سەرەکی » ئاراستە » وەک سیمبولی خۆشەویستی ئەبەدیی بەکارهاتووە

وەک سیمبولی خۆشەویستی ئەبەدیی بەکارهاتووە

وەرگێڕانی: دڵان سامان

ئایا زانیووتە بۆ شوکردن و ژنهێنان ئەو ئەڵقەیەی دەکرێتە دەست لە بنەمادا نەریتێکی فیرعەونی بووە؟! بەڵێ ئەو نەریتە کە لە دەیان و سەدان وڵات لە جیهاندا پەیڕەو دەکرێت، هەزاران ساڵ پێش ئێستا لە شارستانییەتی فیرعەونیدا پەیڕەوکراوە، چونکە لەو سەردەمەدا بە سیمبولی خۆشەویستی و پابەندبوون دادەنرا، بەو مانایەی تا ئێستا لەگەڵ گۆڕانی شێوە و جۆری ئەڵقەکاندا هەر وەک خۆی ماوەتەوە.

مێژووی ئەڵقەی فیرعەونی
ئاماژەکان باس لەوە دەکەن مێژووی ئەڵقەی زەماوەند لە میسری کۆندا لە نزیکەی 6000 ساڵ پێش ئێستا دەستیپێکردووە، ئەو کاتە میسرییە کۆنەکان لە شارستانییەتە سەرەتاییەکان بوون، کە تێیدا کەسەکان بۆ شووکردن و ژنهێنان ئەڵقەیان گۆڕیوەتەوە، ئەو کاتەش ئەڵقەکان بازنەیی بوون و لە مادەی سادەی وەکو قەسەبی چنراو یان هەندێک رووەکی دیکە دروستکراون.
شێوەی بازنەیی لە میسری کۆندا نیشانەی نەمریی بووە، چونکە لە لایەکەوە ئاماژە بووە بۆ کامڵبوون و بێ خەوشیی و تاکڕەوی، لە لایەکی دیکەوە بازنەیی بێ کۆتایە، بۆیە ئەڵقەی ژن و مێرد وەکو نیشانەیەکی خۆشەویستی ئەبەدیی لە نێوان ئەو دوو کەسەدا بەکارهاتووە.
هەروەها فیرعەونەکان کەلتوری دانانی ئەڵقەیان لە پەنجەی چوارەمی دەستی چەپ داهێنا، چونکە رایان وابووە ئەو پەنجەیە خوێنبەرێکی تایبەتی پێدا تێپەڕدەبێت راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دڵی مرۆڤەوە، پێیان دەوت «دەماری خۆشەویستی» یان «Vena Amoris» بەڵام لە دواییدا لە هەندێ شارستانیدا گۆڕدرا بۆ دەستی راست وەکو نیشانەیەک بۆ سوێند خواردن بە دەستی راست.

گەشەسەندنی ئەڵقەی زەماوەند لە شارستانییەتەکاندا
بەڵام بەدرێژایی سەدەکانی رابردوو ئەو نەریتە لە زۆر لایەندا گۆڕانی بەسەردا هات بەوەی شارستانییەتی رۆمانی و یۆنان شێوەی جیاوازی ئەڵقەیان داهێنا هەندێکی لە پێستی حەیوان دروستدەکران یان هەندێکجار لە عاج یان ئێسک دروستدەکران، تا رۆمانییەکان کانزایان بەکارهێنا وەکو ئەڵقە لەدەستیان دەکرد، راستە ئاسن مادەیەکی بەردەست بوو، بەڵام لەو سەردەمەشدا زێڕ و زیو لەلای دەوڵەمەندەکان بۆ ئەڵقە بەکاردەهات، بۆیە لەو کاتەوە بەکارهێنانی کانزا بۆ دروستکردنی ئەڵقە بەکارهاتووە.
لەسەردەمی ئیمپراتۆری بیزنتیندا، خەڵکی کەوتنە ئەوەی هەندێک تایبەتمەندی کەسییان دەدا بە ئەڵقەکان و بەشێوەیەک نەخشیان لەسەر دەکێشا بۆ ئەو دوو کەسە گونجاو بێت، هەر ئەوەندەی ئایینی مەسیحی بووە ئاینێکی فەرمیی لە ئیمپراتۆریەتی بیزنتیندا ئەڵقەکان شێوەی خاچ یان وێنەی حەزرەتی مەسیحیان لەسەر دەکێشرا.
هەروەها چەندین شێوە و ئاراستەی جیاواز لە هەندێک وڵاتدا بۆ ئەڵقە داهێنران، بۆ نموونە ئەڵقەی «Fede Rings» داهات کە لە شێوەی دوو دەستدا بوون دەستی یەکیان گرتبێت بۆ چەندین سەدە لە ئەوروپا باو بوو، بە شێوەیەکی تایبەتیش لە سەدەی یازدەدا باو بوو، لە راستیدا وشەی Fede لە زمانی ئیتالیدا بە واتای دوو دەست دێت بە باوەڕەوە دەستی یەکیان گرتبێت، بۆیە ئەڵقەی زەماوەند وەکو مۆرێک دادەنرێت لەسەر ئەو دوو دەستەی بە باوەڕەوە یەک دەگرن، تەنانەت هەندێک وێنەی کێشراوی ئیتالی ئەڵقەی زەماوەندی تێدا دەرکەوتووە وەکو وێنەی مارسیلیۆ کاسۆتی و ژنەکەی فاوستینا کە هونەرمەندی ئیتالی لورینزۆ لوتو لە ساڵی 1523 دا کێشاوێتی تێیدا فریشتەیەک چاودێریی ژن و مێردەکە دەکات کاتێک پیاوەکە ئەڵقە دەکاتە پەنجەی ژنەکە.

سەدەی شانزە و حەڤدە
لە سەدەی شانزە و حەڤدەدا هەندێ دیزاینی وەکو دوو دەست یەکیان گرتبێت باو بوو ناوی Gimmel-Ring بوو بەڵام لەوەی پێشوو ئاڵۆزتر بوو، بەوەی هەر دەستە و جیابوو لەوەی دیکە واتا زاوا دەستێکی لە پەنجە دەکرد و بووکیش دەستەکەی تر کاتێک دەستی یەک دەگرن پێکەوە هەردوو ئەڵقەکە وەکو دوو دەست یەکیان گرتبێت دەردەکەون.
هەروەها بە درێژایی مێژوو هەندێ بەرد بۆ جوانکاری دەکرانە ئەڵقەی دەزگیرانداریی، ئەوەش لە شارستانییەتێکەوە بۆ دانەیەکی دی دەگۆڕا و رازاندنەوەیان گەشەی سەند بەوەی هەندێک زێڕ و زیویان لەگەڵ یاقووت و بەردی گرانبەهای دیکەدا بەکاردەهێنا.
بۆ نموونە لە چین و توێژە دیار و دەوڵەمەندەکاندا وەکو توێژی ئوروستوکراتەکان و شاهانەکاندا، ئەڵماس بەکاردەهات، دوای ئەوەی ئەرشیدوق ماکسیمیلیان لە نەمسا داوای کرد یەکەم ئەڵقەی دەزگیرانداریی لە ئەڵماس بۆ ماری دەزگیرانی لە بورگوندی لە ساڵی 1477 دا دروستبکەن، ئەوە پەرەیسەند تا ئەڵقەی زێڕی دەزگیرانداریی بووە باو لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە وڵاتە بیانییەکانیشدا ئەڵقەی رازاوە بە ئەڵماس بووە باو.
جگەلەوە لە داواکردنەکاندا تێیدا پیاو ئەڵقەی دەزگیرانداری پێشکەش بە خۆشەویستەکەی دەکات، لەو بارەیەوە زانایانی ئەنسرۆپۆلۆژیا وایدادەنێن کە ئەوە نەریتێکی رۆمانییە و ماوەتەوە، تێیدا ژنان ئەو ئەڵقانەیان لە پەنجە دەکرد کلیلی بچووکیان پێوەبوو وەکو ئاماژەیەک بەوەی موڵکی مێردەکانیانن.

سەرچاوە: رویترز عربی

 375 جار بینراوە