سەرەکی » دۆسێ » سعودییەكان: وتووێژمان لەگەڵ حوسییەكان نەكردووە

جەنگی یەمەن

سعودییەكان: وتووێژمان لەگەڵ حوسییەكان نەكردووە

بەرپرسانی هاوپەیمانی عەرەبی كە لەلایەن ریازەوە سەركردایەتی دەكرێت، ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەنەوە كە باسیان لە سازدانی وتووێژی نهێنی لەنێوان سعودیە و حوسییەكان كردبوو لە عومان.
جەنگی ئێستای یەمەن كە بۆ سێ‌ ساڵ دەچێت لەو وڵاتەدا بەردەوامە، بۆتە مایەی دروستكردنی خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا.
سەرچاوە دیپلۆماسی و سیاسییەكان لە یەمەن رایانگەیاندبوو، سعودیە و گروپی چەكداریی حوسییەكان لە یەمەن، وتوێژی نهێنیان ئەنجامداوە لەپێناو كۆتایی هێنان بەو جەنگەی بۆ سێ‌ ساڵە لەو وڵاتەدا بەردەوامە. بەرپرسانی هاوپەیمانی عەرەبیش كە لەلایەن سعودیەوە سەركردایەتی دەكرێت، رەتیانكردبۆوە وتووێژی لەو جۆرەیان لەگەڵ حوسییەكان ئەنجامدابێت.
هاوپەیمانییەكە كە لەلایەن سعودیەوە سەركردایەتی دەكرێت، بۆ رووبەڕبوونەوەی هەژمونی ئێران (دوژمنی ریاز و هاوپەیمانی حوسییەكان) بەشداریی لە جەنگی یەمەندا كردووە، بەڵام حوسییەكان بەردەوام رەتیدەكەنەوە هیچ جۆرە یارمەتییەكیان لەلایەن تارانەوە پێگەیشتبێت و باس لەوە دەكەن كە ئەوان لە شۆڕشێكدان دژ بە سیاسییە گەندەڵەكان و هێزەكانی كەنداوی سەر بە خۆرئاوا.
ئاژانسی (فرانس 24) لە زاری دوو بەرپرسی یەمەنییەوە كە نەیانویستبوو ناوییان ئاشكرا بكرێت بڵاویكردبۆوە»محەمەد عەبدولسەلام وتەبێژی حوسییەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیەدا كردووە لە سوڵتاننشینی عومان، سەبارەت بە چارەسەرێكی هەمەلایەنە بۆ قەیرانی یەمەن كە خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا دروستكردووە».
دیپلۆماتكارێكیش بە ئاژانسی رۆیتەزری رایگەیاندبوو»وتووێژ لەنێوان حوسییەكان و سعودییەكان هەیە بەبێ‌ ئامادەبوونی نوێنەری حكومەتی شەرعی یەمەن (لەسەر ئاستی نێودەودڵەتی) رونیشبۆتەوە كە حوسییەكان دەیانەوێت لەگەڵ هاوپەیمانی عەرەبیدا بگەنە رێكەوتنێكی هەمەلایەنە».
بەڵام بەرپرسان لە هاوپەیمانی عەرەبی رەتیدەكەنەوە، سعودیە دانوستانی لەگەڵ حوسییەكان كردبێت و سەرلەنوێ‌ تەئكید لەسەر پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانە دەكەنەوە كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە خراوەتەگەڕ بۆ مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی یەمەن. تا كاتی ئامادەكردنی ئەم نوسینەش، هیچ بەرپرسێكی حوسییەكان كۆمێنتی لەسەر لێدوانی بەرپرسەكانی هاوپەیمانی عەرەبی نەبووە كە بوونی دانوستانیان رەتكردبۆوە.
حوسییەكان دەستییان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت، ئەو پێشڕەویانەش حكومەتەكەی عەبد رەبە مەنسور هادی سەرۆكی یەمەنی (لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە) ناچار كرد بەرەو سعودیە هەڵبێت.
لە ترسی ئەوەی نەبادا پێشڕەوی حوسییەكان ببێتە بەشێك لە فراوانبوونی هەژموونی ئیقلیمی تاران، لە ساڵی 2015دا ریاز و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی سوننی كە لەلایەن ولایەتە یەكگرتووەكان و بریتانیاوە پڕچەك دەكرێن، دەستوەردانی سەربازییان لە یەمەندا كرد، بە مەبەستی گێڕانەوەی هادی بۆسەر حوكم.
بە گوتەی سەرچاوەكان، ئەو رێكەوتنەی چاوەڕوان دەكرێت لەنێوان سعودییەكان و حوسییەكاندا بكرێت، ئامانج لێی ئاگربەستە لە بەرەكانی شەڕ لە هەموو ناوچەكانی ئەو وڵاتە، تا لە كۆتاییدا ببێتە مایەی ئیمزاكردنی رێكەوتنێكی ئاشتی و لێوەی پێكهاتنی سیاسی لەنێوان لایەنە ناكۆكەكانی یەمەن بێتەئارا.
سەدان هێرشی ئاسمانی كە لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبی بە سەكردایەتی سعودیە، كراونەتە سەر یەمەن، بونەتە مایەی كوژرانی سەدان مەدەنی یەمەنی، ئەو هێرشە موشەكیانەش كە لەلایەن حوسییەكانەوە دەكرانە سەر سعودیە، كوژران و برینداربوونی سەدانیان لێكەوتۆتەوە.
لەڕووی مەیدانییەوە هێزەكانی هاوپەیمانی عەرەبی پێشكەوتنی گەورەیان بەدەستنەهێناوە، تا ئەندازەیەكی زۆریش پێدەچێت نەتوانن سەنعای پایتەخت لە چنگی حوسییەكان دەربهێنن.
لەگەڵ ئەوەی ئەگەرەكانی سەركەوتن لە ئاسۆوە دەرناكەون، جەنگ لەو وڵاتەدا بۆتە مایەی دروستكردنی برسێتی، ئەوەش وایكردووە بەرپرسانی سعودیە و لەپێش هەموویانەوە محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانە كە لە هەمان كاتدا لە پۆستی وەزیری بەرگریدایە، خواستی خۆیان بۆ دانانی سنورێك بۆ ئەو ململانێیە بخەنەڕوو.
هەر بەهۆی ئەو ململانێیە، قەیرانێكی مرۆیی گەورە دروستبووە لەو وڵاتە و زیاتر لە 20 ملیۆن كەس پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.
ژمارەی توشبوانیش بە نەخۆشی كۆلێرا، لەم چەند مانگەی رابردوودا گەیشتبووە نزیكەی ملیۆنێك كەس.
سێ‌ ساڵە هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە لە دژی حوسییەكان لە یەمەن لە شەڕدایە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەستبهێنێت، پێشتریش پسپۆڕێكی روسی راگەیاندبوو كە سعودیە لەو شەڕەدا دووچاری شكست دەبێت و رووبەری شەڕ و ململانێكان فراوانتر دەبن، بەڵام بەو هۆیەی دەستوەردانەكەی هاوپەیمانی عەرەبی لە یەمەن نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێكێت، پێدەچێت دوا چارەسەر بۆ ئەو قەیرانە ملدان بێت بە دیالۆگ و وتوێژ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ ناكۆكییەكان كە بە تەواوەتی یەمەنییان شەكەت كردووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بزاڤی شارستانی لە کوردستانی عیراق..

بزاڤی شارستانی لە کوردستانی عیراق لە ماوەی ماندێتی بەریتانیادا: سلێمانی، ...