرییان نەبوو

ئەو گەمارۆیەی سعودیە و هاوپەیمانەكانی بۆ ماوەی نۆ مانگە بەسەر قەتەردا سەپاندوویانە، كاریگەریی چاوەڕوانكراوییان نەبوو، ئەمەش لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە لەم مانگەدا ئاماژەی پێكراوە.
ئەو گەمارۆیەی بەسەر قەتەردا سەپێنرا جگە لە مەلەكردن بەئاراستەی تەوژمی شەپۆلەكان، چی دی نەبوو، سندقی دراوی نێودەوڵەتی ئەم بۆچوونە بە راست دەزانێت.
بەپێی یاداشتێكی دەستەی دارایی نێودەوڵەتی كە لە 5ی ئەم مانگەدا بڵاوكرابۆوە، ئەو بایكۆتەی لە مانگی حوزەیرانی 2017دا لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبییەوە لەگەڵ دەوحەدا كرا، جگە لە «كاریگەریی كاتی» هیچی وەهای لەسەر ئابوری قەتەری دروست نەكرد.
هەرچەندە ئەو میرنشینە لە سەرەتاوە بە لاوازیی بەدی كرا لەبەرانبەر چوار دەوڵەتی دەستڕۆیشتی ناوچەكە كە بریتین لە سعودیە و میسر و ئیمارات و بەحرەین، لەمڕۆدا پێشبینی دەكرێت گەشەی ئابوریی وڵاتەكە رێژەی 2.5% لە ساڵی 2018دا تێبپەڕێنێت، واتا كەمێك زیاتر لە ساڵی رابردوو.

هەندێك پاشخان
وێڕای ئەوە، هێزی گوشاریی وڵاتانی كەنداو زۆر زیاتر بوو لەوەی چاوەڕوان دەكرا. لەگەڵ پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكاندا، سعودیە سنورەكانی لەگەڵ قەتەردا داخست، بەحرەین و ئیماراتیش رێگەیان نەدا كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی قەتەری بەسەر كایەی ئاسمانی وڵاتەكانیان بفڕێت، میسریش كایەی ئاسمانی و بەندەرەكانی بەڕووی ئامرازەكانی هاتووچۆی قەتەریدا داخست..لەو رەوشەدا بۆ قەتەر ئاسان نەبوو پێداویستییەكانی، بە تایبەت مەوادی خۆراكی هاوردە بكات.
لە سەرەتاوە وڵاتەكە توشی شۆك بوو، وەك دەستەواژەیەك بۆ ئەوەی كە رەنگە گەمارۆكە ئەو میرنشینیە بچوكە بخنكێنێت. یەدەگە بانكییەكان بەرەو توانەوە چوون: نزیكەی 40 ملیار دۆلاری لە بانكەكان وەرگرتەوە، وەك سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێدەكات.
گابرێڵ كولینس پسپۆڕ لە كاروباری وزە لە سەنتەری توێژینەوەكانی وزە (سەنتەرێكی ئەمریكاییە) دەڵێت:»فرۆشتی ئۆتۆمبێلەكان- دەستەواژەیەكی ئاساییە بۆ گەشەی ئابوری- لەدوای سەپاندنی گەمارۆكەوە بەشێوەیەكی بەهێز رووی لە دابەزین كرد».
هەندێك پاشخانی تر هەن كە بە هەمان شێوە بوونیان هەیە. كەریم سەدر كە پسپۆڕێكی سیاسییە و راوێژكاریی كاروباریی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستای زانكۆیە لە زانكۆی قەدیس یوسف لە بەیروت لەو بارەیەوە بە ئاژانسی (فرانس 24)ی راگەیاندبوو»ئەو گەشتوگوزارەی لە وڵاتانی تری كەنداوەوە دەهاتن، بەهۆی گەمارۆكەوە كاریگەریی زۆرییان لەسەر دروست بوو، زۆربەی هۆتێلەكان تاوەكو ئەمڕۆش بەتاڵن».
بەڵام وەك شارەزایانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێدەكەن، قەتەر هێز و توانای خۆی گەڕاندەوە و بزوێنەرە ئابورییەكانی خۆڕاگربوون. رەوڕەوەی هەناردەكردنی غاز كە كرنگترین سەرچاوەی داهاتەكانی دەوحەیە، بە خێراترین شێوە دەخولێتەوە. بانكی ناوەندیش بە پاشەكەوتە فراوانەكەی پشتیوانی لە كەرتی بانكی كرد و خۆڕاگرییەكی گەورەی سەلماند.

سعودیە هیچی پێنەكرا
قەتەر كە وا دەركەوێت خراپترینی تێپەڕاندنبێت، بەهۆی ئەو وەڵامدانەوە خێرایەوە بوو كە وەڵامی چوار وڵاتە پایكۆتكەرەكەی پێدایەوە.
كەریم سەدر دەڵێت»بۆ نزیكی بیست ساڵ دەچێت، وڵاتەكە چالاكییەكی دیپلۆماسی ئەنجام دەدات كە لەسەر بنەمای هاوپەیمانییە جیاوازەكان پێكهاتووە، و ئامانج لەو كارەش تێپەڕاندنی ئەم جۆرە سیناریۆیانەیە».
ئەو هاوسەنگییە، بەهۆی ئەو رۆڵەوە بووە كە تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر بینیویەتی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و وەك میراتێكیش لە باوكییەوە بۆی ماوەتەوە، ئەوەش وایكردووە بەخێرایی بتوانێت كۆمپانیا هاوبەشە جێگرەوەكان بدۆزێتەوە. بە گوتەی ئەو پسپۆڕە سیاسییە»توركیا و ئێران، ئەركی پڕكردنەوەی پێداویستییە خۆراكییەكانی قەتەرییان لەئەستۆگرت. بۆیە قەتەر شیاوە ببێت بە دۆستی هەموان».
وەك كەریم سەدر ئاماژەی پێدەكات، لەسەر ئاستی دارایی ئەو وەبەرهێنانەی لە زۆربەی ناوچەكانی جیهاندا دەكران بەرهەمییان هەبوو»توانرا بگێڕدرێتەوە بۆ وڵاتەكە و یارمەتی كەرتی بانكەكانی پێبدرێت». گەر قەتەر توایبیەتی پلانی فریاكەوتن پراكتیزە بكات كە بۆ ئەم جۆرە هەڵوێستانە ئامادەی كردبوو، ئەوا سعودیە و هاوپەیمانەكان بە گوتەی كەریم سەدر»شێوازێكی سواویان بەكارهێنا». ئەو وڵاتانە گەمارۆیەكیان سەپاند بەبێ‌ ئەوەی بە رۆشنی ئامانجی ئەو گەمارۆیە رابگەیەنن، دوای ئەوەی چوار وڵاتەكە لە كۆتایی مانگی حوزەیراندا لیستی داواكارییەكانیان راگەیاند، كۆمەڵی نێودەوڵەتی پێیوابوو توانای قەتەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە ئەستەمە.
كێشەیەكی تر هەیە: گەمارۆكە نەگەیشتە كەرتی وزە. جیاوازیی هەیە لەنێوان ئیرادەی خنكاندنی وڵاتێك و دەستنەبردن بۆ بەئامانجگرتنی یەكێك لە گرنگترین سەرچاوەكانی داهاتی. هەموو وڵاتانی لیژنە چوارقۆڵییەكە رێگەچارەیەكی زۆرییان لەبەردەستدا نەبوو، چونكە ئیمارات پشت بە غازی قەتەر دەبەستێت، بە هەمان شێوە میسر هەندێك كەمتر.
لە كۆتاییدا قەیرانەكە بووە مایەی «شكستێكی ستراتیژی سەبارەت بە سعودیە»، ئەمەش بە گوتەی گابرێڵ كولینس.
لەولاوە دەسەڵاتدارانی قەتەر «شەرعیەتیان لەسەر ئاستی نیشتمانی و كاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا پتەوتر بوو»، ئەمەش لەلایەن كەریم سەدرەوە ئاماژەی پێكراوە كە پێیوایە پرسەكە هەستی نەتەوایەتی لای قەتەرییەكان زیندووكردەوە.
تائێستا قەیرانەكە بە كەمترین تێچووی ئابوری رێدەكات، بەڵام قەتەر ناتوانێت بەردەوام لەسایەی ئەو گەمارۆیەدا ژیان بەسەرببات، چونكە رێڕەوەكانی تری هاوردەكردن تێچوویان زۆر لەوانەی پێشووتر زیاترە. لەئێستاشدا هەموو شتەكان بەندە بە سوربوونی سعودیە لەسەر هەڵوێستەكانی، بەڵام لەكۆتاییدا گۆشاری ولایەتە یەكگرتووەكان یەكلاكەرەوەیە.
بەرێكەوت نییە، دەوحە لەپاش لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە حوزەیرانی 2017 كە بە «كۆمەككردنی تیرۆر» تۆمەباری كردبوو، تەواوی هەژموونی خۆی بەكارهێنا لەپێناو گۆڕینی ئەو هەڵوێستەی سەرۆكی ئەمریكا، لەئاكامی ئەوەشدا لە 15ی كانوونی دووەمی 2018، دۆناڵد ترەمپ بە رەسمی سوپاسی قەتەری كرد لەبەرانبەر «جەنگی دژ بە تیرۆر و بەگژاچوونەوەی هەموو جۆرەكانی توندڕەوی».
لە 8ی ئەم مانگەشدا ولایەتە یەكگرتووەكان، رەزامەندی لەسەر گرێبەستێكی سەربازی بە بەهای 197 ملیۆن دۆلار بۆ نوێكردنەوەی سەنتەری ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەكانی هێزەكانی قەتەر لەڕووی لۆجستی و تەكنەلۆجییەوە دەربڕی. لەمجارەشدا تۆپەكە گەڕایەوە یاریگای سعودیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا: سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنین

دوای ئەوەی ئێران رێژەی رێگەپێدراوی پیتاندنی تێپەڕاند و پیتاندنی یۆرانیۆمی ...