سەرەکی » دۆسێ » رەوشەكە بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات

نێوەندگیرییەكان سەردەگرن

رەوشەكە بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات

نێوەنگیرییەكان بۆ چارەسەكردنی تەنگژەكانی ئەم دواییە كە لەنێوان میلیشیا چەكدارەكان لەلایەك و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لەلایەكی تر دروستبوو، پێدەچێت لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە فراكسیۆنە سیاسییەكانی لە ماڵی حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر كۆكردەوە،رووی لە رێكەوتنی هێوربوونەوە بێت.

سەركەوتنی نێوەنگیریی تاران
پاش سەردانەكەی ئەم دواییەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق، وێڕای چاوپێكەوتنی لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، تەنگژە ئەمنی و سیاسییەكان لە ناوچەكانی وڵاتدا روویان لە كەمبوونەوە كرد.

«چوارچێوەی هاوئاهەنگی» كە لایەنە ناڕازییەكان بەرامبەر بە ئاكامی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت، بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی كۆبوونەوەنەوە، لە كۆبوونەوەكەشدا دوایین پەرەسەندنەكانی ئێستای وڵات تاوتوێكران.

كۆتایی هێنان بە تەنگژەكان
بەپێی بەیاننامەی «چوارچێوەی هاوئاهەنگی»، لە كۆبوونەوەكەدا رێكەوتن لەسەر پێنج خاڵ كراوە كە دەركەوتووترینیان، ئیدانەكردنی بەئامانجگرتنی خۆپیشاندەران و تەواوكردنی لێكۆڵینەوە دادوەرییەكانی پەیوەست بە خۆپیشاندانەكان و لێپێچینەوە بووە لەوانەی لە تاوانەكەدا تێوەگلاون، ئیدانەكردنی هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی و تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان لەو دۆسێیەدا.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»كەمكردنەوەی تەنگژەكان و راگرتنی هێرشەكانی راگەیاندن لەلایەن هەموو لایەنەكان و نەهێشتنی هەموو دیاردەكانی گێچەڵپێكردن لە شەقام»، تەئكید لەسەر بەردەوامبوون لە گەڕان بەشوێن چارەسەرە یاساییەكان بۆ تەنگژەكانی پەیوەست بە ئاكامی هەڵبژاردن كرایەوە.

تەوافوقی سیاسی چارەسەرە
لای خۆیەوە نزار حەیدەر توێژەری سیاسی پێیوایە، دەبێت هێزە سیاسییە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن هێرشەكانیان رابگرن، چونكە لە بەرژەوەندییان نییە.

حەیدەر بە ماڵپەڕی (المسری)ی رایگەیاند»دەبێت ئەو هێزانە بە رێگەچارەی بوون بە ئۆپۆزسیۆن رازیی ببن، یان روو لە وافوق بكەن كە لە دوای ساڵی 2003وە پرۆسەی سیاسی لەسەر دامەزراوە، و رازیی بن بەو دەستكەوتەی دەستەبەرییان كردووە لەڕووی ژمارەی كورسییەكان».

بە وتەی توێژەرە سیاسییەكە»هەڵوێستی نێودەوڵەتی كە لەلایەن جیهانەوە خرایەڕوو، هاریگارییە لەگەڵ عیراق لە رووداوەكانی ئەم دواییە و پەیامێكە بۆ میلیشیا چەكدارەكان كە ناوەرۆكەكەی ئەوەیە، رێگەی رووبەڕووبوونەوە زیانێكی زۆریان پێدەگەیەنێت».

هێزە ئەمنییەكان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە لەدوای راگەیاندنی هەوڵی تیرۆركردنی كازمی، هێزی سەربازی زیاتر لە هێزە تایبەتەكان لە دەوروبەری ناوچەی سەوز و گەڕەكەكانی دەوروبەری بڵاوەیان پێكرا. بەڵام دواتر لە پاش كۆبوونەوەكان هێمنی باڵی بەسەر شەقامەكانی بەغدادا كێشایەوە و لایەنەكان روویان لە هێوربوونەوە كرد.

هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆك وەزیران
هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بەشێوەیەكی روون توندوتیژی سیاسی لە عیراقدا دەرخست لەڕووی ململانێی لەسەر دەسەڵات، بەو پێیەی پشێوی شێوازیی جیاجیای لە وڵاتدا بەخۆوەبینی كە لەم چەند ساڵەی دواییدا خۆی لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019، بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی و شكستخواردن لە دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ هاووڵاتیان، هێرش و پەلاماری هەندێك لە میلیشیاكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا بینییەوە، دواجاریش هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆكی حكومەت.

كازمی لەو دەمەی پۆستەكەی وەرگرتووە، هەوڵیداوە عیراق سیاسەتێكی هاوسەنگی هەبێت لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان.

لەگەڵ ئەمەشدا دەكرێت بڵێین، هەوڵیداوە سیاسەتێكی وەها لەنێوخۆ و دەرەوەدا بەكاربهێنێت كە ببێتە مایەی كەمكردنەوەی كاریگەریی ئێران لەسەر عیراق كە لە ساڵی 2003و لە پاش رووخانی رژێمی بەعس چەند شێوازێكی جیاجیای بەخۆوەبینیوە.

كازمی لەلایەك سەردانی سعودیە و ئیماراتی كرد، بە هەمان شێوە لەگەڵ میسر و ئەردەن میحوەرێكی سێ‌ قۆڵی دروستكرد كە پرۆژەی شامی نوێی لێكەوتەوە، ئەمەش خواست و ئیرادەیەكی هاوبەشی بۆ فراوانكردنی هەژموونی عەرەبی خستەڕوو.

هەموو ئەم هەوڵانە هەنگاوێكن بەرەو كەمكردنەوەی بوونی تاران كە نەك هەر تەنیا لە جموجۆڵە سیاسییە دەرەكییەكانی بەغدادا دەردەكەون لە سایەی كازمی كە لەسەر رێڕەوی بێلایەنی و كەمكردنەوەی كاریگەریی ئێران رێدەكات، بەڵكو لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆش كە لەڕێی دامەزراوە ئەمنییەكانەوە كار بۆ لغاوكردنی میلیشیا عیراقییەكانی سەر بە تاران دەكات. دوایین زنجیرەی ئەو سیاسەتەش، ئاكامی هەڵبژاردن بوو.

مەترسی ئەو پشێوییانەی لەمڕۆدا باڵی بەسەر عیراقدا گرتووە لەوەدایە كە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی چوونەدەرەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە وڵات، بەپێی ئەو رێكەوتنەی لەنێوان واشنتۆن و بەغدادا كراوە. ئەمەش رەنگە هەلێك بێت بۆ ئێران تا لە پاش چوونەدەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان تاكڕەوی بە گۆڕەپانی عیراقییەوە بكات، بەڵام ئاكامی هەڵبژاردن بووە مایەی كەمكردنەوەی كورسییەكانی هاوپەیمانی فەتح ، بەشێوەیەك كە كاریگەریی هەیە لەڕووی تواناكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو و هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران.

هەوڵی تیرۆركردنی كازمی دەریدەخات كە چۆن ئاكامی هەڵبژاردن و ترسان لە دیمەنە سیاسییەكانی دواتر، پێداگریی ئێران و لایەنەكانی سەر بە وڵاتەكە دەخاتەڕوو لەڕووی پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندی و دەستكەوتە سیاسییەكان و رەوشی تایبەتییان، بەچاوپۆشین لە ئاكامە سیاسییەكان.

بۆیەكەمجار لە عیراق لە دوای ساڵی 2003وە، بارەگای باڵاترین دەسەڵاتی راپەڕاندن كە ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بوو لە ناوچەی سەوز كە شوێنێكی پارێزراوە لە بەغدای پایتەخت كرایە ئامانج، هێرشەكە لەڕێی سێ‌ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بوو كە دوانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە خرانەخوارەوە، لەكاتێكدا سێیەمییان زیانی ماددی بە ماڵی كازمی گەیاند.

لەماڵپەڕی (المسری) وەرگیراوە

www.almasra.iq

 86 جار بینراوە