سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ره‌هه‌نده‌ ئابووریی و…

له ‌بابه‌ته‌ ئه‌كادیمییه‌كانی بواری ماسمیدیا

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ره‌هه‌نده‌ ئابووریی و…

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ره‌هه‌نده‌ ئابووریی و بازرگانییەکان

عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

پێشه‌كی:

زۆرجار كه‌ ده‌سته‌واژه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان به‌رچاو و گوێ ده‌كه‌وێت، ده‌ستبه‌جێ سه‌رنجمان بۆ لای ئه‌و ئامرازانه‌ی راگه‌یاندنی نوێ New Media ده‌چێت كه‌ رۆژانه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه،‌ بۆ په‌یوه‌ندییكردن به‌ هاوڕێیان Friends و نامه‌ناردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسین، وێنه‌، ڤیدیۆ، گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینه‌وه ‌و كۆمێنت له‌سه‌ر پۆستی ئه‌وانیتر، به‌كاریان ده‌هێنین، واته‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بینین و كه‌مجار هه‌یه‌ كه‌ له‌ ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و تۆڕانه‌ وردببینه‌وه ‌و كاریگه‌رییه‌كانیان بزانین و هه‌ڵبسه‌نگێنین.

ئه‌م په‌یپه‌ره‌، هه‌وڵێكی ساده‌یه‌ بۆ فراوانكردنی ئاسۆی تێگه‌یشتن له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بیرخستنه‌وه‌یه‌كی پوخته‌ بۆ ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ ئه‌م تۆڕانه‌ له‌ ره‌هه‌نده‌ ئابووریی و بازرگانییه‌كانیاندا ده‌یگێڕن. هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ڕوو كه‌ چۆن تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌توانن بۆ كه‌رتی ئابووریی و بازرگانیی هه‌ر وڵاتێكیش ببنه‌ پێویستی و ئامرازی كاریگه‌رو سوودبه‌خش.

وه‌ك ریكلام و بازاڕگه‌ری
ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ بواره‌كانی به‌كارهێنان و سوودوه‌گرتن له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان/ راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تیSocial Media ، بریتی بێت له‌ پڕوپاگه‌نده ‌و ریكلام Advertisement، ئه‌وا ئاساییه‌ كه‌ ببینرێت ئه‌م بواره‌ خزمه‌تگوزارییه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، وه‌ك ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌گشتی، له‌لایه‌ن چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه ‌و بوارو كایه‌ جیاجیاكانی چالاكیی مرۆییه‌وه‌ سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت و بۆ مه‌به‌ست و پێویستیی جیاجیاش به‌كارده‌هێنرێت.

له‌وڵاتاندا، چینی بازرگانان و سه‌رمایه‌داران و وه‌به‌رهێنه‌ران، هاوكات كه‌رتی بازرگانی و ئابووری به‌گشتی، به‌تایبه‌تیش ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام په‌رۆشی گه‌شه‌كردن و كێبه‌ركێ و به‌ده‌ستهێنانی قازانجی زۆرترو ناوبانگی زیاترن، پێویستیی زۆریان به‌ میكانیزمه‌كانی ره‌واجپێدان و فرۆشتن و ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاو به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌یه‌ له‌ بازاڕه‌ ناوخۆیی و جیهانییه‌كاندا.

پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێویستییه‌، هه‌موو كاتێك، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ناچار به‌ سه‌وداكردن ده‌كات له‌گه‌ڵ ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن و ده‌رفه‌ت و خزمه‌تگوزارییه‌كانیدا، به‌تایبه‌تیش خزمه‌تگوزاریی ریكلام، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، كۆمپانیاكان، به‌ سروشتی حاڵ و به‌پێی پلانی جیاجیای بازاڕگه‌ریی Marketing خۆیان په‌نا بۆ كاریگه‌رترین و پڕ جه‌ماوه‌ریترین ئه‌و ئامرازانه‌ ده‌به‌ن كه‌ ده‌ستیان بگه‌یه‌ننه‌ زۆرترین كڕیارو به‌كاربه‌رConsumer .

پشتبه‌ستن به‌م ره‌هه‌نده‌
له‌م سه‌رده‌مه‌شدا، كه‌ سه‌رده‌می باڵاده‌ستیی راگه‌یاندنی نوێ -یه‌، هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ئابووریی و پرۆژه‌یه‌كی بازرگانی نییه‌ و نادۆزیته‌وه‌ كه‌ پشت به‌ راگه‌یاندنی نوێ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نه‌به‌ستێت.

ئه‌م به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ هه‌ر زوو ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان و بواره‌كانی به‌كارهێنان و سوودلێوه‌رگرتنیان، جگه‌ له‌ ره‌هه‌نده‌كانی خزمه‌تگوزاریی له‌بواری ته‌كنۆ‌لۆجی، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فێركاریی و پزیشكی و هتد..، ره‌هه‌ندی ئابووریی و بازرگانیشیان هه‌یه‌، ئه‌م ره‌هه‌نده‌یان كاریگه‌ریی به‌رچاو له‌سه‌ر ره‌وتی گه‌شه‌كردنی ئابووریی و بازرگانیی وڵاتان داده‌نێت، چونكه‌ به‌سروشتی حاڵ ده‌بێته‌ فاكته‌رێكی یارمه‌تیده‌ر بۆ جوڵه‌ی بازاڕ، بۆ گه‌رمكردنی پانتایی دووانه‌ی خستنه‌ڕوو و خواست، بۆ بره‌وپێدانی هێزی به‌رهه‌مهێنان و هاوكات گیانی به‌كاربردن له‌لای جه‌ماوه‌ر.

پێش ئه‌نته‌رنێت و ئێستا
ره‌نگه‌ زۆر كه‌س دركی به‌و دیارده‌یه‌ كردبێت كه‌، پێش ده‌ركه‌وتنی ئه‌نته‌رنێت، كۆمپانیا بازرگانییه‌كان، بۆ ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كانی په‌یوه‌ندییكردنیان له‌ نموونه‌ی هه‌ڵمه‌تی ریكلامكردنه‌ گران به‌هاكان، به‌زۆری پشتیان به‌ ئامرازه‌ كلاسیكییه‌كانی راگه‌یاندن Traditional Media ده‌به‌ست وه‌ك رۆژنامه‌، رادیۆ، ته‌له‌فزیۆن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌هۆی ئاوێته‌بوونیان له‌چوارچێوه‌ی ستراتیژییه‌تێكی بازاڕگه‌ریدا سوود له‌ راگه‌یاندنی نوێ و هه‌موو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌بینن و وایان لێهاتووه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كیی ستراتیژه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنیان پێكده‌هێنن بۆ به‌ئامانجكردنی جه‌ماوه‌ری كۆمپانیاكان.

بۆ نموونه‌، توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ كۆمپانیای “میدیا ستو” ئه‌نجامی داوه‌(2018)، ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه‌ كه‌(69%)ی كۆمپانیا بازرگانییه‌كانی ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی كۆمه‌ڵێك ستراتیژی بازاڕگه‌رییان هه‌یه‌ كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش له‌ چواچێوه‌ی ئه‌و ستراتیژه‌دان. به‌پێی هه‌مان توێژینه‌وه‌، سه‌رۆكی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئه‌وه‌یان دووپاتكردۆته‌وه‌ كه‌ دروستكردنی لاپه‌ڕه‌كان Pages له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا گرنگترین ئامرازی په‌یوه‌ندین له‌نێوان كۆمپانیاكانیان و كڕیارانیاندا Customers.

هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانیان توانیویشیانه‌ كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌گه‌ڕ بخه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كڕیاری نوێ. له‌م رووه‌وه‌، توێژینه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ كه‌(50%)ی كۆمپانیاكانی ناوچه‌ی كه‌نداو له‌چالاكییه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنیان له‌رێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ گه‌یشتوون به‌وه‌ی كڕیاری نوێ دروست بكه‌ن.

تێچووی كه‌م و توانای بازاڕگه‌ریی
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئامرازه‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ره‌سته‌گه‌لێكن كه زوو به‌ده‌سته‌وه‌ دێن و‌ تێچوونیان كه‌مه‌، به‌ هێزی ئاخاوتن و ستایشیش ته‌كنۆلۆجیای هاوچه‌رخ و ئاوێته‌بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌یه‌ك كۆده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌و ئامرازانه‌ی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له ‌نموونه‌ی دیارو سه‌ره‌كیی وه‌ك تۆڕی فه‌یسبوك Facebook و، تۆماری بچووك وه‌ك تویته‌ر Twitterو، بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆ وه‌ك یوتوب YouTube، دێن و ئه‌نته‌رنێت یان مۆبایل، وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی خۆیان، به‌كارده‌هێنن و به‌ زوویی و به‌خێرایی تیشك بڵاوده‌بنه‌وه‌.

جگه‌ له‌وه‌، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌و توانایه‌ به‌ بازاڕگه‌ران Marketers ده‌به‌خشن كه‌ ده‌نگی خۆیان بگه‌یه‌نن و ئه‌و رێوشوێنانه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ یارمه‌تییان ده‌ده‌ن بۆ په‌یوه‌ندیی دروستكردن له‌گه‌ڵ كڕیاره‌كانیان و به‌كاربه‌ره‌ Consumer چاوه‌ڕوانكراوه‌كان، هه‌روه‌ها مۆركێكی كه‌سی به‌ هێما بازرگانییه‌كان Brands ده‌ده‌ن و یارمه‌تیی كه‌س و لایه‌نی بازاڕگه‌ر Marketer ده‌ده‌ن كه‌ په‌یامه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی نه‌رم و كارلێككار بڵاوبكاته‌وه‌.

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌تایبه‌تیش فه‌یسبوك و تویته‌ر و یوتوب و ئه‌نستگرام و ئه‌و تۆڕانه‌ی تر كه‌ خاوه‌نی ناوبانگی فراوانن و له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌كارهێنه‌ریان هه‌یه‌، به‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ش به‌ناوبانگن كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ كڕیاران كارلێككارانه‌ Interactive زیاتر له‌گه‌ڵ هێما بازرگانییه‌كاندا ئاوێته‌ د‌ه‌بن، به‌تایبه‌تی كه‌ تۆڕێكی په‌یوه‌ندییكردنی كۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌ك فه‌یسبوك له‌ ساڵی 2020دا بۆته‌ خاوه‌نی (2.603.000) دوو ملیارو شه‌ش سه‌دو سێ ملیۆن به‌كارهێنه‌ری چالاك!.

كرانه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی فراوان
ئه‌و ژماره‌ خه‌یاڵییه‌ له‌ به‌كارهێنه‌ر، به‌ ئاشكرا دیاره‌ كه‌ ده‌رگایه‌كی فراوان بۆ ده‌ست راگه‌یشتنی كۆمپانیاو پرۆژه‌ ئابووریی و بازرگانییه‌ گه‌وره‌و سنودارو بچووكه‌كان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كاڵاكانیان به‌ كڕیاران بناسێنن و ره‌واجیان پێبده‌ن، به‌تایبه‌تی كه‌ تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كی تری راگه‌یاندنی نوێ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی، به‌هۆی ئه‌نته‌رنێته‌وه‌، بریتییه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندێتیی گه‌ردونی Universal، واته‌ ژینگه‌ی په‌یوه‌ندییكردن، چیتر ژینگه‌یه‌كی سنوردارو بچووك نییه‌، ته‌نها له‌ناو سنوره‌ لۆكاڵییه‌كان و به‌ئامرازی كۆن و كلاسیك به‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌ڵكو ژینگه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌ته‌واوی به‌ربه‌سته‌كانی كات و شوێن و چاودێری، تێده‌په‌ڕێنێت، به‌وه‌ش، بۆ نموونه‌، هه‌موو هاووڵاتییه‌ك، له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌توانێت له‌ڕێی ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كانه‌وه‌ بێت، یان به‌هۆی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، له‌ رێی مۆبایله‌كه‌ی ده‌ستییه‌وه‌ بێت كه‌ هێڵی ئه‌نته‌رنێتی لێبه‌ستووه‌، یان ئایپاد، یان لاپتۆپ، یان دیسكتۆپه‌كه‌ی، زۆر به‌ ئاسانی بتوانێت دڵخوازی هه‌ر كاڵایه‌كی ناوخۆیی یان بیانی بێت كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیا ناوخۆیی و جیهانییه‌كانه‌وه‌ ده‌خرێنه‌ڕوو و له‌ كه‌مترین كاتیشدا ئه‌و كاڵایه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

به‌ كورتی، ئه‌مڕۆ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چ له‌ رێگه‌ی خزمه‌تگوزاریی ریكلامه‌وه‌ بێت، به‌ به‌رامبه‌رێكی كه‌م، چ له‌ رێی ئه‌كاونته‌ كه‌سی و تایبه‌تییه‌كان، یان لاپه‌ڕه‌ی Page دامه‌زراوه‌و رێكخراو و كۆمپانیاكانه‌وه‌ بێت، به‌ زه‌قی بۆته‌ ئامرازێكی باو و به‌رده‌ست، كاریگه‌رو كه‌م تێچوو، كارلێككارو خێرای بواری بازاڕگه‌ری بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی ئابووریی و بازرگانی. ئه‌م ره‌هه‌نده‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كی تری تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌‌، ساڵ به‌ ساڵ، زه‌قترو گه‌شه‌كردووتر ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كان و بواره‌كانی به‌كارهێنانی سۆشیال میدیادا ره‌نگده‌داته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:

1) المقدادی، خالد غسان،(2013م)،(صوره‌ الشبكات الإجتماعیة‌)، دار النفائس، الا‌ردن- عمان، ص25.

2) هتیمی، حسین محمود،(2015م)،(العلاقات العامة‌ وشبكات التواصل الإجتماعي)، دار الا‌سامة‌ للنشر والتوزیع، الا‌ردن–عمان، ص105.

3) احمد، أبراهیم، (التسویق عبر مواقع التواصل الإجتماعي)، موقع: Seomaster، تاریخ البحث عن الموضوع:28-11-2021، الرابط:
https://seomasterpress.com/social-media-marketing/

4) فریق رواد، (الدعایة‌ او اللإعلان عبر مواقع التواصل الاجتماعي- دور شبكات التواصل الاجتماعي في التسویق المعاصر)، موقع: رواد، تاریخ البحث عن الموضوع 26-11-2021، الرابط:

https://www.roowaad.

 219 جار بینراوە