سەرەکی » ئابووری » نرخی مریشك زیاتر دادەبەزێت

هۆكارەكەی ئاشكرا دەكرێت

نرخی مریشك زیاتر دادەبەزێت

یەکەی ئابووری

بەهۆی زۆری بەرهەم و كەمی خواست لەسەری، نرخی مریشك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەزی و سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش دەڵێت: «دابەزینی نرخی مریشك، زیانی بە خاوەن كێڵگەكان گەیاندووە».

ئاشكراشیدەكات: ئێستا نرخی یەك كیلۆ مریشك لەسەر خاوەن كێڵگەكان، نزیكەی سێ هەزار دینار دەكەوێت.

نرخی عەلەف و جوچك و هەندێك شتی دیكە گرانكرا
نازم جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە ماڵپەڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی راگەیاندووە: دوێنێ نرخی كیلۆیەك مریشك لە كێڵگەكانەوە بە بڕی دوو هەزار و 500 دینار دەرچووە بۆ بازاڕ، هۆكاری دابەزینی نرخی مریشكیش پەیوەستە بە زۆری بەرهەم و كەمی خواست لەسەر گۆشتی سپی.

بەوتەی سەرۆكی ئەو كۆمەڵەیە، بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا نرخی عەلەف و جوچك و هەندێك شتی دیكە گرانكرا، بۆیە ئێستا نرخی كیلۆیەك مریشك تا پێدەگات و دەخرێتە بازاڕەوە، دوو هەزار و 800 تا سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن كێڵگەكان دەكەوێت، بۆیە ئەگەر نرخەكان بەم جۆرەی ئێستا بێت، وەكو خاوەن كێڵگەكان زەرەرمەند دەبن.

ئاماژەی بەوەشداوە: ئێستا زیاتر (20 %)ی خاوەن كێڵگەكان جوچكیان داخڵ نەكردووە، بەهۆی ئەوەی زیانی زۆر دەكەن و نرخەكەی لە بازاڕدا زۆر دابەزیووە، لەكاتێكدا پێشتر نرخی كیلۆیەك مریشك لەسەر خاوەن كێڵگەكان دوو هەزار و 100 دینار دەكەوت.

رێگە بە هەناردەكردنی دەدرێت
لای‌ خۆیەوە، یاسین حاجی كە لەناو شاری سلێمانی كاری مریشك فرۆشتن دەكات، بەو ماڵپەڕەی راگەیاندووە: بەهۆی ئەوەی نرخی مریشك لە ناوخۆدا زۆر گران نییە، بۆیە رێگە بە خاوەن كێڵگەكان دەدرێت مریشك بۆ شارەكانی خوارو و ناوەڕاستی عیراق بنێرن.

روونیشیكردۆتەوە: دابەزینی نرخی مریشك پەیوەستە بەوەی كە خاوەن كێڵگەكان هەموو پێكەوە جوچكیان داخڵ كردووە و پێكەوە بەرهەمیان خستۆتە بازاڕەكانەوە، ئەمەش وادەكات بەرهەم زۆر بێت و خواست كەمتر بێت.

لە هەرێمی‌ كوردستان بە پلەی‌ یەكەم گۆشتی‌ مریشك لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەكاردەهێنرێ‌، بەڵام یەكێكی دیكە‌ لە هۆكارەكانی‌ دابەزینی‌ نرخی‌ مریشك، بوونی‌ ماسییە كە ئێستا راوكردن ئاساییە و نرخی‌ كیلۆیەكی‌ بە سێ‌ هەزار و 500 تا چوار هەزار دینارە.

 69 جار بینراوە