سەرەکی » وتار » بۆچی‌ یه‌كێتی بۆ ئه‌به‌د حزبی شه‌هیدانه‌؟

بۆچی‌ یه‌كێتی بۆ ئه‌به‌د حزبی شه‌هیدانه‌؟

مەریوان مەسعود

من هه‌میشه‌ چ له‌ ته‌مه‌نی‌ هه‌رزه‌كاریم و چ ئێستاش كه‌ ته‌مه‌نم له‌ چل ساڵاندایە‌، خه‌یاڵی‌ ئه‌وه‌م هه‌بووه‌ و له‌ ناخی‌ خۆمدا وتوومه‌ (یه‌كێتی) ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌ نه‌مره‌ی‌ هه‌یه‌، كه‌ من چیرۆكی‌ ژیان و شه‌هیدبوونی‌ كه‌مێكیان ده‌زانم، هه‌رگیز خۆری‌ ئه‌م حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌ ئاوا نابێت، چونكه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ (داری‌ ئازادی‌ و خوێن) لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، تۆ له‌پێناوی‌ نیشتمان و خاك و نه‌ته‌وه‌ و كوردایه‌تی‌ و سه‌ربه‌رزی‌ خێزان و خانه‌واده‌ تێده‌كۆشیت و دواجار شه‌هید ده‌بیت، بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كێتی له‌ قوربانیدان پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ به‌رده‌كه‌وێت، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌م خه‌یاڵ و لێكدانه‌وه‌ سایكۆلۆژیی و لۆژیكییه‌ی‌ ناخم راست ده‌رده‌چێ‌، چونكه‌ ده‌مێكه‌ هه‌موومان ده‌زانین یه‌كێتی حزبی هه‌وراز و نشێوه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌به‌د حزبی شه‌هیدانه‌ و ئه‌مه‌ش ناسنامه‌ راسته‌قینه‌كه‌یه‌تی‌.
رۆژی‌ شه‌هید-ی‌ یه‌كێتی، ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ پێموایه‌ ده‌بێت هه‌موومان ئه‌و دوو شته‌ تێكه‌ڵ نه‌كه‌ین، ئه‌ویش تێبینی‌ و ره‌خنه‌یه‌ له‌ ئه‌زموونی‌ حوكمڕانی‌ ئێستای‌ هه‌رێم و خه‌بات و گیانفیدایی‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان، چونكه‌ نیشتمان و خاك و نه‌ته‌وه‌ و تێكۆشان زۆر له‌ ئه‌زموون و حكومه‌ت گه‌وره‌تره‌ و ده‌بێت رۆحی‌ نیشتمانپه‌روه‌ریی‌ تێكه‌ڵ به‌ هه‌ندێك ناقۆڵایی ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێستا نه‌كه‌ین و په‌تی‌ سێداره‌ و شه‌هیدبوون به‌ پێوه‌ و داستانه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌مان له‌ یاد بێت كه‌ من خۆم بۆ ئه‌به‌د گه‌وره‌ییانم له‌به‌ر چاو ناكه‌وێت.
له‌م ماوه‌یه‌دا نامه‌یه‌كی‌ زۆری‌ زیندان و ژووری‌ ئیعدامم خوێندۆته‌وه‌، كه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی‌ كوردایه‌تی‌ رووبه‌ڕووی‌ بوونه‌ته‌وه‌ له ‌سه‌رده‌می‌ به‌عس، له‌گه‌ڵ رێز و وه‌فاداریم بۆ هه‌موو شه‌هیدانی‌ كوردستان، به‌ڵام چ له‌ په‌تی‌ سێداره ‌و چ له‌ شه‌هیدانی‌ سه‌نگه‌ر، دیسانه‌وه‌ یه‌كێتی‌ پشكی‌ شێری‌ هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش شانازییه‌كی‌ تره‌. له‌و نامانه‌، ئه‌وه‌ی‌ ده‌موه‌ستێنێت، و بیریی لێده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، مرۆڤ زۆر ئه‌سته‌مه‌ خۆی‌ ئیعلانیی مردنی‌ خۆی‌ بكات، له‌كاتێكدا شه‌هیده‌كانی‌ په‌تی‌ سێداره‌ زۆربه‌یان وا بوونه‌، چونكه‌ له‌ ژووری‌ ئیعدامه‌وە، چه‌ند سه‌عاتێكی‌ كه‌می‌ ماوه‌ بۆ ئیعدام و په‌تی‌ سێداره‌، كه‌چی‌ نامه‌یه‌كی‌ پڕ له‌ حه‌ماس و ناوه‌ڕۆك جوان ده‌نووسێت بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ و ئیعلانی‌ مه‌رگی‌ خۆی‌ ده‌كات!
له‌وانه‌ش سه‌رنجڕاكێشتر، پێشه‌كی‌ نامه‌كانه‌، زۆربه‌یان به‌ شیعر و كۆپله‌یه‌ك بۆ شه‌هیدان ده‌ستپێده‌كه‌ن و له‌ هه‌مووشیان كاره‌ساتبارتر ئیمزاكه‌یه‌تی‌ كه‌ ده‌نووسێت كوڕتان (شه‌هید)، وا لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌كی‌ كه‌متان وه‌كو خۆی‌ بۆ ده‌خه‌مه‌ڕوو:
شه‌هید (جه‌مال عه‌لی‌ مارف ناسراو به‌ جه‌ماله‌ ره‌ش) كه‌ له‌ زیندانی‌ موسڵ له‌ شه‌وی‌ 28 له‌سه‌ر 29/1/1978 له‌ سێداره‌ دراوه‌، نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی‌ باوك و دایك و كه‌سوكاری‌ ده‌كات، به‌رله‌ لەسێدارەدانی‌ و به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ستپێده‌كات:

«پێی‌ ناوێ‌ بۆ شه‌هیدانی‌ وه‌ته‌ن.. شیوه‌ن و گرین، نامرین ئێمه‌ له‌ دڵی‌ میلله‌تا ئه‌ژین
دوا وته‌م بۆ ئێوه‌ی‌ خۆشه‌ویست و هه‌موو خۆشه‌ویستانم
هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی‌ شه‌هیده‌ نه‌مره‌كانی‌ شۆڕشی‌ كورد و كوردستان و شۆڕشی‌ ئازادی‌ خوازانی‌ جیهان..»

ئه‌مه‌ پێشه‌كی‌ نامه‌كه‌ی‌ ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مره‌یه‌، له‌ كۆتایی نامه‌كه‌شیدا كه‌ شه‌ش په‌ڕه‌یه‌، ئیمزایه‌كی‌ خۆی‌ كردووه‌ و نووسیویه‌تی‌ (كوڕی‌ شه‌هیدتان جمال ره‌ش)…
یه‌كێكی‌ تر له‌و نامانه‌، نامه‌ی‌ شه‌هید عومه‌ر عه‌بدوڵڵا عوبێد ناسراو به‌ عومه‌ر سیروان-ه‌، وه‌كو خۆی‌ له‌نامه‌كه‌دا نووسیویه‌تی‌ له‌ ژووری‌ خنكاندن نووسراوه‌ كه‌ خۆی‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ شه‌وی‌ 30 له‌سه‌ر 31/1/1978 له‌ زیندانی‌ موسڵ له‌ سێداره‌ دراوه‌، نامه‌كه‌ كورت و پڕ مانایه‌ و له‌سه‌ری‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ نامه‌كه‌ نووسراوه‌:

«30-1-1978- ژووری‌ خنكاندن- كات 11.5
بۆ خوشكی‌ خۆم شه‌یدا گیان..
له‌ پێش هه‌موو شتێكدا هه‌ردوو چاوت ماچ ده‌كه‌م و ده‌ستت ماچ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر تۆش له‌برای‌ خۆت ئه‌پرسی‌ من زۆر باشم وه‌ باشی‌ تۆش له‌ خودای‌ مه‌زن داواكارم».

خوێنه‌ری‌ ئازیز… سه‌رنج بده‌ ئه‌و وره‌و گه‌وره‌ییه‌ی‌ شه‌هید… چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌كی‌ كه‌می‌ ماوه‌ بۆ په‌تی‌ سێداره‌.. به‌م هه‌موو وره‌وه‌ نامه‌ بۆ خوشكه‌كه‌ی‌ ده‌نووسێت و ده‌ڵێت (من زۆر باشم)، له‌ كۆتاییشدا ده‌نووسێت:

«پێی‌ ناوێ‌ بۆ شه‌هیدی‌ وه‌ته‌ن شیوه‌ن و گرین
نامرین ئێمه‌ له‌ دڵی‌ میلله‌تا ئه‌ژین
وه‌ داوات لێ ئه‌كه‌م كه‌ درواسێكانی‌ لای‌ ماڵی‌ خۆمان هه‌موویان گه‌رده‌نم ئازاد بكه‌ن و ئێوه‌ پێیان بڵێن هه‌موو… ئیتر خۆشیت
برای‌ شه‌هید عمر سیروان»
بۆیه‌ پێموایه‌ رۆژی‌ شه‌هید ده‌بێت هه‌میشه‌ به‌گه‌وره‌یی سه‌یر بكرێت و كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان به‌سه‌ربكرێنه‌وه‌ و ئاوڕی‌ زیاتر و زۆرتریان لێبدرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ڕاستی‌ هه‌ریه‌ك له‌ چیرۆكی‌ شه‌هیدبوونه‌كان داستانێكه‌ و ده‌بێت له‌ ئاستیاندا به‌ بێده‌نگیی و رێزه‌وه‌ بووه‌ستین.

 

 934 جار بینراوە