سەرەکی » کەلتوور » قەمبوورێکی تەنیا

قەمبوورێکی تەنیا

بەختیار حەمەسوور

«قەمبووری نێو باخچە» ناوی یەکێک لە شیعرە بەناوبانگەکانی شاعیری ئینگلیزی «دیلان تۆماس»ـە. ئەم شیعرە سەرلەبەر گێڕانەوەی ژیانی پیاوێکی قەمبوورە لە باخچە و پەراوێزەکانی شاردا. پیاوێکی تەنیا، تەنیا بەناو درەخت و باخچە و کەنار جۆگەلەکاندا پیاسە دەکات، تا تاریکبوون، تا لێدانی زەنگی یەکشەممەی خەمگین لە کڵێسە، پاشان شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو شار و بە شەقامە پیس و پۆخڵەکاندا دەسووڕێتەوە. بەرماوەی شار دەخوات، لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان، لە پەرداخی فڕێدراودا ئاو دەخواتەوە و لە کولانەسەگێکیشدا دەنوێت. بەیانیان وەک باڵندە زوو لە خانەکەی دەردەپەڕێت و منداڵانی شار دوای دەکەون و گاڵتەی پێدەکەن، ئەو ڕا دەکات، ڕا دەکات و ئاوڕ ناداتەوە. پێدەکەنێ و فشەی بە دنیا دێت، دەگاتەوە باخچە و بەلای شۆڕەبی و درەختەکاندا تێپەڕ دەبێت. خۆی لە باخەوانەکان دەپارێزێت. ترساوە ئەو؛ زۆر ترساوە. لە باخچە ڕۆژ بەسەر دەبات، تا ئەو کاتەی زەنگی کڵێسە دەبیستێت و بۆ خوار‌وو و پەراوێزەکانی شار گلێر دەبێتەوە. ژیانی بووە بە دووبارەبوونەوەیەکی بێمانا و ڕاکەڕاک. شەوان، باخچەی ژاکاو و چیخ و پەرژینەکان، نەمام و بنچک و باڵندەکان، گیا و گوڵ و درەختەکان، تەنانەت زەریاچە و تا دەگاتە منداڵانی کێویی و سەربزێو، هەتا کۆڵانە تەنگ و باریکەکان ڕاوی دەنێن. ئەمە سیناریۆی ژیانی کەسێکە تەنیا، کەسێک کە لە چاوی ئەوانی ترەوە غەریب و خۆشنەویستراوە، دەرکەوتن و بینینی ئەم پیاوە، بەو پاتاڵی و شەپڕێوەوە، ئازاری ژیانی شووشەی ئێمە دەدات، بەو پشتە قەمبوور و کۆمەیەوە، ڕیتمی ژیانی ئێمە دەشێوێنێت، بیرخەرەوەی کۆمەڵێک لاوازی و کەموکورتییە، ئێمە نامانەوێت کەسێک ببینین شێواو و نەشاز، بەرگەی ناگرین، دڵمان تێکەڵ دێت. تەنیایی دۆخێکی ترسناکە، ئێمە لێی دەترسین، هەمیشە دەمانەوێت بەوانی تر ئابڵووقە بدرێین، هەمیشە دەچینە ژیانی ئەوانی ترەوە و ئەوانی تریش دێنە ژیانمانەوە، کەچی هەر تەنیاین، هەر خەمگین و پەرێشانین، بینینی بچووکترین دیمەنی تراژیدی، ژیانمان هەڵگێڕوداگێڕ دەکات و تووشی شۆک و داهێزران دەبین. ئێمە ئەو ژیانە پەراوێز و سەگییە بەو پیاوە قەمبوورە ڕەوا نابینین، زیادتر لەوەی وەک ئینسانێک لێی بڕوانین، وەک حەشەرێک دەیبینین، حەشەرێک کە مەترسی لەسەر ژیانمان هێندەی چەکی ئەتۆمە. ئەو دەروونمان هەڵدەتەکێنێت، ناخمان ناجێگیر دەکات؛ ئەو تەنیایە، کەس لە ئێمە پیاوە تەنیاکانی خۆش ناوێت.

دەقی شیعرەکە:
قەمبووری باخچەکە* 

دیلان تۆماس

قەمبوورێک وا لەو باخچەیە
مرۆیەکی تەنیایە
بەنێو جۆگەلە و درەختەکاندا
ڕێ دەکات و خۆی دەگرێتەوە
لە دەروازەی باخچەکەوە
کە جۆگەلە و درەختەکان دێنە ژوورەوە
تا زەنگی یەکشەممەی ماتەمین
لە تاریکیا زرینگە دێ و… دەنگ دەداتەوە.

***
لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان نان دەخوا و
لە جامێکی بە زنجیربەستراویش
ئاو دەخواتەوە
ئەو جامەی مناڵان وردەبەردیان تێخستووە
لە نێو ئەو حەوزەی بە سواری گەمییەکەم… شەقیم کردووە
کە شەویش دێ… لە کولانەسەگێک دەنوێ
وەلێ بێ ئەوەی کەسێ بیبەسێتەوە
وەک مەلەکانی باخچە زوو دەرئەکەوێ
وەک ئاویش لەسەر زەوی ڕۆدەنیشێ
مناڵانی شار هەڵەتە و ڕاکردوو
بانگی دەکەن: هێی کابرا… کابرا
کە گوێی لە دەنگیان دەبێ… زۆر ئاشکرا
دوورتر لەو دەنگە… ئەو ڕا دەکا.

***
بە دەریاچە و شەقامی بەردین ڕادەبوورێ
ڕۆژنامەی دەستی ڕادەوەشێنێ… پێدەکەنێ
قەمبوورە و گاڵتەی بە دنیا دێ
بەنێو باخی پڕ شۆڕەبی بە دەنگ و هەرا
گوزەر دەکا و… خۆی لە باخەوان لا دەدا
ئەو باخەوانەی
بە دارەکەی دەستی گەڵاکان لا هەڵدەدا
پیرەسەگی تەنیاش
لە نێو چیمەن و قازەکاندا خەوتووە
کەچی مناڵانی ژێر شۆڕەبییەکانیش
شەڕ بە پڵینگەکە دەفرۆشن
تا لەسەر شەقامی بەردینی پڕ بەرد
بنەڕێنێ و هەڵگەڕێتەوە
باخچەکەش لە دەریاوانان شین دەچێتەوە.

***
لەوێ ڕۆژ بەسەر دەبا تا زەنگ لێ دەدرێ
دەڵێی هێمای ژنێکە: بێ گوناه بێ
وەک دار کاژیش ناچەمێتەوە
بەو هەموو ئێسقانە خواروخێچەوە
ڕێک و درێژتر لەو ئێسقانانە
کووڕ نەبۆتەوە
شەوانیش دوای زنجیر و قفڵ و دەرگا کلیلدان
هەر ئاوا و بەم تەرحە… دەمێنێتەوە!
***
هەموو شەوێ لەنێو باخچەی ژاکاودا
بەنێو شیشی پەرژینەکان
پنچک و نەمامەکان… باڵندەکان
گیا و گوڵ و… درەختەکان
بگرە تاکو دەریاچەکەش
مناڵانی کێوی و چەتوون
ئەوانەی لە شلیک ناسک و پاکترن
ڕاوەدووی قەمبوور دەنێن
تا لەنێو تاریکیدا… لە کولانەکەی دەپەستن.

*سەرچاوەی شیعرەکە لەم کتێبەوە وەرگیراوە: قەلەڕەش و زەنگەکان، گوڵبژێرێک لە شیعری بیانی، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێرزاد حەسەن، چاپی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 2002.

 62 جار بینراوە