سەرەکی » راپۆرت » شه‌هیدانی یه‌كێتی شاكاری گیان به‌خشینن

شه‌هیدانی یه‌كێتی شاكاری گیان به‌خشینن

ئا: نه‌قیب به‌رهه‌م سه‌راوی

فه‌رهه‌نگی كوردایه‌تی پڕه‌ له‌گوڵه‌وشه‌ی سه‌روه‌ری كه‌ پریاسكه‌ی بۆنخۆشی هه‌زاران رۆحی مرۆڤه‌ خۆنه‌ویسته‌كانی نیشتیمانی تێداپێچراوه‌ته‌وه‌، لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی شه‌ڕ و شۆڕ پڕن له‌زه‌ماوه‌ندی به‌رخۆدان و داستانی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی داگیركه‌ر و دوژمنان، ھه‌ر دێڕێكی ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ به‌ ئۆقیانوسێ خوێن پاراوكراوه‌، ھه‌ر وشه‌یه‌كی ئه‌رخه‌وانی گیانێكی بێ ئۆقره‌ له‌بنیا وه‌نه‌وزی گه‌وره‌ ده‌یباته‌وه‌.

له‌م فه‌رهه‌نگه‌دا بخوردی وشه‌ی شه‌هید، هه‌ناسه‌ی هه‌موو وشه‌كانیتری شۆڕشگێڕی بۆنخۆشتركردوه‌و، ئاونگی شكۆی له‌ئینجانه‌ی رۆژژمێری نه‌مری ده‌پرژێنێ، كورد تابلۆیه‌كی ره‌نگاڵه‌ی له‌گیانی كوڕه‌ بۆشناخه‌كانی نیشتمان رازاندوه‌ته‌وه‌، هه‌موو حزبه‌ شۆڕشگێڕه‌كان هه‌ریه‌كه‌ و پشكی خۆیان له‌بانقی خۆبه‌ختكردندا داناوه‌.

پشكی (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان قه‌ڵاقه‌ڵایه ‌و له‌ژماره ‌نایه‌ت) مێژووی یه‌كێتی دارستانێكی چڕی گیان به‌خشیه‌..كام تڵێشه‌، ره‌وه‌زه‌ شاخ، بندار، چه‌م و چۆغه‌ر، ته‌په‌ و ته‌لان، هه‌وراز و لێژیه‌ك شوێن پێی مه‌زنه‌ مرۆڤه‌كانی رۆژه‌ دژواره‌كانی تیانه‌كه‌وتبێ؟ كام شه‌قامه‌ڕێی خه‌بات ره‌یه‌ زه‌واری شه‌هیده‌ باڵابه‌رزه‌كان له‌ فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌رانی پیانه‌ڕۆشتبێ؟ له‌یاده‌وه‌ری كام سه‌نگه‌ری به‌رگریدا ده‌نگی قرمژنی تفه‌نگ و ترپه‌ی قه‌وان و هەنكه‌هەنكی هه‌ناسه‌ی پێشمه‌رگه‌ی تیانه‌بیسترێ؟ كامه‌ زیندانی تاریكی دوژمن بگه‌ڕێی به ‌هه‌زاران سێداره‌ له‌به‌رده‌می باڵای له‌سێداره‌ دراوه‌كاندا نه‌چه‌میونه‌ته‌وه‌ و باسی دواساته‌كانی ئاوێزانبوونی لاشه‌ی ئه‌و قاره‌مانانه‌ی بێباكانه‌ پیایاندا هه‌ڵزنان ناگێڕنه‌وه‌؟
ئه‌و حزبه‌ی دروشمی كه‌م ژیان وكه‌ڵ ژیانی هه‌ڵبژاردوه‌، گیانی ئه‌ندامه‌كانی له‌ئارگای نیشتیمان په‌روه‌ریدا خۆشكردوه‌، به‌جوانی له‌نرخی ئازادی و دواڕۆژی سه‌رفه‌رازی گه‌شتووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ به‌هه‌زاران شه‌یدایانی كوردستانویست له‌به‌ر به‌رۆچكه‌ی مان و نه‌ماندا گیانی خۆیان هه‌ڵخست تاوه‌كو ئه‌له‌ته‌رێك به‌به‌رزی سه‌ربه‌رزه‌وه‌ ببریسكێنه‌وه‌!

هه‌میشه‌ شۆڕشگێڕانی كورد نمونه‌ی باڵای خۆبه‌ختكردن بوون، به‌ڵام یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وێنایه‌كی نوێی به‌خشیوه‌ته‌ سرووتی گیانبازی. كه‌ هه‌میشه‌ پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌ره‌كانی به‌ڵگه‌ی گه‌وار و نموونه‌ی خۆبه‌ختكردن بوون، ئه‌گه‌ر له‌دنیادا مێدالێك بۆ قاره‌مانی بدرێته‌ هێزێكی ئازا ئه‌وا به‌دڵنیای له‌به‌رۆكی هێزه‌ بوێره‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌درێت ئه‌گه‌ر ناونیشانی گیان به‌خشین به‌لایه‌نێك بدرێت بێگومان به‌رشه‌هیدانی یه‌كێتی ده‌كه‌وێت.

له‌خۆڕا نیه‌ نازناوی حزبی شه‌هیدان به‌یه‌كێتی ده‌وترێت، هه‌ر پانتایی شه‌ڕگه‌یه‌ك، هه‌ر مه‌یدانی پێكدادانێك، ھه‌ر ده‌ڤه‌ری روبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك بگری، چراخانێك له‌ئه‌ستێره‌ی سووری شه‌هیدانی یه‌كێتی تیا داده‌گیرسێت.

هه‌رله‌خۆڕا نییه‌ جیهان به‌و هه‌موو سوپا رانیه‌ی به‌ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌رسامه‌، ئه‌و شێوازه‌ ناوازه‌یه‌ی چاونه‌ترسی و جه‌ربه‌زه‌ییه‌ و به‌گژداچوونه‌وه‌ی مه‌رگ به‌رامبه‌ر هێزكی دڕنده‌ی وه‌ك داعش نواندی كه‌م وێنه‌بوو.

ئه‌وه‌ عیشقی ئازادیه‌ ئه‌و هه‌موو لێشاوه‌ به‌هاژه‌یه‌ی خوێنی شه‌هیدان هه‌ڵده‌سێنێ! ئه‌وه‌ په‌رۆشی رزگاربوونه‌ ئه‌و هه‌موو كێلی گڵكۆیانه‌ی شه‌هیدانی به‌رزكردۆته‌وه‌.

ئێمه‌ حزبێكی مردوو په‌رست نین، به‌ڵكو حزبێكی شه‌هید په‌روه‌رین، چون شه‌هیدان نه‌مردوون، زیندوون له ‌ویژدانی نه‌ته‌وایه‌تیماندا ده‌ژین، ئێمه‌ له‌ناو شكۆی شه‌هیده‌كانماندا ئاینده‌ی خۆمان ده‌بینینه‌وه‌، دڵنیاشین ئاینده‌مان له‌نێو زه‌رده‌په‌ڕی نێو نیگای شه‌هیده‌كانمانه‌وه‌ ده‌زێنه‌ ده‌م كه‌لی سه‌رفه‌رازی یه‌كجاره‌كییه‌وه‌.
پرشنگداربێت رۆژی شه‌هیدانی حزبی شه‌هیدان

له ‌كتێبی
(له‌به‌رده‌م شكۆی مرۆڤه‌ مه‌زنه‌كاندا)
نووسینی م.عه‌لی وه‌رگیراوه‌

 323 جار بینراوە