سەرەکی » وتار » عه‌بدوڵڵا عه‌باس » خەتای سەیارەیە یان جادەكەی خوارە؟!

روانینی دوێنێ و خوێندنەوەی ئەمڕۆ

خەتای سەیارەیە یان جادەكەی خوارە؟!

عەبدوڵڵا عەباس

تەنیا ئەوانەی بەدیقەت زانیاریی چۆنیەتی هاوردەكردنی سەیارەیان بۆ ئەم هەرێمە لا بێ‌، سەریان سوڕنامێنێ‌ لەو ژمارە ترسناكانەی لایەنی رەسمی و بەرپرسیار دەربارەی زەرەر و زیانی گیانی و مادی رووداوەكانی رێگاوبان بڵاو دەکەنەوە.

بەندەش ئەمە یەكەمجار نییە ئاماژە بەو كارەساتانە دەدەم کە بەهۆی رووداوی رێگاوبانەوە دەچنە خانەی ماڵ وێرانی خەڵكەوە، خراپترین ئاماژە کە لەم مەسەلەیەدا هەیە هوكارەكەیەتی كە دەسەڵات لێی بەرپرسیارە، دەسەڵات بەرپرسیاری راستەخۆیە چونكە دەتوانێ بە بنەڕەتی كێشەكەدا بچێتەوە و بڕگە بە بڕگەی رێكخستنی رێگەوبان و ناردنە سەرجادەی سەیارە و هاوردەكردنی سەیارە رێکبخاتەوە.

بەبێ‌ پلان سەیارە هاوردە دەكرێ‌، كە حساب نە بۆ پێویستی خەڵك و بارودۆخی رێگەی هاتوچۆی سەلامەت ناکرێ. بەشێوەیەکی هەڕەمەكیش سەیارەکان دەفرۆشرێن. تەنانەت بەرپرسمان هەیە لە سەرچاوەكانی راگەیاندنەوە ددانی بەوەداناوە كە لەهەر سەرچاوەیەكەوە هەواڵی كێشانەوەی ئەوەندە هەزار سەیارەی خراپ لەبازاردا لە فلان وڵات بڵاودەبێتەوە، لای ئێمە كڕیاری گیرفان پڕهەیە، بەهەمووعەیبەكانیەوە داخڵی هەرێمی دەكات. لەبەر ئەوەیە دەبینی و دەبیستی دوای هوكاری ناگونجاوی رێگا و بان خراپی و ناسەلامەتی سەیارەكان دووەم هوكاری رووداوە قورسەكانی رێگاوبانە .

ئەمە سەرەڕای ئەوەی كڕینی سەیارە لای هاووڵاتییانی ئێمە بۆتە مۆدە و نەبوونی سەیارە بەخەوش و كەمی كۆمەڵایەتی دەزانێ‌!
دوا هەواڵی راگەیاندنی زیانەكانی رێگاوبان بۆ ساڵی 2021 كە هێشتا لەمانگی 11 هەمی داین، زەنگێكی ترسناكە لە وڵاتانی خواپێداوان راگەیاندنی وا ترسناك بڵاوبكرایەتەوە حاڵەتی نائاسایی رادەگەیەندرا، هێشتا لە یەكەم رۆژەكانی تشرینی دووەمدا بووین راگەیەندرا سێ‌ هەزارو 509 رووداوی رێگە و بان روویانداوە و 530 ئینسانی ئەم هەرێمە لە ئەنجامیدا گیانیان لەدەستداوە كە لەسەرچاوەی زانیاریی راگەیاندندا ژمارەی وا زەق سەرئەنجامی شەڕ و بەیەكدادانی دوو لەشكرا دەبێ‌ نەك بەرئەنجامی هاتووچوونی سەیارە و وەسیلەی گواستنەوە و هاتووچوونی خەڵك لەكەش و هەوای ئاساییدا! كە ئەم هەوڵانەش بڵاودەبنەوە هەر لایەن و بۆچوونی تایبەتی رادەگەنێ‌ و ئەوەی راناگەیەنرێ‌ نەخشەی چارەسەرە.

خوێنەرانی بەقەدر باوەڕبفەرموون ئەم حیكایەتە حەقیقەتە :(برایەكی لەخۆم گەورەترم هەیە، وازی لە هەموو شتێ‌ هێنا هەر لەبەر ئەوەی فێری سەیارە لیخورین ببێ‌، هەتا فێربوو، دوو – سێ‌ كەسی شەل و گۆج كرد و چەند جارێ لە بەندیخانە توند كرا و زۆربەی جار بەخۆدان بە دیوارێكدا سەیارەكەی پەك دەخست، كەچی وازی نەدەهێنا، رۆژێ تكام لێكرد روو لە كاسبی و كاریەكی دی بكات و شۆفێری بەكەڵكی ئەو نایەت و زۆر بە ئاسایی وەڵامەكەی ئەوەبوو :

خەتای منە یان شار دیوارەكانی هەموو خوارو خێچن!

•دواقسە:
( ئاسمان ساڵی چوارجارئەگۆڕێ‌
بەختی كورد هەموو رۆژێ‌ دەتۆرێ‌
خوا كیو ئەبینێ‌ و بەفری تێدەكا
بەندەش بەفراوی ساردی لێ‌ دەكا)
پیرەمێرد

 174 جار بینراوە