سەرەکی » دۆسێ » ئەنجومەنی پارێزگاكان لە نێوان هەڵوەشاندنەوە و بەگەڕخستنەوەدا

بۆچوونەكان جیاوازن

ئەنجومەنی پارێزگاكان لە نێوان هەڵوەشاندنەوە و بەگەڕخستنەوەدا

لە كۆتایی ساڵی 2019، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەك گوێگرتن بۆ داواكاریی خۆپیشاندەران، دەنگیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵپەساردنی كارەكانیان.

لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، دادگای فیدراڵی عیراق بڕیارێكی دەركرد و تێیدا ئاماژەی بە نەشیاوی دەركردنی پەرلەمان بۆ یاساكە كرد كە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە وڵاتدا لەخۆدەگرێت، بڕیارەكەشی بە سەرپێچی ئەحكامەكانی دەستور لەقەڵەمدا.

بەرپرسیارێتی و كاری ئەنجومەنەكان
ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتی یاسادانانی خۆجێییە كە بەرپرسە لە داڕشتنی یاساكان لەنێو پارێزگاكان، و چاودێری ئەدا و كاری حكومەتە خۆجێییەكان و بەڕێوەبەرەكان دەكات، وێڕای هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكانی.

شەقامی عیراقی بۆتە دوو بەشەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی كاریی ئەنجومەنی پارێزگاكان، یەكەمییان بە شتێكی زیادی دادەنێت و پێیوایە پێویست نییە، و تەنیا دەروازەیەكە بۆ خەرجكردنی پارە و مووچە و دەرماڵە و دانانی دەستەی پاسەوانان.

بەڵام بۆچوونەكەی تری هاووڵاتیان ئەوەیە كە بە پێویستی دادەنێت بۆ چاودێریكردنی كاریی حكومەتە خۆجێییەكان و رێگرتن لە گەندەڵی لە فەرمانگەكانی دەوڵەت، و بەرپەرچدانەوەی بەهەدەردانی سامانی گشتی.

گێچەڵكردن و دەستوەردانە كارەكانی پارێزگار
محەمەد داودی پسپۆڕی یاسایی لە كاروباری هەڵبژاردن پێیوایە، ئەندامانی ئەنجومەنەكان دەستییان وەردەدایە كاروباری پارێزگار و داواكاریی تایبەت و حزبییان هەبوو.

داودی بە ماڵپەڕی (المسری)ی رایگەیاند »زۆربەی ئەنجومنەكان گێچەڵییان بە پارێزگار دەكرد و داواكاریی تایبەت و حزبییان لە پارێزگار و فەرمانگەكان دەكرد، ئەمەش بەدڵنیاییەوە كارێكی چەوتە».

ئەنجومەنی نوێنەران و بۆشایی دەستووری
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ریاز عەزاز سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت، كاری ئەنجومەنەكان سەرپێچی دەستوری نەبوو، كارەكانمان بەپێی یاسا بوو.

عەزاز لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە»ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجومەنی پارێزگاكانی نەسڕییەوە، بەڵام هەڵیوەشاندنەوە، بۆیە ئێمە كاروبارە پەیوەندیدارەكانمان رادەستی لایەنی راپەڕاندن كرد، نەك لایەنی یاسادانان، ئەمەش راست نییە».

سەرپێچی دەستووری لە كاری ئەنجومەنەكاندا
تارق حەرب پسپۆڕی یاسایی پێیوایە، یاسای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2008، تەنیا مافی هەڵبژاردنی پارێزگاری بۆ ئەنجومەنەكان رەخساندووە، بواری چاودێری و گرێبەستی پێنەبەخشیون لەگەڵ كۆمپانیاكان و بەڕێوەبردنی دۆسێی ئەمنی لەنێو پارێزگادا رادەستنەكردوون، بۆیە سەرپێچی گەورە هەیە لە كاریی ئەنجومەنەكانی پێشوو».

پێشنیازەكان زۆرن
پێشنیازێكی زۆر هەن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان لە خولی داهاهاتوو، دەركەوتووترینیان كەمكردنەوەی ئەندامەكان و كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەكان، و پشتبەستنە بە فرە بازنەیی و بازنە بایۆمیترییەكان.

دوایین هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عیراق لە ساڵی 2013دا بوو، پێش یەك ساڵ لە داگیركردنی رووبەرێكی زۆری عیراق لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 كە بووە مایەی دواخستنی هەڵبژاردنە خۆجێییەكان كە وابڕیار بوو لە ساڵی 2017دا سازبكرێن.

لاوان خۆیان ئامادەكردووە
نەوەیەك لە لاوانی عیراق، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئامادەكردووە و پشت بە خواستێكی میللی دەبەستن بۆ گۆڕانكاریی كە بواردانە بە لاوان بۆ گەیشتن بە ناوەندەكانی بڕیار لە عیراق.

بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو حزبە سەربەخۆكان ژمارەیەك كورسیان دەستەبەركرد، بووە هاندەرێكی تر بۆ لاوان و چالاكوانان و رۆژنامەوانان، تا بیر لە چوونە نێو كاریی سیاسی بكەنەوە، وەك هەوڵێك بۆ دروستكردنی كاریگەریی لەسەر ناوەندی بڕیار و رووكردنە رێڕەوی ئاشتیانە.

ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە هەڵوەشێنرانەوە وەك بەدەنگەوەچوونی داواكاریی خۆپیشاندەرانی 2019 كە ناكۆكی لەنێوان ئەندامەكانی ئەنجومەنەكان رووی لە زیادبوون كردبوو، وێڕای بەهەدەردانی دارایی گشتی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری لە كارەكانیان.

گۆڕانكاریی لە نێو خۆدا
هەر لەو چوارچێوەیەدا، حەیدەر حەمدانی رۆژنامەنوس پێیوایە»هەڵپەكردنی لاوان بەرەو هەڵبژاردنی خۆجێی، بۆ گۆڕانكارییە لە بنەمای گەمەی نێوخۆیی، لەبری تەماشاكردن و راوەستان بەدیار رەخنەگرتنەوە، بە تایبەت كە نەوەی لاوان لەئێستادا دیدێكی رۆشنییان هەیە و دەتوانن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا هەڵبكەن، و هەستی بەرپرسیارێتی و گوڕ و تینی زیاترییان هەیە بۆ بنیاتنانەوەی وڵات».

بە وتەی حەمدانی كە یەكێكە لە كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان»ئەم نەوەیە خۆشەویستییەكی قوڵییان هەیە بۆ وڵاتەكەی، ئاگاداریی حاڵ و گوزەرانی هەژارانە، بەپێچەوانەی سیاسەتوانەكانی تر كە لە بورجی عاجیدا دەژین و بێئاگان لە خەڵك و تێكەڵاوبوونیان نییە لەگەڵ هاووڵاتیان، تائێستا لە سروشتی ئەو كێشە و ئاڵەنگارییانە تێنەگەیشتوون كە رووبەڕووی كۆمەڵگەی عیراقی بوونەتەوە، و چارەسەرییان لا نییە».

بە بۆچوونی ئەو رۆژنامەوانە، ئاراستەیەك هەیە بەرەو كارامەیی لاوان، بە تایبەت لە ئەزمونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دەستەبەركردنی ژمارەیەك كورسی باش لەلایەن لاوانەوە كە دەستەواژەیە بۆ بوونی خواستێكی میللی لەپێناو گۆڕانكاریی و پشتكردن لە حزبە كلاسیكییەكان.

حەمدانی بەتەنیا نییە لەو كاروانەدا، بەڵكو ژمارەیەكی زۆر لە میدیاكاران و چالاكوانان هەن كە خواستییان هەیە بچنە نێو كایەی سیاسی لەڕێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنە خۆجێییەكان.

تائێستا وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریی نەكراوە، بەڵام ئاراستەیەكی سیاسی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لەئارادایە لە دوای پێكهێنانی حكومەت و وەرگرتنی ئەركەكانی بەشێوەیەكی رەسمی و دەستكردن بە ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنە خۆجێییەكان.

دەستووری عیراق
هەرچەندە ئەنجومەنی پێشووی پارێزگاكان هەڵوەشێنرانەوە، بەڵام ناكرێت ئەمە بەردەوام بێت، چونكە ئەنجومەنی پارێزگاكان لە دەستوری عیراقیدا ئاماژەیان پێكراوە كە لە چوارچێوەی سیستمی دیموكراتی وڵاتدایە.

هەر لەو باریەوە عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی پێیوایە»ئەنجومەنی پارێزگاكان بە حوكمی ماددەی 122ی دەستور دەمێننەوە، و ناكرێت هەڵبوەشێنرێنەوە، تەنیا لەڕێی هەمواریی دەستورەوە نەبێت، لە دوای هەڵوەشاندنەوەشیان مافی ئەوەیان نییە هیچ كارێك لە كارەكانیان بكەن».

بە وتەی تەمیمی»ئەو ئەنجومەنانە لە چوارچێوەی میكانیزمی حوكمڕانی و سیستمی دیموكراتین لە عیراق، بۆیە دەبێت بەشێوەیەكی خێرا هەڵبژاردن بكرێت، بۆ خۆلادان لە هەر پێشێلكارییەكی یاسایی كە رەنگە رووبدات».

لەماڵپەڕی (المسری) وەرگیراوە

www.almasra.iq

 81 جار بینراوە