سەرەکی » وتار » پەیوەندی ژەهراوی

پەیوەندی ژەهراوی

 

رۆزا دڵشاد مەریوانی

کاتێک وەکو مرۆڤێک جا ژن بیت یان پیاو لە پەیوەندییەکدایت جا سۆزداری بێت یان هاوڕێیەتی و تێیدا هەست دەکەیت خۆت نیت بەو واتایەی کەسێتیت و حەزو خولیا و هەموو ئەو شتانەی باوەڕت پێیەتی ناتوانی بیکەیت یان تەعبیری لێبکەیت، هەروەها ناتوانیت بەو شێوەیە بژیت کە باوەڕت پێیەتی و تێیدا هەست بە کەسێتی خۆت دەکەیت و بە پێچەوانەی ئەوەوە دەژیت کە وێنات کردووە، لە هەمانکاتدا ناتوانیت لەو پەیوەندییە دەرچیت و هەستدەکەیت ئەستەمە رزگارت بێت ئەوە بزانە کە تۆ لە پەیوەندییەکی ژەهراوی و زیانبەخشدایت.

پەیوەندی ژەهراوی چییە؟
پەیوەندی ژەهراوی کە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت
«Toxic relationship» بریتییە لەو پەیوەندییەی لە نێوان دوو کەسدا روودەدات یەکێکیان کەسێتی ئەوی دی دەسڕێتەوە و بەسەریدا زاڵ دەبێت و بە سیفەتێک یان زیاتر لە سیفەتە خراپەکان ئەوی تر دەچەوسێنێتەوە لە هەمانکاتدا قوربانیی ناتوانێت لەو پەیوەندییە دەربازی بێت جا لەبەرئەوە بێت کەسێتی لاواز بووە لەبەرامبەر ئەوی تردا و ناوێرێت وازیلێبێنێت یان ناتوانێت و نازانێت چۆن لێی دەرباز بێت، ئەو پەیوەندییە ژەهراوییەش دەکرێت سۆزداریی یان هاوڕێیەتی بێت.

رەنگە زۆر کەس لە ژیانیدا جا هاوڕێیەتی بێت یان سۆزداری بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی ژەهراوی تاقیکردبێتەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە نەتوانیت لێی دەرباز بیت و هەموو ژیانت داگیر بکات و هەست بکەیت لەو پەیوەندییەدا بەند کراویت، لایەنی باشی هاوڕێیەتی و سۆزداری ئەوەیە خۆت هەڵیاندەبژێریت، لایەنی خراپیشی چ هاوڕێ بێت یان خۆشەویست هەندێکجار دوای ماوەیەک لە یەکتر ناسین ئەو مرۆڤە دەرناچێت کە وێنات کردبوو، ئەگەر باسی هاوڕێ بکەین دەبینین لەو حاڵەتانەدا ئەو هاوڕێیە بۆ نموونە زاڵە بەسەر پەیوەندییەکەدا یان هەموو ئەو شتانە دەکات کە هەستێکی ناخۆش دەدەن بە تۆ یان جاری وا هەیە هەستدەکەیت تەنیا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی هاوڕێیەتیت دەکات و چەندان نموونەی دیکە، بەڵام جیاوازیی هاوڕێیەتی لەگەڵ پەیوەندی سۆزداریدا ئەوەیە رەنگە بتوانیت ئاسانتر لەو پەیوەندییە ژەهراوییە رزگارت بێت و کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەرت جێنەهێڵێت و بتوانیت وردە وردە ئەو پەیوەندییە کاڵ بکەیتەوە، ئەگەر کەمێک پشوودرێژ و چاونەترس بیت و بەجۆرێک لە جۆرەکان لەو هاوڕێیەت تێبگەیەنیت کە چیتر ئەو پەیوەندییەتان ناکرێت بەردەوام بێت.

پەیوەندی سۆزداری
ئەوەی بۆ زۆر کەس ئەستەمە لێی دەرباز بن پەیوەندی سۆزداری ژەهراوییە بەتایبەت ئەگەر ئەو دوو کەسە بووبن بە ژن و مێردی یەکتر ئەوە قورستر دەبێت لەو پەیوەندییە ژەهراوییە رزگاریان بێت، پەیوەندی ژەهراویش لە نێوان ژن و پیاودا جا لەو پەیوەندییەدا ژن یان پیاوەکە قوربانیی بن، بەوەی لایەنی بەرامبەر کەسێکی زۆردار و زاڵە بەسەر پەیوەندییەکەدا یان توندوتیژە، بەگومانە، دڵ پیسە، کەسێکی نێرسسییە، درۆزنە..هتد ئەگەر ئەو کەسە بە سیفەتێک یان زیاتر لەوانە لەو پەیوەندییەدا زاڵ بێت و کەسی بەرامبەر واتا قوربانیی هەستبکات رۆژ بە رۆژ ئەو کەسە لە وزەی دەبات و کەمدەکاتەوە و چیتر چێژ لە ژیان نابینێت و کاتێک بیر لە خۆی دەکاتەوە دەبینێت بووە بە مرۆڤێکی دیکە و بگرە خراپتریش لەوەی هەبووە ئەوە لە پەیوەندییەکی ژەهراویدایە.

بە رای من زیاتر ژنان لەو جۆرە پەیوەندییانەدا دەبنە قوربانیی بەو پێیەی پیاو لە حاڵەتێکی وادا زووتر دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە دەبێت و ژن زیاتر بەهۆی لەبەرچاوگرتنی هەندێک نەریت و یاسا و رێسای کۆمەڵگەوە بەتایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر دەترسێت دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە ببێت، بۆ نموونە پیاوەکە توندوتیژە و لێیدەترسێت ئەگەر وازیلێبێنێت زیاتر ئازاری بدات و زۆر حاڵەتی وامان دیوە کاتێک ژنێک کارێکی لەو جۆرەی کردووە پیاوەکە کوشتوێتی یان کەسێکی بە گومانە و زیاد لەپێویست غیرە دەکات بەشێوەیەک ژنەکە هەستدەکات چیتر هەناسەشی بۆ نادرێ، بەڵام کە بیر لەوە دەکاتەوە وازیلێبێنێت رەنگە کەس پشتگیری لێنەکات و لێی تێنەگەن ئەو لە چ دۆخێکدایە و پێیبڵێن ئاساییە هەموو پیاوێک غیرە دەکات یان ئەوە تۆی خۆش دەوێت بۆیە وایە! بەڵام لە راستیدا هەر سیفەتێک لەو سیفەتانە یان هەر جۆرێکی دیکە ئەگەر واتلێبکات ژیان لەبەرچاوت تاریک بێت و وەکو دەوترێت چیتر خۆت نەبیت و هەستبکەیت لە گێژاوێکدایت و ناتوانیت لێی دەربچیت ئەوە بزانە لە پەیوەندییەکی ژەهراویدایت.

ببیتە مرۆڤێکی باشتر
بێگومان رزگار بوون لە پەیوەندییەکی ژەهراوی پێویستی بە ئامادەیی دەروونی هەیە و رەنگە زۆرجار پێویستی بە راوێژی پزیشکی دەروونی یان توێژەری کۆمەڵایەتی هەبێت، هەروەها وەکو پزیشکانی دەروونی لەو بوارەدا ئامۆژگاری ئەوە دەدەن ئەگەر ئەو دوو کەسە ژن و مێرد نەبن وازهێنان لەو پەیوەندییە تا زووتر بکرێت باشترە و دەبێت لەسەر هەموو ئاستەکان تەنانەت دەبێت لە دونیای سۆشیال میدیاشدا هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو کەسە بپچڕێنێت و بۆ ئەو شوێنانەش نەچێت کە ئەگەری ئەوەی هەیە تێیدا ئەو ببینێت، ئەمە بۆ ئەوەی لە رووی دەروونییەوە لەو پەیوەندییە چاک بێتەوە تا وایلێدێت ئەو کەسە دەبێتە کەسێکی ئاسایی لەلای و هیچ هەست و سۆزێکی نامێنێت وایلێبکات هەڵە بکات و بۆی بگەڕێتەوە، ئەگەر ئەو هەستەشی بۆ هات دەبێت هەمیشە ئەو هۆکارانە بێنێتەوە یادی کە وایلێکردووە وازیلێبێنێت و ئەگەر بگەڕێتەوە بۆی ئەوە دیسانەوە دەچێتەوە ئەو گێژاوەی لێی رزگار بووە.

بوێریی دەوێت
ئەگەر ئەو پەیوەندییە ژەهراوییە لە نێوان ژن و مێردێکدا بێت بە رای من دەربازبوون لێی قورسترە و ئەو کارە پێویستی بە بوێریی و هەروەها یارمەتی کەسانی نزیکە بۆ پاڵپشتیکردن لێی و بگرە چارەسەری دەروونیشی پێویستە ئەگەر قوربانیی لەو پەیوەندییەدا توندوتیژی بەرامبەر کرا بێت، رەنگە زۆر کەس باوەڕ بەبوونی پەیوەندی ژەهراوی و زیانبەخش نەکەن، بەڵام تەنیا ئەو کەسانەی لەو جۆرە پەیوەندییانەدان یان کەسانێکی نزیک لێیانەوە بەو شێوەیەن دەزانن و هەستی پێدەکەن، چونکە پەیوەندیی تەندروست پەیوەندییەکە دەبێت وابکات ئەو دوو مرۆڤە ببنە مرۆڤێکی باشتر لەوەی هەن، بەوەی سیفەتە باشەکانی نێو کەسێتیان زاڵ بێت و سیفەتە خراپەکانیان کاڵ بێتەوە، نەک پەیوەندییەک تێیدا لایەنێک کەسێتی لایەنەکەی تر یان مرۆڤەکەی تر بسڕێتەوە و بیەوێت بەو شێوەیە کەسێتی وێنە بکێشێتەوە کە خۆی دەیەوێت.

 447 جار بینراوە