سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » شۆفێری لە كاتی بەفر و باراندا

یاداشته‌كانی شۆفێرێك

شۆفێری لە كاتی بەفر و باراندا

لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی سەرما و دابارینی بەفر و باراندا، ئۆتۆمبیلەكان پێویستیان بە پشكنینی گشتی و هەمەلایەنە هەیە، بەڵام بەشێك لە شۆفێران ئەو بابەتە پشتگوێ دەخەن و ریسك بە خۆیان و ئۆتۆمبیلەكانی تری سەر شەقامەوە دەكەن.

لە راستیدا، شۆفێرانی كوردستان دوو جۆرن. بەشێكیان پابەندی رێنمایی و مەرجەكانی سەلامەتی لێخوڕینن و بەشێوەیەكی بەردەوام و بەپەرۆشییەوە بە تەنگ ئۆتۆمبیلەكانیانەوەن، تەنها كاتێك پابەند نابن كە شارەزای ئەو بابەتە نەبن، بەڵام بەشە گەورەكەیان لەوانەن كە هەتا بتوانن مەرج و رێنماییەكان پشتگوێ دەخەن.

زۆرجاریش ئەو پشتگوێخستنە پەیوەندی بە باری دارایی كەسەكان و تێچووی مەرج و رێنماییەكانەوە نییە، بەڵكو جۆرێكە لە بێباكی و گاڵتەكردن بە شۆفێرە جددی و پابەندەكان، تەنانەت بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆش.

زۆرینە كە پێیان وایە خۆیان لەوە شارەزاترن كە گوێ لە رێنمایی و مەرجەكانی بەڕێوەبەرایتییەكانی هاتوچۆ و تەنانەت رێنمایی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبیلەكەش بگرن و داواكانیان جێبەجێ بكەن، بگرە زۆرجار ئەوان دەیانەوێت ئامۆژگاری پێشكەش بكەن و وانەی خەڵك دابدەن.

بەڵام، وەك چۆن مەفرەزەكانی هاتوچۆ لەسەر بەشێك لە شەقام و رێگەكانی ناو شار و دەرەوەی شارەكان دادەنرێن و لە مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانە و بەشێك لە مەرجەكانی سەلامەتی و توندوتۆڵی دەپرسن، بۆ ئەوەی مەترسی زەرەر و زیانی ئەو حاڵەتانە كەمبكرێنەوە باشتر وایە لە وەرزەكانی پایز و زستاندا مەفرەزەكان پرسیار لەبارەی هەندێك تایبەتمەندی و مەرجی ئۆتۆمبیلیشەوە بكەن كە بۆ وەرزی سەرما و دابارینی بەفر و باران پێویستن.

بۆ نموونە دەكرێت مەفرەزەكانی هاتوچۆ لە فڵچەكانی سڕینەوەی جامەكان بپرسن و هەر لەوێدا پشكنینی سەرەتایی بۆ بكەن تا شۆفێران ناچار بن نوێی بكەنەوە، یان بە رێكوپێكی كاربكەن. یان دەكرێت پرسیار لە بارەی تایەكانی ئۆتۆمبیل بكرێت، ئایا ئەو تایانە بەرگەی وەرزی سەرما و سۆڵە و ستۆپگرتن لەسەر تەڕایی و كاتی دابارینی بەفر و باران دەگرن؟ … هتد.

ئەمە جگە لەوەی پێویستە ئەو مەفرەزانەی هاتوچۆ كارەكانیان لە لایەن شارەزایانی هاتوچۆ و رێگەوبان و ئۆتۆمبیل بۆ رێكبخرێت و كۆمەڵێك پێوەر و بەها و ستانداردیان بۆ دابنرێت كە ساڵانە پێوەی پابەند بن و وەك رۆتین بەسەر شۆفێراندا دووبارەی بكەنەوە.

ستوونێکی هەفتانەیە لەسەر کێشەکانی شۆفێران و جیهانی ئۆتۆمبیل

 424 جار بینراوە