سەرەکی » هەمەڕەنگ » یادی لەدایکبوونی پرۆفیسۆر جەلیلی جەلیل

یادی لەدایکبوونی پرۆفیسۆر جەلیلی جەلیل

دوینێ رۆژی لەدایکبوونیی زاناو دانای کورد پرۆفیسۆر (د. جەلیلی جەلیل) بوو کە تەمەنی بوو بە (85 ساڵ).
د. جەلیلی جەلیل نووسەر، مێژوونووس و لێکۆڵەرێکی کوردە و ساڵی 1936 لە یەریڤان لەدایکبووە. خوێندکاری بەشی مێژوو بووە لە زانکۆی یەریڤان، لێکۆڵینەوەی (regard) ئەو دەربارەی شۆڕشی کورد لە سەدەی 19 بووە و بەو ھۆیەشەوە ساڵی 1963 دکتۆرای وەرگرت (PhD)، ماوەیەکی درێژ لەگەڵ براکەی ئۆردیخانی جەلیل کارێکی زۆریان لە ئەدەبیاتی کوردیدا کردووە، بەتایبەت کۆکردنەوەی شیعری ئێزیدییەکان، ھەروەھا کۆکردنەوەی ئەفسانە و چیرۆکە خەیاڵییەکان. لەدوای ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت جەلیلی جەلیل دەچێتە نەمسا، لەوێش بەردەوام دەبێت لەکارکردن لە زانکۆی ڤیەننا. ئێستا لە شارۆچکەیەکی شاری ڤیەننا دەژی و هاوڕێم دانا شەدەڵە دوێنێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ د. جەلیلی جەلیل، وتی تەندروستی زۆر باشە و بەهۆکاری بوونی کۆرۆنا سەردانی ناکرێت.
ئەو بنەماڵەیە خزمەتێکی بێوێنەیان بە مێژوو و کەلتور و ئەدەبی کوردی کردووە و بەرهەمەکانیان شاهیدی ئەوە دەدەن کە چەند خەمخۆری فۆلکلۆری کوردیی و نەتەوەو میللەتی کوردن. پرۆفیسۆر جەلیلی جەلیل کوڕی بنەماڵەی جاسمێ جەلیلییە و برای ئۆردیخانی جەلیلی و جەمیلە جەلیلییە، دوا کاریان بریتییە لە کۆکردنەوەی ئەدەبی زارەکی کوردی کە لە 25 بەرگ پێکهاتووە و هەندێک لەبەرگەکانی چاپکراوە.
بەهیواین تەندروست و تەمەندرێژبێت و دەخوازین ئەرشیفە دەوڵەمەندەکەی کە بریتییە لە سەرجەم کاسێتەکانی بەشی کوردی رادیۆی یەریڤان و سەدان دۆکیۆمێنتی تر بپارێزرێت.
کاتێکیش لەلایەن د. جەلیلی جەلیل لە نەمسا ژمارەکانی 10 و 12ی رۆژنامەی کوردستان دەدۆزرێتەوە، لە فێستیڤاڵی بەدرخان کە لە شاری دهۆک رۆژی 22/4/2005 بەڕێوەچوو، پێشکەشی منی دەکات، منیش وەک مژدەیەک بۆ سەرجەم رۆژنامەوانانی کورد ئەوەم راگەیاند، ئەوکات کۆچکردوو د.کەمال فوئاد سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکانی بەدرخان بوو، لە هەمانکاتیشدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش بوو، زۆر دڵخۆشبوو بە دۆزینەوەی ئەو دوو ژمارەیە لە رۆژنامەی نۆبەرە، (کوردستان 22/04/1898) بۆ ئەو مەبەستە لە کۆتایی فێستیڤاڵدا ژمارە 56ی بەدرخان کە سەرجەم چالاکییەکانی لە خۆگرتبوو بڵاوکرایەوە، هەر لەو کاتەداو لە دهۆک هەردوو ژمارە دۆزراوەکە چاپکرایەوە و بەسەر میواناندا دابەشکرا.

حەمید بەدرخان

 145 جار بینراوە